لەمانگی 10ی ساڵی 2016 وەکو بەرپرسی سەنتەری ئاشتی ڕێکخراوی خەڵک بۆگەشەپێدان PDO لەناحییەی شۆرشی سەر بەقەزای #چەمچەماڵ# دەستبەکاربووم ئەوەش دوای ئەوەی ڕێکخراوی ناوبراو بەئامانجی پشتیوانی کۆمەڵایەتی وپەرەپێدانی زیاتر بەتواناکانی ژنانی ئاوارە وپاراستنیان لەتوندوتیژییەکان بەهاوکاری ڕێکخراوی UNFPA سەنتەرێکی کۆمەڵایەتی تایبەتی بەژنانی ئاوارە لەناوچەکەدا دامەزراند.
بێگومان ئەزموونی کارکردن لەبوواری کاری ڕێکخراوەییدا بۆمن ئەوکات ئەزموونێکی زۆر تازە بوو بەوپێیەی بەندە وەکو ڕۆژنامەنووسێک لەبوواری کۆمەڵایەتی وژناندا کارم دەکرد وتێکەڵ بوونم بەو بوارە نوێیەش ئەزموونێکی ئاسان نەبوو، بەڵکو ئەوپەری بەرپرسیاریێەتی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گومانی تێدانییە کەهەموو ئەزموونێکی نوێی لەژیاندا بەکۆمەلێک ئەزموونی کە ئاشنامان دەکات.. ئیدی لەو ڕووانگەیەشەوە بریارمدا سەرەرای هەندێک ئاستەنگی شانی بدەمەبەر و زیاتر بە ئازارو شێوازە ژیانی ڕۆژانەی ژنانی ئاوارە ئاشنابم وبەکۆمەڵگاشی ئاشنابکەم بەوپێیەی کارکردنم لەناوچەرگەی خەمەکانی ژنانی ئاوارەدا چاوی کردمەوە بەسەر دەریایەک لایەنی شاراوەی تری ژیان وگوزەرانی ڕۆژانەی ئەو ژنانە کەئەوەش بۆمن لەیەک کاتدا هەم جێگای خۆشحاڵی وهەمیش نیگەرانی بوو.
لەناحییەی شۆرشی قەزای چەمچەماڵ 650 خێزانی ئاوارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تیرۆرستانی #داعش# نیشتەجێن کەزۆرینەیان لەپارێزگاکانی ئەنبارو سەلاحەدین و#کەرکووک# وهەروەها قەزاکانی دەورووبەریان لەفەلوجە وحەویجە و ڕەمادی و.....هتد هاتوون و ڕوویان لەناوچەکانی کوردستان کردووە وەکو پەناگەیەکی ئارام بۆ ژیانێکی تارادەیەک شایستەتر لەپەنای ژیانی ئاوارەیی ودەربەدەرییدا، بەهەرحاڵ... ئەوەی لێرەدا مەبەستمە تیشکی بخەمەسەر ژیانی ئەو ژنە ئاوارانەی ناوچەکەیە کەتاچەند جیاوازی کەلتوورەکان وشێوازە ژیانی ئێستای دوور لەزیدو خەڵک وکەلتووری خۆیان ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبووە بۆسەر ژیانی ڕۆژانەی خۆیان وخێزانەکانیان، یاخوود بەپێچەوانەشەوە بەوپێیەی زۆرێک لەو ژنانە تاوەکو ئێستاش بەهۆی پەیوەست بوون بەداب ونەریت وکەلتووری کۆمەڵایەتی وناوچەیی خۆیانەوە نەیانتوانێوە پێناسەیەکی شیاو بۆ ژنبوونی خۆیان وهەروەها بۆ ڕۆڵ وپێگەیان لەنێو خێزان وکۆمەڵگادا بدۆزنەوە.
ئێمە عەشایەرین وخەڵکێکی ڕۆشنبیرنین، تکایە ئەگەر جل وبەرگ وخواردن هەبوو ئاگادارمان بکەن وئەگەر نا بۆهیچ خولێکی هۆشیاری بانگێشتمان مەکەن، پیاوەکانمان ڕێگامان پێنادەن.. بەمشێوەیە (ت.ح) یەکێک لەکچە ئاوارەکانی پارێزگای ئەنبار، کەلەئێستادا لەگەڵ خێزانەکەیدا دانیشتووی ناحییەی شۆرشن کۆمەلێک ڕاستی تاڵ وکاریگەری بەبیرهێنامەوە ئەوەش دوای ئەوەی لەیەکێک لەسیمینارەکانی سەنتەرەکە وەکو بەشداربوویەک ئامادەبوو، قسەکانی ئەو کچە ئاوارەیە بەلای منەوە شێوازە کاردانەوەیەکی تارادەیەک چاوەروان نەکراو بوو، هاوکات بەمانای گەراندەوەش بوو بەرەو خاڵی سەرەتا لەوەی کەژن لەم وڵاتە هێشتا ڕێگایەکی دوور ودرێژی لەپێشدایە بۆ ئەوەی بەرلەپێناسەکردنی لەروانگەی ژنبوونەوە لەرووە مرۆڤایەتییەکەوە لێی بروانرێت وخواست وئاواتەکانی لەبەرچاوبگیرێت، هەر خودی ئەو قسانەش بوو جارێکی تر بەو واقیعە حاشاهەڵنەگرەیان شادکردمەوە کەئێمەی ژن لەهەرکوێیەک بین وسەر بەهەر ئینتیماو کۆمەڵگا ونەتەوەو مەزهەبێک بین لەکۆتاییەکەیدا هەر یەک خاڵی هاوبەش کۆمان دەکاتەوە ئەویش ژنبوونمانە لەنێو دونیای بیری تەسکی پیاوسالاری فیکری وکۆمەڵایەتیدا کەهەردەم لەو ڕووانگەیەوە قوربانی بووین وباجی سەختمان داوە لەپای سەیرکردنمان وەکو زەعیفەیەک..جا تیشک خستنەسەر ئەم بابەتە لەدیوی نەهامەتییەکانەوە بەشێوەیەکی زیاتر بەمانای دیدێکی ڕەشبینانە نایەت بۆ کۆی بابەتەکە بەگشتی، نەخێر.. بەڵکو زۆر جار ئەوە واقیعە خۆی لەشێوازێکی زۆر سەخت ودژواردا دەنوێنێت و وادەکات تیشک خستنەسەر ئەو بابەتە بەخشێنەری ئەو وێنایە نەبێت کەئێمەی ژن دەیخوازین وهەوڵی بۆ دەدەین.
یەکێکی تر لەو ئەزموونانەی لەماوەی ئەم چەند مانگە کورتەی کاری ڕێکخراوەییم دا بەدیم کرد وتەنانەت بەشی خۆشی کاریگەری هەبوو لەسەر شێوازی ڕۆژانەی ئیشکردنی ئێمە لەسەنتەرەکە ئەوەبوو کەبەشی هەرە زۆری ژنانی ئاوارە تاوەکو ئێستاس نەیانتوانیوە بەسەرەتاترین مافەکانی خۆیان ئاشنا بن یاخوود هیچ دەرەفەتێکی کۆمەڵایەتی وکەلتووری وهەروەها ڕۆشنبیریشیان بۆنەرەخساوە بۆئەوەی لانی کەم بەشێکی ئەگەرچی بچووکیش بێت لەماف وئازادییە کەسیێەتیێەکانی خۆیان مومارەسە بکەن بەتایبەت مافە کۆمەڵایەتییەکان هەڵبەتە هۆکاری ئەمەش بۆ زاڵبوونی لایەنی کەلتووری دەگەرێتەوە، ئەو کەلتوورەی ژن تێیدا کراوەتە پلەدوو و وەکو پاشگۆیەک بۆنێرینەکانی کۆمەڵگا هەژماری بۆکراوە، ئیدی لەم دیدە کەلتووری وکۆمەڵایەتیشەوە هەڵبەتە باسکردن لەمافەکانی ژن لەنێو ئەو خێزانانە وتەنانەت لەنێو ئەو ژنانە خۆشیاندا هێلێکی سووری ئێجگار سەختەو نزێک بوونەوەش لێی کارێکی ئاسان نییە، چونکە لەنێوان خواست وکەلتوورداپیاوسالاری وشەرەفبازی بریاردەری یەکەمە.
ماوەی 8 مانگە وەکو خێزانێکی ئاوارەی پارێزگای ئەنبار لەناحییەی شۆرش نیشتەجێی بووین، بەدرێژایی ئەوماوەیەش نەچوومەتە دەرەوەی ماڵەکەم، ئاخر شەرەف گرانەو قسەی خەڵکیش وەکو تیر دەتبرێت وژیانت لێدەکات بەدۆزەخ !.. ئەمەش یەکێکی ترە لەدەیان ئەونموونانەی ڕۆژانە لەچوارچێوەی کارەکەمدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەم، ئەوەی ئەو ژنە تەمەن (46 ساڵە) باسی لێوەکرد بەراستی جێگای نائۆمیدی بوو، بەڵام خۆ واقیعێکی تری بەرجەستەکراویشەو ئەگەر لەدێوەکانی تریشەوە خوێندنەوەی بۆبکرێت ڕەنگە دەیان ئازار ونەهامەتی وچێرۆکی زیندووی شاراوەی تری لەپشتەوە ببێت..بۆیە هەمیشە لەوبروایەدام کارکرن لەبوواری ژنان بەگشتی وژنانی ئاوارە بەشێوەیەکی تایبەت کارێکی ئاسان نییە بۆ سەرجەمی ئەو لایەنانەی کەکار لەم بووارەدا دەکەن لەرێکخراوەکان وچالاکوانان و...هتد، چونکە کارکردن لەم بووارەدا پێویستی بەهێزو ئیرادەو خۆراگری هەیە بەرامبەر بەو چیرۆکانەی ڕۆژانە لەسەر زاری ئەو ژنانەوە دەیانبیستن و هەستیان پێ دەکەین وەکو کۆمەڵەچیرۆکێکی واقیعییانەی تاڵ کەژن تێدا پشکی شێری بەرکەوتووە لەئازارو نەهامەتییەکان[1].