بە دەگمەن لەگەڵ گروپ سەفەر بۆ دەرەوەی کوردستان ئەکەم، ئەمجارەیان لەگەڵ هاوڕێیەکم کە کورد نییە بەڵام لە کوردستان ئەژی سەفەرێکم بۆ مالیزیا و سەنگاپور کرد، بەڵام لەگەڵ گروپێکی 40 کەسی کە پێکهاتبوون لە کورد و عەرەبی عێراقی.
وەک لای هەمووان ڕوونە، دەنگی عەرەبەکان هێندە زل و بەهاوارهاوارن بەرزترین دەنگی ئێرفۆنەکەت ئەبڕن و مێشکت ئەبەن، وەلێ زۆربەی کات پێدەکەنن، وێنەو سێڵفی ئەگرن و پێیانەوە دیارە کە هاتوون چێژببین. کێشە نییە چییان لەبەرە، چەند سەرف ئەکەن یان چەند ڕەوە منداڵییان پێیە.
لەناو کوردەکانا جگە لە #هەولێر#یی، #سلێمانی#ی و #دهۆک#یشمان لەگەڵ بوون...
چەند حاڵەتێک ڕوویدا کە جگە لەوەی وەک کوردێک هەستم بە شەرمەزارییەکی ڕەها کرد و لە چاوی غەیرە کوردەکانیشا ئەمبینی کە چ گاڵتەیەک بە (کورد) ئەکرێ تەنها لەبەر بیرنەکردنەوە و کاردانەوەی دەمودەستیی چەند کوردێک کە ئەکرا تۆزێ ڕێز و حورمەت لە خۆیان بگرن پێش کەسی تر.
حاڵەتەکان وەک خۆیان بێ هیچ گۆڕانکاری:
1- دوو (کەپڵ) کە لەوە دەچوو تازە بووک و زاوا بن وە لەڕێگای دیالێکتەکەیان و پرسیارکردن لێیان بۆم دەرکەوت خەڵکی سلێمانین، لە یەکێ لە دەرچوونەکانمان، ڕێبەری گەشت گوتی هەمووتان بۆ 8:30 لێرەبن، هەموو لەوێبووین جگە لەو دوو جووتە، لەجیاتی 8:30 , 8:45 وەڕێ کەوتین، دوای چارەگێک واتا نیو سەعات دواکەوتن هەرچواریان پەیدابوون و ئەوەی بێڕێزیی بوو لەڕێی قسەی نەشیاو و سووکایەتیی کردن تا ئاستی هەڕەشەکردن بە ڕێبەری گەشتەکە کردیان کە گوایە نەدەبوو بەجێمان هێشتبان.
2- هەمان دوو جووتە سلێمانی کە بە درێژایی سەفەرەکەیان ئەوەندەی ئەمانبینین نێوچەوانیان پێکدادابوو و نە لەگەڵ یەک تەبا نە هاوڕێ جا نازانم چۆن کەپڵ و ژن و مێردێک بوون! وەلحال، پاسەکە هات و بمانباتەوە بۆ کوالالامپور، شۆفێر دەرگای شوێنی جانتاکانی کردەوە، گووتی فەرموون جانتاکانتان بخەنە ئێرەوە، کاکی سلێمانیی گووتی (وەت؟؟، وی ئار نەت دوینگ دات، ئتز یۆڕ جۆب، یانی چی وی پووت دە باگس) جانتای خۆی جێهێشت و ڕۆی، کاکی شۆفێر هاواری لێ هەستا، (هێی یووو، کەم کەم، ئتز یۆڕ باگ ها، تەیک ئت دێر، یو دوو ئت نەت می ها)، ژنی کوردەکە دیاربوو شەرمی بەو حاڵە بوو بانگی مێردەکەی کرد و ئەویش جانتاکەی هەڵگرت و تێیفڕێدایە ناو پاسەکە بە شێوازێکی زۆر پڕسووکایەتی و خێسەکردن و دەمەدەمییەکی زۆر لەگەڵ شۆفێری چرچەڵی داماو. شۆفێر گووتی (وێر ئار یو فرەم, کورد ها، کورد..), غەیرە کوردەکانیش لەبەردەم خۆیانەوە ئەیانگوت (هذوله اکراد، اي اي أکراد!!) منیش لەو دەقەیا ئەمویست نەعامە بم و سەرم بکەم بە ژێر عەرزا و کەس نەمبینێ و نەزانێ منیش (وەک ئەوان) کوردم..
3- سوار پاس بووینەوە و بەرەو فڕۆکەخانە، ڕێبەری ڕێگاکە گووتی، دەی هاوڕێیان پاسپۆرت و بلیتی تەیارەتان ئامادەکەن تا دوانەکەون لە فڕۆکەخانە، چوار دانە خێزانی هەولێری لەگەڵ عەرەبێک هاواریان لێ هەستا (ڕاوە ڕاوە خۆ پاسپۆرتن وێ نیە، لەناو جانتای گەورەیە لە خوارێ ناو پشتی پاس) ئەی هاوار و ئەی ئامان، ئەی بلیت؟ (بلیتی چی, وەڵا بلیتمان دڕاندن وەمانزانی ئیشمان پێنەماینە) ئاخ قوڕەسوور لەکوێی بتکەم بە تەپڵی سەرما!!!
4- دوو خێزانیی دهۆکیمان لەگەڵ بوون، گەنج بوون بەڵام هەریەکەیان چوار منداڵی بچووکیان هەبوو، ئەیانەویست لەناو پاس و لەناو تەیارەشدا گەڕەکێک بۆ خۆیان پێکبهێنن، کێشە نییە و ئاساییە. ئەوەی کە جێی شەرمەزاریبوو، خانمی بلیتبڕ، بلیتی ئەوانی لە یەک گەڕەک دانەنابوو، سوار تەیارەبوون، ژنە لەگەڵ منداڵێکی دانیشتن و کورسییەک لای پەنجەرەکە بەتاڵ بوو، مێردەکەیشی لەگەڵ سێ مناڵەکەی تر دوو ڕیز دوواتر دانیشتن، کاتێکمان زانی پیاوێکی بە هەیبەت و سەنگین بەڵام کورد نەبوو هات و لە کورسییە بەتاڵەکەی تەنیشت منداڵ و ژنی کابرای دهۆکی دانیشت، مێرد لە دواوە ئاگری گرت نەیزانی چۆن خۆی گەیاندە کابرا و پێی گووت تۆ ئەبێ بێیتە شوێنی من ئەڤە عائیلێت منن، کابراش گووتی ببورە ناتوانم و سیستەم ڕێگەنادا، بوو بە هەراو هۆسە، دوو کارمەندی ناو فڕۆکەکە هاتن و دایانمرکێننەوە، منداڵ لەوسەر ئەزیڕێنێ و هاواری دایە ئەکا کە بە باوەشی باوکیەوەبوو، ئەویش چۆن، شەڕەفی ڕوشاوە و کاردانەوەکەی هێند بەپەلە و حەیابەرانەبوو خۆی بۆ کۆنتڕۆڵ نەکرا منداڵەکەی هەڵدایە سەر کورسیەکە و بە هەموو هێزی خۆی بەسەریا نەڕاندی، منداڵ نەک دەنگ هەناسەشی لێبڕا. وەلحاڵ هەرچۆنێک بێت کارمەندان نەیانهێشت کەس شوێنی خۆی بگۆڕێ و گووتیان کە هەڵفڕین ئەوکات ئەتوانن. هێشتا تەیارە ڕووی لە ئاسمان بوو پێش کوژانەوەی گڵۆپی پشتێنی سەلامەتی، مێرد خۆی کردەوە و هات ژنەی بردە دواوەو کابرا تەنیشتی چۆڵ بوو و هەر سەری خۆی بادەدا و گاڵتەی بەم هەڵسوکەوتە ئەهات.
ئەمە چیمان پێ ئەڵێ؟
کاردانەوەی خێرا و بێ بیرکردنەوە و بێ پلاندانان و بێڕێزیکردن بە کارمەندان و چاوباشقاڵیکردن لەگەڵ ژن و کچانی تر و داپۆشین و پشتخۆخستنی هاوژینی خۆت..و چەندین سیفەتی تر کە تەنها خۆت پێی ناشیرین نابی، بەڵکو وەک سیفاتی هەموو کوردان ئەناسرێن لەناو بێگانان... مەیکە، تکایە.
بەڕای من:
(هەر کوردێک کە ئەچێتە وڵاتێکی تر، ئەبێ وەک نوێنەر یان سەفێری کوردستان هەڵسوکەوت بکا، وە نوێنەر و سەفیریش کاری نەشیاو و بێڕێزی پیشاننادەن چونکە لەسەر ووڵاتەکەیان ئەکەوێ نەک خودی خۆیان)
ئەوپەڕی ڕێزم بۆ هەموو لایەک و هەموو شارێک،
وێنەکە: کورسیە بەتاڵەکەی مێردە ئاگرگرتووەکەیە، دوای ئەوەی لە داخا بۆردین پاسەکەی دڕاند و پەلی ژنێی گرت و بردیە دواوە[1].