لە شاری #سلێمانی# سمینارێک بۆ #ئاسیا عەبدوڵڵا# و ئەندامانی شاندی ژنانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕیوەچوو، تێیدا باس لە بارودۆخی ڕۆژئاوا و ڕۆڵی ژنان کرا و جەخت لە سەر یەکگرتوویی ژنان لە هەر چوارپارچەی کوردستان کرا.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، لە لایەن شاندی ژنانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، سیمینارێک سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان و بەستنی کۆنفڕانسی سێیەمی نەتەوەیی ژنانی کورد ئەنجام درا.
سیمینارەکە، بە بەشداری ژنانی لایەنە سیاسییەکانی وەک #یەکێتی نیشتمانی کوردستان#، ژنانی #بزووتنەوەی گۆڕان#، #تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان# و هەروەها ژنانی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان، لە گەڵ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.
سەرەتا ئاسیا عەبدوڵا، باسی لە ئەو زنجیرە سەردانانەیان کرد و وتی: ئەو سەردان و دیدارانەی کە ئەنجامماندا زۆر بە باشی تێپەڕی وئێمە دەتوانین بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی و تایبەت ژنان ڕۆڵێکی باش بگێڕین و پێویستە ئێمە خەباتی نەتەوەییمان پێش بخەین و چارەسەریی بۆ هەموو پرسەکان بێنێنە ئاراوە.
ئاسیا لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لە پاراستنی دەستکەوتەکان و یەکگرتنی ژنانی کورد کردەوەو وتی: دەبێت ئێمەی ژنان ئەو دەسکەوتە نەتەوەییەی کە هەمانە بپارێزین، چونکە ژنی کورد و تێکۆشانی نمونەیەکی سەرەکیێە بۆ تەواوی جیهان و بە هاتنە لای یەک ئەو مەترسیەی کە بۆکورد و ژنی کورد لە ئارادایە لە ناوبەرین، هاوکات داگیرکارییەکی زۆر لەسەر ژنان بەڕێوە دەچێت.
دەربارەی دەرفەت لەبەردەم ژنانی باشورو ڕۆژئاوا، ئاسیا عەبدوڵا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ژنانی باشورو ڕۆژئاوا دەرفەتی زیاتریان لەبەردەمە لەچاو هەردوو بەشی باکورو ڕۆژهەڵات، بۆیە دەتوانرێت سوود لەیەک وەرگیرێت و خەباتێکی هاوبەش دەستپێبکرێت.
هەروەها دەربارەی ڕۆژئاوا دەڵیت: لە ڕۆژئاوا چاندی دیموکراتیک، نەخشە ڕێگاکەمان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرکەوتنی باشی تۆمار کردووە و گرنگتر لەوانە پێکەوەژیانی گەلانی تێدا هەیە، ئێستاش بۆ مسۆگرکردنی مافی ژن ئامادەکارییەکی باش هەیە.
دواتر باس لە بارودۆخ و ڕەوشی #عەفرین# و داگیرکاری دەوڵەتی تورک و گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین کراو ئاماژە بۆ ئەوە کرا، خەڵکی کورد لە زێدی ڕەسەنی خۆیان دووردەخرێنەوەو کەسانی جیاواز تێیدا نێشتەجێ دەکرێت.
لە سمینارەکەدا تیشک خرایە سەر بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین، باس لەوە کرا، ئێستا 100هەزار کەس لە شەهبا لەناو خێمەکاندا دەژین و دەستیان لە تێکۆشان بەرنەداوە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەڕانەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
پاشان سمینارەکە بە سەرنج و پێشنیارەکانی ئامادەبووان کۆتایی هات[1].
#2019-09-30#