بەرهەم لەتیف
ئۆجالان کاتێک لە پەیامەکەی 21ی حوزەیراندا بە هەدەپەی وت (هێڵی سێیەم بپارێزە) پێی نەوتن دەست بە کڵاوەکەی خۆتانەوە بگرن و بێ لایەن بن، هەدەپە هاوپەیمانییەکی لەگەڵ جەهەپە هەیە، ستراتیژی هەدەپە تێکشکاندنی ئاکەپەیە، ئۆجالان جەختی لە پاراستنی هێڵی سێیەم کردەوە بەو مانایەی کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەدا هێڵی خۆت بپارێزە، بەڵام دەست لە هەوڵەکانت بۆ تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە هەڵمەگرە، سەرەنجامیش تێکشکاندنی فاشیزمە کە ئاکەپە ناچار بە دانووستان دەکات.
ئێستا بۆ جاری دووەم ستراتیژی #هەدەپە# سەرکەوت، ئاکەپە شکستی هێنا، ئەمجارە تۆپەکە دەکەوێتە گۆڕەپانی جەهەپەوە، ڕاستییەک هەیە کە ئەگەر نەڵێین سیاسەتی ئاکەپە و جەهەپە یەکە، ئەوا جیاوازییەکی ئەوتۆشیان نییە، بەڵام لێرەدا خاڵێک هەیە کە دەتوانێت هاوسەنگییەکان بگۆڕێت، ئەویش هێزی کوردە، کورد بۆ جاری دووەم وانەیەکی بە ئاکەپە و جەهەپەش دا، بە ئاکەپەی وت ئەوەی بەسەرتهات دەرەنجامی سیاسەتی سەرکووتکاریی و نکۆڵیکردن بوو لە کورد، بە جەهەپەشی وت ئەگەر تۆش شوێنپێی ئاکەپە هەڵبگریتەوە، ئەوا بە هەمان چارەنووسی ئاکەپە دەچیت..
ئاکەپە چیتر ناتوانێت بەو سیاسەتەی ئێستای بەردەوامبێت، ئەم دۆڕانەی ئەستەنبووڵ سەرەتای تێکچوونێکی گەورەتری ئاکەپە دەبێت، لێرەوە سەردەمی دانووستان دیێتەوە ئاراوە، وەک ئۆجالانیش لەم دوو پەیامەی کۆتاییدا ناوی لێ ناوە (دانووستانی دیموکراتی)، دانووستانێک کە جۆرێک لە چارەسەریی بەدوای خۆیدا بهێنێت، هەڵبەت ئەمەش دوور نییە، چونکە کورد خاوەن هێزی فشارە، دەتوانێت هاوسەنگییەکان بگۆڕێت، تەنانەت توانای کێبڕکێی دەسەڵاتی هەیە، بۆیە هەرکەس بییەوێت شوێن پێی خۆی لە حکومڕانیی تورکیادا قاییم بکات، پێویستی بە پشتیوانیی کوردە، ئەم پشتیوانییەش دوای هاتنە ئارای چارەسەرییەکی دیموکراتی دەبێت بۆ پرسی کورد، کە تێیدا مافەکانی کورد مسۆگەربکرێت.
سیاسەت بە ترس و سازش ناکرێت، سیاسەت پێش هەموو شتێک ئیرادەی دەوێت، ئیرادەیەکی ئازاد کە پشتی بە گەل قاییم بێت، سیاسەت نەفەسدرێژیی دەوێت نەک هەستی تۆڵەکردنەوە، سیاسەت دەبێت دیموکراتی بێت، بێگومان ئەو سیاسەتەیە کە دواجار سەرکەوتن مسۆگەر دەکات[1].