هۆزان مەحمود
کولتووری پۆڕن بەجۆرێک لە گەشەدایە لە کوردستان و ئێراقدا، کە تەنانەت لەم خۆپیشاندانانەی بەسرەدا لە دژی هەژاری و بێ ئاوی و کارەبایی، لە چەند شوێنێک و بەدەست چەند پیاوێکەوە وێنەی (مایا خەلیفە) ئەستێرەی پۆرنی لوبنانی-ئەمریکییان بەرزکردبۆوە، لێیان نووسی بوو ”ئەوەی ئەمە پێشکەشم دەکات، سیاسییەکان پێشکەشم ناکەن”…هەر ئەم وێنەیە بەبڵاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵابۆە وە و سەدان کەس سەرسامییان نیشاندا و گووتیان ”ڕاست دەکات!”.
بەهەمان شێوە لە کوردستانیش کولتوور و وێنای فیگوری پۆرنۆیی تارماییەکی گەورەی هەیە بەسەر کۆمەڵگەوە. ستانداردی جوانی ڕووخسار و جەستە و ئەندامەکانی جەستەی ژن وێنایەکی گشتگیر و پۆرنۆیی لەخۆ گرتووە. ئەم ڕووخسارە تازەیەی ژن لە کوردستان دەمانخاتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیارەوە- ئایا ئەم فیگورە نوێیە کێیە؟ بۆ ڕەواجی هەیە و کێ لە پشت ئەم کارەساتەوەیە؟ تەماشاکاران کێن؟ ڕوانینی پیاو چ ڕۆڵێکی هەیە؟ ئەم جۆرە لە جوانییە نوێنەری کامە کولتوورە؟
هەر بۆیەش لێرەوە هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر (ڕوانینی پیاو) و بە (کاڵابوونی سێکسی) لە ڕێگەی پێناسەکردنی هەردوو چەمکەکەوه ڕوونیبکەمەوە. دواتر باس لە ئاڵۆزییەکانی ڕوانینی پیاو بکەم لە چوارچێوەی جوگرافی باشوری کوردستاندا و لەوێوە لە هۆکارەکانی ئه و ئایدیۆلۆژیایەدا بوەستین کە بەستراوە بە جوانبوون و سێکسیبوونی ڕەگەزی مێینەوە. پاشان دێمە سەر ئەوەی چۆن هۆشیارییەک دروستبکەین کە هەردوو ڕەگەز و ئەوانیتری دەرەوەی ئەم دوو ڕەگەزەش بگرێتەوه؛ لە وەستانەوە بەرامبەر ئەم ئایدیاڵە دروستکراوانەدا پەیوەندییەکی مرۆیی و هاوسەنگ جێگەی بگرێتەوە.
پێشینەیەکی کورتی سیاسی و کۆمەڵایەتی
لەگەڵ هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر ئێراق و کرانەوەی خێرای ئەم وڵاتە بەڕووی دونیای سەرمایەداری جیهانی و بەرخۆرییەکانیدا، کۆمەڵێک دەرهاویشتەی لێکەوتەوە. هەر لە جەنگ و ماڵوێرانی و هاتنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە بگرە، تاوەکو هەڵتۆقینی سەدان و هەزاران ڕێکخراوی (ئێن جی ئۆ) NGO و خێرخوازی لۆکاڵی و بیانی و خەڵکیش هەڵدرانە نێو کۆمەڵێک پەیوەندی نوێ و ئاڵۆزەوە. له و دابڕان و چەپێندراوییەی چوار دەیەی ژێر دەستی ڕژێمی بەعسی تاک حیزبی، هاتنەدەر بۆ ناو کۆمەڵێک جەنگی تری وردو ئاڵۆز و پڕوپاگەندەی دەیان حیزبی نوێوە. دەست ڕاگەیشتنی خەڵک بە شێوەیەکی بێکۆنترۆڵ بۆ هەموو ماڵپەرەکانی ئینتەرنێت و کرانەوەیان بەڕووی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، پەیوەندییەکانی جێندەری بردە فەزایەکی ترەوە. فەزایەک کە لەلایەک لەژێر ڕێنمایی دینی و حەڵاڵ و حەرامدایە، لەلایەکی ترەوە، کرانەوەیەکی پۆڕنۆییانەی ئەمریکانییە، کە کولتووری پۆڕن و نەشتەرگەری جوانکاری بەداوی خۆیدا هێناوە.
لەم دۆخە تازەیەدا کە ئاڵوودەبوون بە پۆڕنۆ و لەشفرۆشی لەلایەک و بازرگانیکردنی بە ژنان، کوژرانی بە لێشاو، ڕفاندن و بەزۆر بەشودان لەلایەکی ترەوە، بوونە کێشەی گەورە لە کوردستان و ئێراقدا.
بەزۆر ئیسلامیزەکردن و گەڕانەوەی پەچە و حیجاب و چەسپاندنی زۆر بڕگەی تر کە لە دەستووری ئێراقدا هەیه، لەژێر سایەی شەریعەی ئیسلامیدا، سیما گشتییەکان و دژ بەیەکەکانی ئێراقی نوێن. دۆخێک کە بەرخۆرییەکانی مۆدێرنە و بەها کۆنەپارێز و ئیسلامیەکان لە پێکدادان و ژیانی هاوتەریبدان.
هەرچەند کوردستان له ساڵی1991وە لە دەسەڵاتی بەعس ئازادبوو، بەڵام بە کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆی سیاسی و ئابووری گیرۆدە بوو. له ساڵی 2003 کە ڕژێمی سەدام بەتەواوی ڕووخا، کوردستان لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری ئێراق کێشەی هاوشێوەی گەڕانەوەی دینداری ئایینداری و حیجاب و کۆنەپارێزی بۆ پەیدابوو. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، کرانەوەیەکی سەرمایەدارانەی بێ بەرنامە کە خۆی لە کردنەوەی مۆڵەکان و شوێنی نیشتەجێبوون لەشێوەی گوندەکانی (ئەڵمانی، ئیتاڵی، ئینگلیزی) دا بینییەوە. بەهەمان شێوە، بەرخۆری لە جلوبەرگ، ئۆتۆمبێل، کەرەسە و ئامڕازی ناوماڵ، کە هەمووی مارکەیه و له دەرەوەی وڵات هاوردەکراون، پێکهێنەری بەشێکی گەورەی ئەم (خودە نمایشکارە) نوێیەی کوردە کە بەهای مرۆیی خۆی بە بەرخۆرییەوه گرێداوە.
ئاشکرایە سەرمایە هەموو لایەنەکانی ژیان و بیرکردنەوەی بەشێکی زۆر لە تاکی ئەمڕۆی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. هەروەک فەیلەسوفی ئەڵمانی (کارل مارکس) لە کتێبی سەرمایەدا باس ”(…) لە سەرمایە دەکات وەک پرۆسەیەک کە هەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوری دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، تەنانەت کاریگەری لەسەر بەها و ئێتیکی تاکەکان دادەنێت و بەهەمان شێوەش گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندی خۆمان بە خۆمانەوە و بە جڤاتەکانمان و سروشتەوە بەجێدەهێڵێت.”(1). لە کوردستانیشدا شاهیدی ئەم گۆڕانکاریانەین بەسەر کۆی لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەوه، پەیوەندی تاک بە خۆی و ئەوانیتر و تەنانەت بە ژینگەوە. ئەم ڕەفتار و پەیوەندی و بەهایانەی تاکی ئەمڕۆی کورد، ڕەفتار و بەهای تاکێکی ناو پەیوەندیەکانی سیستەمی سەرمایەداری جیهانیە، کە بێدەربەستە بەرامبەر ئەوانیتر و ژینگە و ئایندەی سیاسی کۆمەڵگەکەی.
زۆر بەدیاریکراوی و زۆرتر لە دوای 2003وە چینێکی سیاسەتمەداری لەپڕ دەوڵەمەندبوو، لەناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا هەڵتۆقین. بەهەمان شێوە چینێکی ئیلیتی (نوخبە) مامناوەند بەدەوری ئەم بازنەیەدا دروستبوون، کە لەڕووی بەرخۆرییەوە، لە شارەکانی کوردستاندا ژیانێکی تەواو ئەمریکایی و ئەوروپی دەژین، بەڕادەیەک کە چیتر بە زمانی کوردی ناخوێنن و قسە ناکەن و فەرهەنگی ڕؤژانەیان بە وشەی ئینگلیزی تەندراوە. (سێکسی-بوون) یان سێکسیبوونی جەستە، چیتر خۆی لە ڕووخسار و تەنانەت قسەکردن بە زمانی کوردیدا نابینیێتەوە؛ بەڵکو لە زمانێکی وەک ئینگلیزی، فەڕەنسی، فارسی، عەرەبی و تەنانەت تورکیدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم فیگورە کوردییە نوێیە چیتر بە کوردی ئاشق نابێت و سێکس ناکات، بەڵکو هەست، سۆز و حەزەکانی بارگاوین بە کولتوورێکی تر، کە هی خۆی نین و هاوردەن، بەشێکن لە بازاڕێتی و کولتووری بە پۆڕنکراوی سەرمایەداری جیهانی.
لەم دۆخە نوێیە بەرخۆری و بەکاڵابوونەدا ئێمە لەبەردەم ڕووخسار و جەستەیەکی نوێین، کە نامۆیە بە بوونی ئه و جەستە باوە وێناکراوەی ناو خەیاڵدانی ژن و پیاوی کورد. ئەم ڕووخسارە تازەیە تەواو فیگورێکی پۆڕنۆییە، فیگورێکە کە ئەندامەکانی جەستەی سروشتی نین، بەڵکو پڕکراوە لە سلیکۆن، فیلەر و بۆتۆکس. ئەم ڕووخسارە تەنانەت لە پۆستەری کاندیدە ژنەکان، ڕیکلامی تیڤیەکان، میدیاکان، زانکۆ و سەر شەقامەکاندا بەئاشکرا دەبینرێن.
هەرچەندە نادیاری و نائامادەیی ژنان لە کایە کولتووری، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام جێگەی مشتومڕ و ڕەخنەیە، بەڵام جەستە، جوانی، تەمەن و ڕووخساری ژن باسێکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەردەوام ئامادەیە. هەروەک خانمە فێمینیست و لێکۆڵەر (لونا دۆلێزال) دەڵێت ”سەرەڕای نادیاری ژنان وەک خودی کۆمەڵایەتی، بەڵام لایەنە فیزیکییەکەی جەستەی مێینە بەردەوام پرسێک بووە بۆ چاودێریکردن. چاوەڕوانکراوە کە ژنان فۆرم، ڕووخسارو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ پێوانە دیاریکراو و پێناسەکراوە کۆمەڵایەتییەکان یەک بگرێتەوە. ئەگەرنا، دووچاری ناوزڕاندان و لەدەستدانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەبنەوه. ”(2). لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە سەرەڕای کۆنەپارێزی و کۆدی (حەیاو شەرەف) و (داپۆشینی مێینه) و نادیارکردنی وەک خودێکی سەربەخۆ، بەڵام جەستە و سێکسوالیتی مێینە بەردەوام باسێکە ئامادەیی هەیە.
فیگوری مێینەی بەر لە ڕاپەڕین و دواتر
بەشێکی زۆر لە نەوەی ئێمە بە ئایدیاڵی شۆڕشگێڕی پەروەردەکراوین، هەرچەند کە ئێستا دەڕوانینە ئه و ڕابردووە، دەبینین پڕ لە کێشەیە لەڕووی جێندەریەوە. بۆ نمونە پیاو ئێدیالیز و پیرۆز کرابوو وەک: پارێزەری وڵات، ڕزگارکەری نیشتمان، ڕزگارکەری ژن. بۆیە دەبوایە ژن وەک هاوکارو سێبەر لە نەبوونی ئەوی پیاودا خێزان پێکەوە بهێڵێتەوە. وێنای ژن لەسەردەمی پێشمەرگایەتی و شۆڕشی چەکداری دژی ڕژێمی بەعس، وێنایەک بوو پیاوانە. تەنانەت لە ئەدەبیاتی سیاسی ئه و سەردەمەدا بانگەوازیان بۆ ژنان دەکرد کە (شێرە ژن) بن و لە ڕزگارکرنی کوردستان هاوکاریان بن. بەڵام دوای ڕاپەڕین ئەم بانگەواز و وێناکردنە گۆڕدرا، چیتر (شێرە ژن) مۆدەی نەما و پێوسیت بە هاوکاری نەما. ئەوەی دواتر و تا ئێستاش بەردەوامه، بەکارهێنانی مێینەیە وەک دیکۆرێک بۆ (فێمینیزەکردنی سیاسەت) یان بابڵێین بۆ (مێینەکردنی سیاسەت) و ڕووکەشێک بۆ نیشاندانی بەشداریپێکردنی ژنانە له کایەی سیاسیدا. لەودیوو ئەمەشەوە، ئێدیالی تری وەک جوانی، ناسکی و مێینەیەتی هاندەدرا و پشتگیری دەکرا، ئەمەش لەپێناو کورتکردنەوەی ژنان بوو بۆ ڕووخسار و جەستە و بە سێکسیکردنیان بوو وەک کاڵایەک… تەنانەت ئێمە ئێستا شاهیدی هەڵبژاردنی شاجوانەکانیانین، هەر لە شاجوانی وڵاتەوە بگرە، بۆ شاجوانی زانکۆکان و ئینتەرنێت و دامودەزگاکانیش، کچان دەخرێنە نێو پێشبڕکێوە لەگەڵ هاوڕەگەزەکانیاندا بۆئەوەی بگەن بە عەرشی شاجوانی! زۆرجار هەردوای بوون بە شاجوان لە ڕووخساری سروشتی خۆیان دووردەکەونەوە وهەموو جەستەیان دەخنە ژێر تیغی نەشتەرگەری و تەواو ڕوخسارێکی پۆرنۆیی دەبەخشن بە خۆیان.
بێگومان لێرەدا دەبێت ئاماژە به ئەوە بکەین، کە پیاوان خاوەنی دەسەڵات، حیزب، سەرمایە، کۆمپانیاکان، ڕاگەیاندن، چاپخانەکان ودامودەزگاکانن، هەر ئەمانن هاندەری ئەم جۆرە (بەکاڵابوون)ە، یان ئۆبجێکتبوونەی ژنانن و زۆر چالاکانە ئەم مۆدێلە لە کچ دەکەنە ئێدیاڵی جوانی و مێینەبوون. به شێوەیەک کە چیتر لە میدیاکاندا ژنی سەروو تەمەن سی ساڵ و سروشتی نابینین. لە دامودەزگاکاندا و تەنانەت لە حیزبەکانیشدا و لە پۆستەرەکانی هەڵبژاردندا ئەم فیگورە پۆڕنۆییە نمایش دەکرێت و ئامادەیە.
ئەوەی لێرەدا بەدیدەکەین، پار#سنە#گی هێزه و هەیمەنەی پیاوە کە زۆر زوو جێگای خۆی کردەوە لە هەموو دامودەزگا و دامەزراوەکاندا؛ بە جۆرێک، پیاوگەرایی و پایەکانی نێرسالاری زۆر پته و و جێگیربوون لە کوردستاندا. جۆرێک لە دووفاقی دەبینرێت کە چۆن بانگەشەکان بۆ ژن و بەشداریان لە ژیانی گشتیدا بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت. له لایەکەوە پشتگیری لە گوتاری ئاینی دەکەن کە خوازیاری مانەوەی ژنانە له نێوچوار دیوار و حیجابدا، له لایەکی تریشەوە، بانگەشەی دەرکەو تنی ژنان دەکرێت له کایە گشتیەکاندا. ئەمەش گوتارێکی دووفاقییە بۆ (دیارکردن) و (نادیارکردن)ی فیگوری مێینە لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا.
فەیلەسوفی فەڕەنسی (میشێل فوکۆ) ئەمەی وەک “(…) دووفاقیەک دەبینی لە چوارجێوەی کولتووری هاوچەرخی ئەوروپیدا، کاتێک له لایەک جەستە بە شێوەیەکی گشتی نادیارە و له لایەکی ترەوە زۆر بە زیادەوە لە کولتوور و دامودەزگا و گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکاندا ئامادەیه.” (3).
ئەم ئامادەبوون و نائامادەییەی جەستە لای (فوکۆ) هەڵگری قورسایی سیاسی گەورەیە لەپەیوەند بە مێینەوە. کەواته، ئەوەی بە شێوەیەک جێگیرە هێز و هەیمەنەی پیاوە کە لە سەردەمی جیاوازدا بانگەشەی ڕۆڵ و ئێدیاڵی جیاواز بۆ ژن دەکات. بەڵام ئەوەی قورسایی و ئاڵۆزی دەکەوێتە سەر ژنە، کە دەبێت بەردەوام وەڵامی کۆد و سیگناڵەکانی پیاو بداتەوە. ئەمەش وایکردووە له لایەک بانگەشە بۆ ژیانێکی کۆنەپارێزانە بکەن لەڕێگەی مزگەوت و دیندارییەوە، لەلایەکی تریشەوه بانگەشەیەک هەیە بۆ کرانەوه و وێناکردنی ژن و سێکسوالیزەکردنیان لە ڕاگەیاندنەکاندا.
لە ئێراقی پڕ لە حیزبی سوونی و شیعی و قەومی پشتبەستوو بە شەریعەی ئیسلام، لە خوولەکانی پێشووی پەرلەمان ژنانێک کاندیدبوون کە عەبا بەسەر و ڕەشپۆش بوون. بەڵام لەم خوولە تازەیەدا 2018 بەشێکی زۆری کاندیدەکان کچانی گەنج و ڕووخسار پۆڕنۆیی بوون. ئەمە دەمانخاتە بەردەم ئه و دووفاقییەی کە حیزبەکان له لایەکەوە دەیانەوێت ستایلی ژیانێکی کۆنەپارێزانە بانگەوازبکەن، لەلایەکی تریشەوە هەمان حیزب و تەنانەت لە سیاسەتیشدا کچ و ژنانی ڕووخسار پۆرنۆیی بکەنە ئێدیاڵ. هەمان کێشە لە کوردستانیش بەدیکرا، کە زۆرێک لە کاندیدەکان گەنج و فیگورێکی وێنابۆکراوی سێکسوالایزکراو بوون. لێرەوە ئه و وێنایەی دوێنێی ژنان لە شۆڕشدا و لە شێرە ژنەوە گۆڕدرا بۆ ژنێکی سێکسیی ڕوخسار پۆرنۆیی.
ڕوانینی پیاو (The male gaze)
ڕوانینی پیاو تێرمێکە، چەمکێکە، فێمینیست و نووسەری بەریتانی (لاورا مێلڤی) لە حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو بەکاری هێناوە، بەتایبەت لە وتارە (ئێسا) بەناوبانگەکەی بەناونیشانی ”چێژی بینراو و گێڕانەوەی سینەما” ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم تێرمە کارکردن بوو لەسەر (ڕوانینی پیاو-The male gaze) وەک بینەر و تەماشاکاری ژن و جەستەی ژن، له هەمانکاتدا کورتکردنەوەی بوو بۆ کاڵایەکی سێکسی لە فیلمەکاندا)4(.
گرنگی ئەم باسە و تیۆریزەکردنی ڕوانینی پیاو هەوڵێک بوو بۆ تێگەیشتن لە دیتنی ژن وەک نیشاندراوێک (سپێکتەکڵ) لە فیلمدا کە تەنها وەڵام بە چێژ و وێناکانی نێو سەری پیاوان دەداتەوە، بێگومان بە شێوەی (ڤیژواڵ – بینراو) لە تیڤی و فیلمەکاندا نمایش دەکران. دواتر ئەم تێرمە (ڕوانینی پیاو) زۆر فراوانتر بەکارهێنرا لەلایەن فێمینیستەکانەوە بۆ ئاماژەکردن و دەرخستنی ئه و ڕاستییە بوو، کە زۆرێک لە میدیاکان بە هەموو جۆرەکانییەوه (فیلم، پۆستەر و ماتریاڵی نوسراو و بینراو) بەرهەمێکن بۆ ڕوانینی پیاو، بۆ چێژ و حەزی پیاو دروست دەکرێن. لەم پرۆسەیەدا ژن و پیاو دەکرێنە پاسیڤ و ئەکتیڤ، واتە ئەوەی تەماشاکارە کە پیاوە کە بینەرێکی چالاکە و ئەویتری مێینە نمایشکارە، کاڵایە و سێکسوالیزەکراوە، بە مانای پاسیڤە و تەنها ئەرکی ئەوەیە چێژ و خۆشی ببەخشێت بە تەماشاکارە پیاوەکە.
لێرەوە گەر هەوڵێک بدەین بۆ تێگەیشتن لە ڕوانینی پیاو لە کوردستان، بێگومان بۆمان دەردەکەوێت کە بەپێی کات و شوێن گۆڕانکاری بەسەر ڕوانینی پیاوی کورددا هاتووە. بەهەمان شێوه گۆڕانکاری بەسەر ئه و وێنەیەشدا هاتووە کە پیاوی کورد هەیەتی لەمەڕ ژن، بۆ نموونه؛ سەردەمانێک تەنانەت هەندێک لە شاعیرەکانیش بانگەشەی خوێندەواربوونی ژنیان دەکرد، ژیری و جوانی ژن لە خوێندەواربوونیدا بوو، بەوەی کە سەردەمی مۆدێرن ئەم جۆرە ژنەی پێویستە.
هەڵبەت نیگای پیاو و ڕوانینی بۆ ژن بەردەوام بارگاوی بووە بە نیگایەک لە نێوان حەزی سێکسی و حەڵاڵ و حەرامەی ئاینی ئیسلامدا. بۆ نموونە؛ دین بەردەوام هۆشداری دەدات بەوەی پیاو نابێت (نەزەری حەرام) بکات. بەڵام به هەمان شێوەش هۆکاری جوڵاندنی حەز و ئارەزووی سێکسی دەخاتە پاڵ ژن و وەک تاوانبارێک هەژماری دەکات! تەنانەت وەک سەرچاوەی هەڵگیرسانی (فیتنە) ئاماژەی بۆ دەکات، چونکە لەم ئاینەدا ژن بەرپرسیارە لەوەی خۆی داپۆشێ و نەبێتە هۆکاری وروژاندنی پیاو. سەرەڕای زاڵبوونی ئەم گوتارە دینییە، بەڵام زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی، بە کوردستانیشەوه، لە جۆرێک لە سەرلێشواندندا دەژین لە پەیوەست بە ژنەوە، لەلایەک نەزەری حەرام و مامەڵکردنی ژن وەک خوشکیان؛ له لایەکی ترەوە ئالوودەبوون بە ئێدیاڵی جوانی (پلەی بۆی) playboy و پۆرنۆیی.
لە زۆرێک لەبەریەککەوتنەکانی ژن و پیاودا، بۆ نمونە پیاوەکە چەندین جار جەخت دەکاتەوە لەوەی؛ کە تۆ وەک خوشکی ئه و وایت. یان پێت دەڵێت (خوشکم، فەرقت نییە لەگەڵ خوشک و دایکم، لەجیێی دایک و خوشکی منیت!)، بەهەمان شێوە ژنیش ئەم جەخت کردنەوەیە دەکات، بەوەی بە پیاو دەڵێت (تۆ وەکو براو باوکم وەهایت!)، بەردەوام گوێبیستی ئەم دەستەواژانەیەن کە جەختکردنەوەیە لەسەر ئه و گوتارە ئاینییەی کە نەزەری ژن لە پیاو حەرامدەکات و ژن تاوانباردەکات بە جوڵاندنی حەزی پیاو.
لەڕاستیدا هەموو ئەمانە جەختکردنەوەیە لەسەر کورتکردنەوەی ژن لە سێکسدا. هەموو پەیوەندییەکانی ژن و پیاو تەنها لە نەزەرکردن و حەز و سێکسدا کورت دەکرێتەوە. بۆ نموونە خانەوادە دینییەکان کچە منداڵەکانیان لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە باڵاپۆشدەکەن لەبەرئەوەی بەوتەی خۆیان؛ نایانەوێت پیاو نەزەری حەرامی لێ بکات! ئەمەش کورتکردنەوەی مێینەیە هەر لە تەمەنێکی زۆر منداڵییەوە بۆ پارچە گۆشتێک، کە دەبێت دیسپلین بکرێت و دوور بخرێتەوە لە ڕوانینی حەرامی پیاو. هەر بۆیەش ڕوانینی پیاو بارگاوییە بە سێکسوالایزەکردن و بە ئامرازکردنی ئەویتری ژن. لەم دونیابینیەدا ژن نەک هەر دەبێت پاسیڤ بێت، بەڵکو بەرپرسیاریشە لەوەی کە ئەگەر بێتو پیاو نەزەری لێ بکات، ئەوا هەر خەتای ژنەکەیە.
بەئۆبجێکتکردنی سێکسوالی
بەئۆبجێکتکردنی سێکسوالی-(بەئامڕازکردنی سێکسوالیی) واتای ئەوەیه، کە سەیری کەسێک بکەیت تەنها بۆ حەزی سێکس و هیچیتر. لەم پرۆسەی ڕوانین و تەماشاکردنەدا کەسەکە کورتدەکرێتەوە بۆ کاڵایەک، بۆ ئەندامەکانی جەستە و چیتر مرۆڤێکی تەواو نییه، بەڵکو دابڕێنراوە لە مرۆڤبوون و ژیریی و کامڵبوون. ئەقڵ و زانست و هۆشی مرۆڤەکە لێرەدا ڕۆڵی نییە و گرنگ نییە، تەنها ڕووخسار و ئەندامەکانی جەستەی مانا دەبەخشن بە بوونی لە کاتی ڕوانینی پیاوانەدا بۆ جەستەی ژن.
لێرەوە تیۆری (بەئۆبجێکتکردنی سێکسوالی) کە تیۆرێکی فێمینیستییە، زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی و ڕوانینی پیاو بۆ ژن وەک کاڵایەک، وەک وەڵامدەرەوە بە چێژ و حەزی ئەو، نەک وەک مرۆڤێکی مێینە و خاوەن هەست و هۆش و ژیریی و کەسایەتی. کێشەی ئەم نابەرانبەر ی ڕوانین و مامەڵەکردن و بەریەککەوتنی ڕۆژانە هۆکاری گەورەن بۆ ئەوەی ژن بەردەوام خۆی کۆنترۆڵ بکات، خۆی جوان بکات، بەردەوام لە نمایشدا بێت و وەڵامدەرەوە بێت بەم نۆرمە نێرسالارییە لاسەنگە.
هەردوو فێمینیست و لێکۆڵەر (باربارا فرێدریکسون) و (تۆمی-ئانن ڕۆبێرتس)(5) لە لێکۆڵینەوە (ئێسا) گرنگەکەیاندا بەناونیشانی ”تیۆریی بەئۆبجێکتکردن، بەره و تێگەیشتن لە ئەزموونی ژیانکردنی ژنان و هەڕەشەی تەندروستی دەروونی”، تیشک دەخەنە سەر ئەنجامەکانی (ڕوانینی پیاو) بۆ ژنان وەک ئۆبجێکتی سێکسی، کە چۆن ژنان دەکەونە بەردەم وێنای خودی خۆیان و بەردەوام دەکەونە چاودێریکردنی (مۆنیتۆرکردنی) خۆیان. ئەمەش لە ئاکامدا دەیانخاتە دڵەڕاوکێ و کێشەی دەروونی و ڕووخانەوە. هەندێک لە ژنان بە پەنابردن بۆ کاڵای زۆر و بەرخۆریی و کەلوپەلی مارکە و نەشتەرگەری جوانکاری هەوڵدەدەن ئه و ستانداردە لە سێکسیبوون و گەنج مانەوە و جوانی مسۆگەر بکەن. گرنگە لەوە تێبگەین کە ژنان بەهۆی فشارێکی زۆر لەسەریان بۆ گەیشتن به و فیگور و وێنایە لە جەستەی ئێدیاڵ، ناچارن زۆر ڕێگا بگرنەبەر کە یەکێکیان نەشتەرگەری جوانکارییە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیه- بۆ ژنان لەژێر ئەم فشارەدان بۆ گەیشتن به و ئێدیاڵە خوازراوە؟
لەوە تێدەگەین کە پیاو لێرەدا سەنتەرە و ئەوه کە دامودەزگاکانی ماس میدیا و بەرهەمهێنانی کولتووری، حیزب و ژیانی دەرەوەی ماڵی بەدەستەوەیە. کەواتە ئەوە پیاوە لەم ڕێگایانەوە وێنای ئێدیاڵی ژن و جەستە و (سێکسی – بوون) و گەنج مانەوەی ژن بانگەشە دەکات. لەمەوە گووتە گرنگەکەی (جۆن بێرجەر) بیریار، نوسەر و ڕەخنەگری هونەری بەناوبانگی بەریتانیمان بیردەکەوێتەوە کە دەڵێت ”پیاوان لە ژنان دەڕوان، ژنان چاودێری خۆیان دەکەن کە سەیر دەکرێن. ئەمەش دیاریکەری، نەک تەنها زۆربەی پەیوەندیەکانی پیاو و ژنه، بەڵکو پەیوەندی ژنە بە خۆیشیەوە.”(6).
بە واتایەکی تر؛ ئەم ڕوانینەی پیاو بۆ ژن، کە سێکسوالییە، ژن دەخاتە بەردەم دڵەڕاوکێیی بەردەوام و خۆسانسۆرکردن و خۆچاودێریکردن. وەها دەکات ژن هەست بە ئاسوودەیی و بوونێکی کامڵ نەکات، بەڵکو هەمیشە به هەستیاریی دەمێنێتەوە لەسەر چاودێریکردنی خۆی و کردار و ڕووخساری، بۆ نموونه؛ کاتێک ژنان لەسەر شەقامەکان و ناو بازاڕدا پیاوان هەراسیان دەکەن، یان تانە و تەشەریان لێدەدەن لەسەر ڕووخسار و جەستەیان، ئەمە لای ژن دڵەراوکێ دروست دەکات. لێرەدا ژن ڕووبەڕووی ئه و ڕاستییە تاڵە دەبێتەوە کە تا چ ڕادەیەک جەستەی ئەم جێگەی ڕوانینی بەردەوامە لەلایەن پیاوەوە.
بەهۆی ئەوەی ژنان بە هەوڵێکی زۆر و سەختییەوە توانیویانە بێنە فەزای گشتی و ژیانی کولتووری و سیاسیەوه، هەر بۆیەش خواست و داواکاری زۆر لەسەر هەموو هەڵسوکەوت و ڕووخسار و گفتوگۆکردن و کارکردنیان هەیە. کاتێک کۆی ئابووری وڵات له دەستی پیاواندا بێت و سترەکتووری دەسەڵات لەسەر پیاوگەرایی وەستابێت، ژنان دەکەونە دەرەوەی یەکسانی ئابوورییەوە؛ لێرەوە ڕۆڵی ئەوان بەهەند وەرناگیرێت. هەروەک فێمینیست و نووسەر (نایۆمی ۆولف) (7)، لە کتێبی (وەهمی جوانیدا) باس لەوە دەکات که “(…) لەلایەک ژنان بەهۆی نەبوونی هۆشیاری و دڵەڕاوکێوە دەکەونە داوی ئەوەی لە درۆی ‘وەهمی جوانیدا’ جێگایان بێتەوە، بەردەوامی بدەن بەم درۆیە. لەلایەکی تریشەوه، پێویستیی ئابووری زامنی ئەمە دەکات. ئابوورییەک کە لەسەر کۆیلەداری وەستاوە و پێویستی بەوەیە بەردەوام جەخت لەسەر وێنای کۆیلەکە بکاتەوە بۆئەوەی شەرعیەت بە بوونی دامودەزگای کۆیلەدارییەکەی بداتەوە.”. هەروەها (نایۆمی ۆولف) باس لەوه دەکات که “(…) ئابووری وڵاتانی خۆرئاوا پشتبەستووە بەوەی کە مووچەی کەمتر بە ژنان بدەن. ئەمەش بە ئایدیۆلۆژییەک دادەنێت کە وەها لە ژنان دەکات (بێبەها) له خۆیان بڕوانن…”؛ لەوەش زیاتر له و باوەڕەدایە کە ”(…) ئابووری خۆرئاوا پشت بەستووە بە وێناکردنی ژنان لەوەهمی جوانیدا…”. هەرچەندە ئەم کتێبە لەنەوەدەکانی سەدەی بیستدا نووسراوە، بەڵام تا ئەمڕۆش زۆرێک لە باسەکانی گونجاوە.
لە کوردستانی باشووردا لاسەنگی ئابووری و سیاسی لە هەموو کایەکاندا بەرچاوە و ئەمەش وایکردوە ئامادەیی ژن پابەند بێت بە کۆمەڵێک دەستکاریکردنی جەستە و ڕووخسار و هەڵسوکەوتەوە. له لایەکەوه، هێزە کۆنەپارێزەکان خوازیار و هاندەری باڵاپۆشین، لە لایەکی ترەوە سیاسەتمەداران و سەرمایەدارانی نیولیبراڵ خوازیاری داماڵینی ژنانن لەهەموو بەهایەک و کورتکردنەوەیان بۆ کاڵایەکی سێکسی؛ بەجۆرێک بوونی ژنی جوان و گەنج و سێکسی لەبەر چاویاندا ڕۆژانە وەک جۆرێک لە بەرخۆری لێهاتووە.
پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی ژن لە (بونەوەرێکی تەواو) وخاوەن کەسایەتییەوە و کورتکردنەوەی بۆ جەستە، لاسەنگیی لە هێزدا دروستدەکات. لەلایەک نیوەی کۆمەڵگە کورتدەکرێتەوە بۆ ئامڕازێکی سێکسی و لەلایەکی ترەوە نیوەکەی تری کە پیاوە، بۆ تەماشاکار و لێڕوانەری پیاوگەرا. گرنگە لێرەوە کار بۆ (دادپەروەری جێندەری) بکرێت، بەوەی ئەم هێرشه پۆڕنۆیی و نەشتەرگەرییە نیۆلیبراڵییە، بە پەرەپێدانی هۆشیاری و بەهێزکردنی ژنان لە ڕێگەی زانست و فیکری فێمینیستییەوە، بەرپەرچبدرێتەوە. لەڕێگای خۆڕێکخستنی خۆڕسکانەوە و سەربەخۆوە دەبێت کە بەرپەرچی ئەم بەکاڵابوونەوەی ژنان و هەموو فۆرمەکانی چەوسانەوەی ژن بداتەوە.
لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین، کە نابێت ژنی کورد له و وەهمەدا بژی کە دەتوانێت لە ڕێگەی کۆمەڵێک (ئێن جی ئۆ) و ڕێکخراوی دروستکراوی حیزبی ژنانەوه خەبات بۆ مافەکانی بکات. ئەمانە لەڕاستیدا وەک چێنێکی ئەروستوکراتی وەهان کە لەنێوان کۆی ژنانی کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا وەستاون. بە جۆرێک، کە مەرگ و سووتاندن و کوشتنی ڕۆژانەی ژنان جۆرێکە لە دەرامەت و سەرچاوەی مووچە بۆ ژمارەیەکی کەم لە ژنان لە ڕێکخراوەکان و حیزبەکان و پەرلەمان و حکومەتدا.
زۆرینەی ژنانی چەوساوەی کورد گرنگە وەک چینێکی دووجار زوڵملێکراو خۆیان ڕێک بخەن و خەباتی خۆیان بە پشتبەستن بە هۆشمەندی و دونیابینی ژنانە بەهێز بکەن. ژنانی کارمەندی ڕێکخراوەکان و (ئێن جی ئۆکان) بە جیهانی و لۆکالیشەوە، خاوەنی دونیابینیی ژنانە نین و هیچ کات ناتوانن پێشڕەوی هیچ بزوتنەوەیەک بکەن… ئەوەی دەمێنێتەوە و گرنگە وەک ژن لەبیرمان نەچێت، ئەویش ئەوەیە، کە نەهێڵین هیچ کەس و لایەنێک سازش بە ماف و داواکاریەکانی ژنانەوە بکات. دادپەروەری کۆمەڵایەتی و جێندەری دەستەبەر نابێت، گەر بێتو زۆرینەی ژنان بێدەنگ بن و ڕێگە بدەن ژمارەیەکی کەم لە ژن بەناوی ئەوانەوە پله و پایە بۆخۆیان فەراهەم بکەن.
یەکێک لەهەنگاوە هەرەگرنگەکان لەم قۆناغەدا، خۆڕێکخستنی خۆڕسکانەی ژنانە لەدەرەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان وحیزبەکان. لێرەوە دروستبوونی (جڤاتی ژنان) لە پەیوەند بە داواکارییە
هەنووکییەکانەوە ودیالۆگکردن وداڕشتنەوەی ستراتیژی کارکردن، چ لەڕووی گۆڕینی یاساکانەوه، چ لەڕووی کرداری خۆپیشاندانەوه، تاوەکو دەگاتە داڕشتنەوەی لە گوتارێکی سیاسی ژنانە، بەدونیابینی وهۆشمەندییەکی ژنانەوە، گرنگییەکی مێژوویی خۆی هەیە بۆ دروستبوونی بزوتنەوەیەکی ڕاستەقینەی ژنان لەکوردستاندا.
لەندەن – دیسێمبەر 2018.[1]
پەراوێز و سەرچاوەکان:
Marx, K., Capital, vols. i and iii (New York: International Publishers, 1967). Theories of Surplus Value, pt. 2 (London: Lawrence & Wishart, 1969).
Dolezal، L. (2010). The (in)visible body: Feminism، phenomenology، and the case of cosmetic surgery. Hypatia 25(2)، 357.
Foucault، M. (1980: p186). Power/Knowledge: Selected interviews and other writings، 1972-1977، (Ed.) Colin Gordon، trans. Colin Gordon، Leo Marshall، John Mepham، and Kate Soper، Brighton: Harvester Press.
Mulvey، Laura (1999: p833-44) “Visual Pleasure and Narrative Cinema.” Film Theory and Criticism: Introductory Readings. Eds. Leo Braudy and Marshall Cohen. New York: Oxford UP، .
Fredrickson، Barbara and Roberts، Tomi-Ann، ” (199، p173-206) Objectification Theory: Toward Understanding Women’s Lived Experiences and Mental Health Risks.” Psychology of Women Quarterly، 21، USA
Berger، John. (1973: p47) Ways of Seeing. London: Penguin Books.
Wolf، Naomi. (1991: p18). The Beauty myth: how images of beauty are used against women. London: Vintage.