وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لای ئەوان کاراکردنەوەی پەرلەمان گرنگە بۆ ئەوەی بابەتی ڕیفراندۆم و بابەتەکانی دیکەش کە پێویستییان بە یاسایە هەنگاوی خێرا تێدا بکەن و دەشڵێت لای ئێمە د.یوسف هێڵی سوور نییە و مەبەستمان د.یوسف نەبووە، بەڵکو کێشەمان کاراکردنەوەی پەرلەمانە.
سالار مەحمود، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند، دەبێت یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان سوور بن، چونکە کاراکردنەوەکە تەنها پەیوەست نییە بە دوو لایەنەوە، پەیوەستیش نییە بە میزاجی پارتییەوە کە هەر کاتێک ویستی کارای بکاتەوە.
ناوبراو وتی کاراکردنەوەی پەرلەمان پەیوەستە بە چارەنووسی میللەتێکەوە کە لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە هەنگاو بۆ سەربەخۆیی دەنێت، بۆیە بە هەر نرخێک بووە دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم شەرعییەت وەربگرێت.
سالار مەحمود ئاماژەی بەوەدا، کاتێک پارتی دەڵێت سەرۆکی پەرلەمان بگەڕێتەوە ئەوە هەنگاویکی باشە، هەنگاوی دواتریش ئەوەیە ئەگەر گۆڕان سوورە لەسەر مانەوەی د.یوسف ئەوا دەکرێت ڕاستەوخۆ گۆڕان و پارتی گفتوگۆ بکەن.
ئه و پەرلەمانتارە وتی گۆڕان نابێت گفتوگۆ و دیدار لەگەڵ پارتی ڕەتبکاتەوە بۆ ئه و داواکارییەی کە هەیانە بۆ بەردەوامبوونی د.یوسف وەک سەرۆکی پەرلەمان تا کۆتایی خولەکە.
سالار مەحمود وتیشی یەکێتی هەوڵی جددی داوە و فشاری زۆریشی کردووە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەم سەرۆکایەتییەی ئێستاوە و ئێمەش لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمانین بەم دەستەیەوە، چونکە بەشێکە لە نەخشەڕێگەی یەکێتی و ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان.
سالار مەحمود وتیشی لای ئێمە گرنگ کاراکردنەوەی پەرلەمانە بۆ ئەوەی بابەتی ڕیفراندۆم و بابەتەکانی دیکەش کە پێویستییان بە یاسایە هەنگاوی خێرا تێدا بکەین، بیریشمان ناچێت لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبێت بابەتی سەرۆکایەتی هەرێمیش چارەسەری یاساییانەی بۆ بدۆزرێتەوە، هەروەها وتیشی لای ئێمە د.یوسف هێڵی سوور نییە و کێشەشمان د.یوسف نەبووە، بەڵکو کێشەمان کاراکردنەوەی پەرلەمانە.
ئایا پێتان باشە هەر بەم دەستەیەوە، پەرلەمان تا کۆتایی خولەکە بەردەوام بێت، ناوبراو وتی دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانیش، بەردەوامبوونی خولەکە بەم دەستەیەوە نابێت، چونکە یەکێتی بەرکەوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەیە، سکرتێری پەرلەمانیش بەرکەوتەی پارتییە، ئەوەی کۆمەڵ بۆ کاتی بووە، واتە لە سێ ئەندامی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بێ گرفتی سیاسیش دەبێت دووانیان بگۆڕدرێن.
ئه و پەرلەمانتارەی یەکێتی ڕوونیکردەوە ئێمەش داوای هەقی خۆمان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین، له و ڕووەشەوە مەسەلەی گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان پەیوەستە بە پارتی و گۆڕانەوە، لای ئێمە د.یوسف لە سەرۆکی پەرلەمان بمێنێتەوە ئاساییە، ئەگەر بەڕێککەوتنی هەموانیش نەمێنێتەوە گرفتی گەورە نییە، بەڵام ئێمە هەروەکو سەرۆکی پەرلەمان سەیری د.یوسفمان کردووە و دەیکەین.
بەڕای ئەو، پێشنیاری تازە چییە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، وتی هیوادارین پێشنیارەکەی دوێنێ گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە بکرێت و هەڵوێستی جێگری سکرتێر و سەرکردایەتی بە بایەخەوە تەماشا بکریت، چونکە ئەم ماوەیە فشاریان کردووە، ئێمەش داوای زیاتری فشارمان لە مەکتەبی سیاسی کردووە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان.
لە کۆبوونەوەی دوێنێی پارتی و یەکێتی پێشنیارکرا پەرلەمانی کوردستان بەم دەستەی سەرۆکایەتییەی ئێستایەوە کارا بکرێتەوە، بەڵام دواتر سەرۆکی پەرلەمان بە کاندیدێکی دیکەی گۆڕان بگۆڕدرێت، ئەمڕۆ گۆڕان و کۆمەڵ پێشنیارەکەیان ڕەتکردەوە[1].