عەدنان عوسمان
هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنی نویێ گۆڕان، هەرچەندە لە ڕوی دەستوری بزوتنەوەکەوە، کارێکی ئاسایی و ڕۆتینی بو، کە دوو ساڵ جارێک پیادەئەکرێت، بەڵام بەهۆی باری خراپ و قەیرانی سەرکردایەتی لە حزبی کوردیدا، ئەم ڕوداوە بو بەجێگای سەرنجی میدیاو ناوەندی سیاسی کوردستان.
بە دیوی تریشدا لای خودی گۆڕانەکانیش مایەی هیواو وزەبەخشین و تەکانێکی گەورە بو لە ژیانی بزوتنەوەکەیاندا. پرسیارە گەورەکە، دوای تەواو بونی گەرموگوڕیی گۆڕانکاریەکە، ئەوەیە:
ئەم بزوتنەوەیە لە ئێستادا بەنیازی چیە و دەیەوێت چی بگۆڕێت؟ بە چ میتۆدێک کارئەکات و ئاراستەی سیاسەتەکانی بۆ کوێ دەبێت؟ گەر بەنیازی گۆڕانکاریشە، ئەی ئەبێ هێزە مرۆییەکەی چۆن بخاتەگەڕ، بەتایبەت پاش ئەو هەمو نیگەرانی و زویر بون و تەنانەت وازهێنانەش کە جەستەی گۆڕانی ماندو کردوە؟ وەک گۆڕانخوازێک و ئەندامێکی نوێی خانەی ڕاپەڕاندن، ئەمەوێت بە کورتی خاڵ بخەمە سەر ئەو پیتانەی گۆڕان بەنیازە تۆخیان بکاتەوە: پێشتر، پیاوێکی پیری بەئەزمون، بە ورەی شۆڕشگێڕ و توانای گەنج و ڕوحێکی یاخیەوە، توانی نەک هەر قەڵایەکی گەورەی بەرەنگاربونەوەو بەخشینەوەی هیوا بە ژیانێکی باشتر بنیات بنێت، بەڵکو توانی بە دڵفراوانیەوە، ئەو دامەزراوەیە گەشەپێبدات و لەسەرکەوتنێکەوە بۆ سەرکەوتنێکی تری ببات.
لە ئێستادا ئەو گۆڕانە، هەم ڕابەرەکەی کۆچی کردوەو هەم دەنگ و سەنگی دابەزیوەو هەمیش کورسی پەرلەمانی بۆ نیوە داکشاوە. ئەرکی ستافی ڕابەرایەتی گۆڕانە(خانەو هەردوو جڤات) بە وردی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەو دۆخە نوێیەی بزوتنەوەکە بکەن. بەڵام بەڕای من بەشی شێری پەیوەندی بە گوتاری بزوتنەوەکە هەیە بۆ دەرەوەی خۆی و کۆمەڵگا.
گۆڕان چەقی جوڵەو گۆڕانکاریەکان بو، کە ئەوەش بە جەربەزەیی و وریایی و جورئەت و حەماسەوە پیادە دەکرا. ئێستای گۆڕان دەبێ بگەڕێتەوە سەر هەمان نەریت لە بەرهەمهێنانی جوڵە، لە قسەکردن لەسەر سەرجەم پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگا، لە بونی گوتاری ڕونی ئازایانە، لە پەیوەستبونی ئەزەلی بە خەڵک و بەتایبەت زەحمەتکێشان و چینی مامناوەندی کۆمەڵگاوە. گرەوی بەهێزبونی گۆڕان و وەرگرتنەوەی متمانەی بەشێکی بەرفراوانی دۆست و لایەنگر و خەڵکی کوردستان، لەوەدایە گوتاری سیاسی بەهێز و ڕۆشن بەرهەمبهێنێت، خاوەنی جوڵەی سیاسی بەردەوام و ئازایانە بێت، سەنگەرێکی بەهێزی دەنگی ناڕەزایەتی و ڕیفۆرمخوازی و چاکەی گشتی بێت. گردەکەو بزوتنەوەکە ببنەوە قەڵایەکی قایمی هەمو دەنگێکی دڵسۆزانەی ئازادیخوازان.
بەرامبەر ئەو کارە گرنگە، پێویستە گۆڕان پیاچونەوەیەکی ورد بە ژیانی ناوخۆیی خۆی بکات و وەک یەکەم تاقیکردنەوەی شێوازی ئاسۆیی حزبایەتی لە کوردستاندا، لە کۆنفرانسی گشتی داهاتویدا، ئەو کەلتور و پرەنسیپانە جێگیر بکات و ببێتە پێشەنگی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پەیکەرەی سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی لە حزبی کوردیدا. پاراستنی شادەمارەکانی پەیکەرەی ڕێکخستنی ئێستای گۆڕان، واتە ڕابەرایەتی فەرشی و ئاسۆیی، ئەوەی کاک نەوشیروان و هاوڕێکانی بە وریاییەوە نەخشەیان بۆ کێشا، گرەنتی بەردەوامی گیانی گۆڕانکاری و هێنانە پێشەوەی وزەو توانای تازەو بەردەوامبونیەتی لەسەر پایە ئەسڵیەکانی خۆی، کە ئەوەش ڕێگە لە هیچ گۆڕانکاریەک ناگرێت لەهەر جومگەیەکی گۆڕان کە پێویستی بە پیاچونەوە بێت[1].