پرۆژەی داکۆکیکردن و یاسا ژینگەییەکان، پرۆژەیەکی 4 ساڵی ڕێکخراوی سروشتی عێراقە، ڕێکخراوەکە بە گرنگی زانی پرۆژەیەکی پەروەردەیی تایبەت بە ژینگە بە ئەنجام بگەیەنێت بۆ چەند خوێندنگەیەکی ناو شار و دەرەوەی #سلێمانی# بۆ قۆناغی بنەڕەتی و ئاستەکانی 1-3 کە بەرواری 2017-11-04 یەکەم ڕۆژ و دەست پێکی جێبەجێکردنی ئه و پرۆژەیە بوو ئامانجی ئێمە لە هەڵبژاردنی ئه و قۆناغە بۆ ئەوە دەگەڕێنینەوە کە پێمان وایە منداڵ لە قۆناغەدا زۆر چالاکە و توانای فێربوونی خێرایە و دەتوانێت ئاسانتر گاریگەری لەسەر خێزان و هاوڕێکانی دروست بکات.
کورتەیەک لەسەر بیرۆکەی پرۆژەکە هەتا ئەمڕۆ و پلانی داهاتوومان
دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی شوبات بە گرنگمان زانی پرۆژەیەک بۆ خوێندکارانی بنەڕەتی بە تایبەتی قۆناغی 1-3 بە ئەنجام بگەیەنین، ئەویش لە ڕێگەی بیرۆکەیەکی تایبەتەوە ئەویش بە کۆکردنەوەی هەندێک وێنە کە گوزارشت بکەن لە (ژینگە بە گشتی، خێزان، خوێندن، سەرچاوە ئاوییەکان، ئاژەڵەکان، کەشو هەوا...) وە لە لایەن کۆمەڵێک دیزاینەری بە تواناوە وێنەکان دووبارە کێشرانەوە و بە شێوازێکی تەواو کوردەواریانە وێنە کرانەوە بۆ ئەوەی خوێنکارەکان زۆر بە ئاسانتر لێی تێبگەن و لێوەی فێر بن، وە بۆ هەر پەڕەیەک ڕێنماییەکی تایبەت به وێنەی ئه و پەڕەیەمان زیاد کرد کە بە زمانێکی ئاسان و پەروەردەییانە نووسراون هەتاوەکو خوێندکارەکان لە کاتی ڕەنگ کردنەوەی وێنەکاندا لێوەی فێر بن، دوای تەواو بوونی کار و دیزاینەکان بۆ ماوەی زیاتر لە 45 ڕۆژ، دەفتەرە وێنەکە چاپ کرا لە ژێر ناوی هاوڕێی ژینگە.
جگە لە دەفتەرە وێنەکە، پرۆژەکەمان سێتێک قەڵەمی ڕەنگا و ڕەنگیشی وەک تەواوکەری دەفتەرە وێنەکە کردۆتە دیاری بۆ خوێندکارەکان، جگە لەوانەی کە باس کران بۆ هەر خوێندکارێکیش زەرفێکی ژینگەیی دەدرێتێ کە بە هەمان شێوە لە لایەن پرۆژەی داکۆکیکردەوە ئامادە کراوە کە ڕێژەیەکی زۆر کەم نایلۆنی تێدایە و چەندین جار بەکار دەهێنرێتەوە و سودی لێ دەبینرێت. ئێمە ئەم پرۆژەیەمان کردۆتە چەند قۆناغێک، کە لە بەرواری 2017 دەست پێکی جێبەجێ کردنی یەکەم قۆتاغی کارەکان بوو، کە بریتی یە لە بڵاو کردنەوەی سێتی دەفتەرە وێنەکان بەسەر چەند خوێندنگەیەکی بنەڕەتی ناو و دەرەوەی شاری سلێمانی و بە درێژایی چەندین ڕۆژ وە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ب.گ. پەروەردەی سلێمانی پاکێجی (هاوڕێی ژینگە) گەیەندرایە دەست خوێندکارەکانی ئه و خوێندنگایانەی کە بە هاوبەشی لەگەڵ ب.گ. پەروەردەی سلێمانی دیاری کرابوون. قۆناغی دووەم و سێ یەمی پرۆژەکە بریتی دەبێت لە بە دواداچوون له و چەند خوێندنگایانەی کە خوێندکارەکانیان سوودمەند بوون لە (هاوڕێی ژینگە) هەتا وەکو بزانین خوێندکارەکانیان چی لێوە فێر بوون؟ پاشان ئەنجامدانی ۆرک شۆپی جیاواز بۆ مامۆستایانی ئه و خوێندنگایانە و کار و پلان بۆ پەرەپێدان و گەورەکردنی پرۆژەکە لە داهاتوودا.
جێی ئاماژەیە تەواوی تێچووە داراییەکانی ئەم پرۆژە پەروەردەییە لەسەر ئەستۆی پرۆژەی داکۆکیکردن و یاسا ژینگەییەکانی سروشتی عێراقە کە لەلایەن یەکیەتی ئەوروپاروە پشتگیری دارایی کراوە، لە هەمان کاتدا جێی دەست خۆشی یە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ ئەم پرۆژە پەروەردەیی یە دوپات کردەوە و بە یەکەمین پرۆژەی پەروەردەی دەزانن کە لە سەرەتاوە به و شێوەیە ئەنجام درابێت وە پاڵپشتی خۆیان بۆ قۆناغەکانی داهاتووی ئەم پرۆژەیە دەربڕی[1].