نەبەز محەمەد شکور
چەند ڕۆژێکە باس و خواسی دروست بوونی بزوتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی نوێ لە کوردستان دا سەری هەڵداوەو بووەتە جێێ مقۆ مقۆی خەڵکی و هەڵسەنگاندنی لای ڕۆشنفکران.ئەمەش پاش ئەوە دێت20ی ئەپرێڵی ئەمساڵ لە دەرەوەی وڵات بزوتنەوەی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری دا خۆی ڕاگەیاند.
راگەیاندنی ئەم بزوتنەوەیە لەم کاتەدا، دەلالەتی نەمانی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەو بەرهەڵسکار دەکات، لە کوردستان دا. ئەمما پرسیارەکە ئەوەیە بزوتنەوەی نیشتمانی چی پێدەکرێت؟
با بگەرێینەوە بۆ ڕابردوو، لەدەیەی شەستەکان، کۆمەڵگا کاپیتالیستیەکانی ئەوروپا و بەتایبەت کۆمەڵگای موحافیزکاری فەڕەنسی، لەدۆخی چەقبەستوویی و فاسیدبوون و بێ ئاسۆییدا دەیانگوزەراند، سیستەمی چینایەتی و بەهای نێرسالاری و کۆنترۆڵی پۆلیسیانەی دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگاوە، هەموو دەرگاکانی ئومێدی داخستبوو. جەنگی ڤێتنام وەک تارماییەک ئاسمانی شینی تەنیبوو. لەم دۆخە فاسیدەدا، لەپڕ شۆڕشی خوێندکاری ئایاری 1968 ڕوویدا و خوێندکاران و کرێکاران دەستیان بەسەر زانکۆ و کارخانە گەورەکانی پاریسدا گرت و کۆمیتەی بەڕێوبەرییان پێکهێنا. شۆڕشگێڕان وەک هێزێکی نوێ و وەک وەچەیەکی تازە، فۆکۆییانە خوازیاری دووبارە داڕشتنەوەی کۆی کایەکانی کۆمەڵگا و دووبارە ڕێکخستنەوەیەکی جیاوازی دەسڵات بوون. گەرچی بادێو هێشتا شۆڕشی ئایاری 1968 بەڕوەداو نازانێت، بەڵام خوێندکاران و کرێکاران توانییان ئومێدێکی نوێ و هیوایەکی تازە بخەنە ڕۆژەڤی هزری نەوەی نوێوە.
لەکۆتاییدا:
ڕووداو، هەمیشە چرکەساتێکە کەتێیدا کات چرکە و خولەکە وەڕس کەرە هەزاربارەکانی خۆی لەدەست دەدا، بگرە کات دەچێتە دۆخی قەڵەمباز و بازدانێکی زەمەنی خێراوە. ڕووداو تەنها بچڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری لەنێوان دوو سەردەمدا دروست ناکات، بەڵکو لەدۆخی سایکۆلۆژی و دەرونیشدا بچڕان دروست دەکات و لەناخی تاکەکاندا شۆک و دڵەڕاوکێ و هەستێکی نامۆ دەچێنێت، هەستێک کە پێشتر بوونی نەبووە. توانستەکانی ئیرادە و هزر بەسەر جیهانێکی نوێ و سەردەمێکی نوێدا دەکاتەوە. بەم تێگەیشتنە، دەکرێت داهێنانە زانستیەکانیش ڕووداو بن، وەک چۆن پرۆژەی چوونە بۆشایی ئاسمان لەدەی شەستەکاندا ڕوەداو بوو.
کەواتە:
ڕاپەڕین ڕوەداو نەبوو، بگرە هەر ڕووی نەدا، چونکە نەوەک هەر بچڕانی دروست نەکرد لەنێوان دوو سەردەمدا، بگرە کت و مت دوای ڕاپەڕین فاشیزمی کوردایەتی جێگەی فاشیزمی عروبەی گرتەوە، ئەنفال لەدۆخێکی تر و بەمانایەکی تر سەریهەڵدایەوە، گوندەکان و ئابوری کشتوکاڵ بەستایڵێکی نوێ کاول و وێران کران و ئیرادەی تاکی کورد لەبەرگێکی نوێدا تێک و پێک شکێنرا و خەون و ئومێد، بەشکستەکانی دوای ڕاپەڕین لەگۆڕ نران. جەنگی براکوژی، تۆخ بوونەوەی پەیوەندییە خێڵەکییەکان، لێبوردن لەجاش و خائینان، بەحیزبی کردنی سەراپای کۆمەڵگا، پرۆژەی ڕانتخۆری و بەلاشخۆری و بە بن دیوارکردنی مەملەکەت، ئابوری تاڵانکاری و دزی و چەتەیی ئیداری، شکستی ئابوری فەرهودچییانەی نەوت، شکستی خەونی بوونبە دەوڵەت، شکست لە بوونیادنانی کۆمەڵگایەکی چالاک و نوێ خواز، پەرەسەندنی دیاردەی ژن کوژی، پایەماڵکردنی کەرامەتی تاکی کورد و بوونیادنانی ئابورییەکی تاڵانچییانە تێکڕا بەسەر یەکەوە ئەو هەنگاوانە بوون کە لەپێش ڕاپەڕینەوە پەڕینەوە بۆ دوای ڕاپەڕین و لەپێش ڕاپەڕین بێ ڕەحمانەتر، تاکی کوردییان هاڕی و شکۆییان شکاند.
ئەم ئێستاکە:
شارەکانی باشوری کوردستان، مۆن و گرژ و توڕە دیارن، مۆڵ و نادی و هۆتێلی پێنج ئەستێرە سەنتەری ئەم شارانەی داگیرکردووە و دەوروبەری شاریش بە باخ و ڤێلا و کۆشکی چەتەکانی کوردایەتی تەنراوە. فەزای گشتی شار، پڕە لە کەناڵی ڕاگەیاندنی گرانبەها کە درۆی زلی چەتەکان پەخش دەکەنەوە، ژێرخانی شار لەگرەوی کۆمپانیا و بانقەکانی چەتەکاندایە، لەشوێنە گرنگەکانی شار، گوندی نمونەیی و خوێندنگای نمونەیی و زانکۆی ڕاقی لەزیاتر بووندان و ئەم فەزا نمونەییەش بە سیاجێکی گرانبەها لەباقی شار جیاکراوەتەوە. کەرتی تایبەت وا خەریکە سەری کەرتی گشتی دەخوات و بێ کاری و هەژاری گەڕەکە ئاساییەکانی تەنیوە. سیستەمی پەروەردە لەهەرەسدایە و پیاوانی ئاینیش هێشتا سەرقاڵی سەرکۆنەکردنی مێینە و ناوبەناو ژنی سێهەم و چوارەم دێنن. بەهاکان و ئەخلاقەکان پێ ناچێت هیچیان پێ بکرێت. چینە حاکمە خۆشگوزرانە چەتەکەی دوای ڕاپەڕین بێ گوێدانە هیچ بەهایەک، بێ ترس لەهیچ خودایەک، بێ سڵمینەوە لە کۆمەڵگا، دوو بەستە حەبی ڤیاگرای بۆ خواردووە و سەرقاڵی ئەتکردنی ئەرز و ئاسمانی نیشتیمانە. لەسایەی ئەم ناوگەڵە ئاڵۆشاویەدا، شکۆی پێشمەرگە و شەهیدان و مامۆستا و پیرۆزییەکانی نیشتیمان لەژێر پێ دایە. ئەو کچە نەشمیلانەیەی کە سمت و لێوی سلێکۆناوی کردووە و خویان ڕازاندۆتەوە، بووە بەها و لەلایەن چەتەکانەوە شوقە و سەیارە و پۆستی دەدرێتێ. هەنووکە ئێمە بەخێرایی بەرەو کۆمەڵگای ناهیلیزمی پێش جەنگ دەچین و پیرۆزییەکانمان لەقوڕا چەقیون.
پرسیار ئەوەیە:
چ هێزێک دێت و ڕووداوێک دەخوڵقێنێت و بەر بەم بەرەڵایی و فەسادییەی چەتەکانی دوای ڕاپەڕین دەگرێت؟![1].