دووساڵ تێپەڕئەبێت بەسەر ماڵئاوایی ڕابەر و مامۆستا و هەڤاڵی زێدە خۆشەویستم #مام جەلال# دا لەگەڵ نەویکردنی سەری تەعزیم بۆ گیانی هەمیشە زیندوی ئەم ڕۆڵە هەڵکەوتوە دانا و ژیرەی گەلەکەمان و دەربڕینی پرسه و ماتەمینیی بۆ جەماوەری گەلەکەمان بە هەمو پێکهاتەکانیانەوە و بۆ ئەندام و دۆست و لایەنگرانی ی ن ک و خانەوادەی بەڕێزیان ,دەمەوێت دوپاتی بکەمەوە کە سەرۆک مامجەلال لە دەست هەمو دیموکراتخواز وپێشکەوتنخواز وئازادیخوازێک چو کە لە نزیکەوە ناسیبێتیان لە هەر جێیەک بن و سەر بە هەر نەتەوە وپێکهاتەیەک بن. لەم بۆنە پڕماتەمینیەدا کە هەموان بەدڵێکی پڕ لە حوزن تەنگییەوە بە دەفتەری بیرەوەرییەکاندا دەچنەوە ,هەریەکێک یادگاریی و وێستگەیەکی ئەم زاتەی دێتەوە یاد کە هەموی سەروەریی و گەورەیی تێکۆشانی دوپات ئەکەنەوە , بۆ خۆیشم وەک هەڤاڵێکی نزیک و هاوخەباتێکی دەیان ساڵەی , چەندین وێستگەی گرنگی خەبات و هەڵوێستی کەم وێنەی ئەم ڕابەرە مەزنەم دێتەوە یاد هەر لە سەرەتای ئاشنایەتیمان تا پێکەوە کارکردنمان لە دامەزراندنی ی ن ک لە ساڵی 1975ەوە تا کۆتایی.تێکۆشان و خەباتە سەرو شەست ساڵەییەکەی تا گەیاندنی پەیامەکەی و لەسەرنانی تاجی سەرکەوتنی گەلەکەی و مێژوە دورودرێژەکەی لە خەباتی نەپساوە و کۆڵنەدان, شایەتێکی گەورە و زیندون بۆ مامجەلال بۆیە هەر تەنیا ژیان نامە و بیرەوەرییەکانی بەسن بۆ ناسینی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕابەر و سەرکردە مەزنە کە مرۆڤایەتیش شانازیی پێوە ئەکات.لەم یادە دا نامەوێت سەرۆک مامجەلال بناسێنم چونکە گەنجینه و میراتێکی لە دوایی نەهاتوی ئەبەدیی وای بۆ گەلەکەی و تێکۆشەران و هەڤاڵەکانی بەجێهێشتوە کە لای هەموان ڕون و ئاشکرایە. سەرۆک مامجەلال ڕابەرێک بو کەچونە ناو جەماوەر و لێتەگەیشتن لە خواست و داواکانیان و پشت بەستن به و جەماوەرە بۆ سەرخستنی خەباتی زۆر بەلاوە گرنگ بو هەر لەسەرەتاوە بڕوایەکی بەهێزی بەم نەریتەی تێکۆشان هەبو ,سەرەنجامیش سەرکەوتنی بەدەسهێنا ,بۆیە پێویستە هەڤاڵ و هاورێبازەکانی ئه و لایەنە گرنگەی تێکۆشانمان هەمیشە لە یاد بێت وفەرامۆشی نەکەین.وەفاداریی یەکێکی ترە لە خەسڵەتەکانی سەرۆک مامجەلال کە هەرگیز چاکەدانەوە و پێزانینی چاکە و هاوکاریی لەیاد نەکردوە چ لە ئاستی کەس یان هێز وگروپی سیاسیی یاخود دەوڵەت و حکومەتەکان بەمەش پەیوەندییەکی بەرین فراوان و هەمە لایەنەی پێکهێنابو بۆ خێر و خۆشیی گەلەکەمان هەر ئه و وەفادارییەش بو کە ی ن ک لە هەمو ئاستەکانی کە ئاماژەیان بۆ کرا پشتیوانیی و داکۆکییکارێکی بێ وێنەی هەیە. پێویستە هەموان سود لە نەریت و هەڵوێستەکانی سەرۆک مامجەلال وەربگرین بۆ گەشە کردن و پێشکەوتنی گەلەکەمان و یەکێتییەکەشمان. ڕاستە ئێستا مامجەلال لە ناوماندا نییەبەڵام فیکر و ئەدگار و ڕاسپاردەکانی بۆ هەموان نەخشەیەکی ڕێگای گرنگن بۆ ئەوەی هەم زیندویەتیی مامجەلال بەردەوام بێت ,هەم یەکێتیی ڕیزەکانمان و یەکێتییەکەی مام زیاتر بەهێز و تۆکمە بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک و هەرئه و ی ن ک ە بێت کە پێگەکەی لە ئاستی کوردستانیی ,عێراقیی و ناوچەیی بگرە جیهانییش جێ متمانه و سەنگینە ,
دکتۆر فواد معسوم
ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتی و سەروک کۆماری پێشوی عیراق[1].