پڕۆژەیەک بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا و سیستەم
نووسەر : دیار غەریب
بۆ زیاتر تێگەشتن لە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی کە ئێستا ماوەی چوار ساڵێک دەبێت لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا پەیڕەو دەکرێت. خوێنەری ئەم کتێبە گچکە بووم.
کتێبی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی_ پڕۆژەیەک بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا و سیستەم لە نوسینی دیار غەریبە. بە قەبارەیەکی بچوک بە بڕی 60 لاپەڕە، لە ساڵی 2017 بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ناوی چاپخانەکەی لەسەر نیە.
نوسەر لەم کتێبە کچکەدا، پڕۆژەی خۆبەڕێوەبردنێکی دیموکراتیانەی ناوچە جیاوازەکانی خستۆتە ڕوو، تیایدا، بە خوێنەر دەڵێت کە پڕۆژەکە هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەتدا لە چوارچێوەی سیستمە سیاسیەکاندا، جێگەی خۆی دەگرێت.
لە پێشەکی کتێبەکەدا، دیار غەریب، دەنوسێت:
ئەم پڕۆژە، دژی دەوڵەت نیە، پڕۆژەکە دەخوازێت دیدگایەک بونیات بنێت کە بەبێ بیرکردنەوە لە ڕوخاندنی دەوڵەت یاخود خۆ بەستنەوە بە دەوڵەتەوە بتوانێت، بیر لە چارەسەری پرسەکان بکاتەوە و چارەسەریان بکات.ل7، 5.
نوسەر، ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە: ئەم پڕۆژەیە سەرچاوەی خۆی لە بیر و بۆچونەکانی ڕێبەری کەجەکە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە وەردەگرێت. ل5.
دوای باسکردن لە کۆمەڵێک گرفت کە لە جەستەی دەوڵەتدایەوە بەهۆیەوە هاوڵاتیان زیانمەند دەبن. نوسەر دەڵێت: ئەمڕۆ، دەتوانین، سیستمی خۆبەڕێوەبەری وەک ئەو نەخۆشە ناوزەد بکەین کە زۆر باش درکی بەوڕاستیانە (ئەو نەخۆشیانەی توشی دەوڵەت بوون)کردووە و لە دەرەوەی ئەو دکتۆرە کە (دەوڵەت)ە، بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت. ل13.
لە خستنە ڕووی پڕەنسیپەکانی سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیدا، نوسەر خاڵێکی گرنگی لەمەڕ سیستمەکە خستۆتە ڕوو کە ئەویش ئەوەیە کە دەڵێت: سیستمەکە، جیاوازیەکانی نەتەوە، فکر، ڕەگەز، سیاسەت، ئاین، ئاینزا، ئەتنیک، ڕەنگ و تەمەن، وەکو دەوڵەمەندی سەیر دەکات و هاوسەنگیەکی دادوەرانە لە نێوانیاندا دروست دەکات و ناهاوسەنگی پەسەند ناکات. ل15.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، چەندین پرسی تر، سەبارەت بە بەراوردکرنی ئەم سیستمە و سیستمی دەوڵەت و باسکردن لە ئابوری لەم سیستمەدا لە کتێبەکەدا، خراوەتە ڕوو.[1]