نوێنەرایەتیی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان، بانگەوازیی لە گەلی باشوری کوردستان دەکەن، کە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نشتیمانیی لەڕێی ڕێکخستنی ڕێپێوان و مانگرتنی ئاشتییانەوە، پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، داواش لە حکومەت و پەرلەمانی هەرێم دەکەن بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و بڕیاری پەرلەمان بۆ پشتیوانییکردنی ئەزموونی ڕۆژئاوا جێبەجێ بکەن.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نوێنەرایەتیی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کۆنگرەکەی ڕۆژنامەنووسییان دەربارەی هەڕەشە و مەترسییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گرنگیی پشتیوانیی باشوری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و تێیدا بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی ڕای گشتیی کرد.
لە بەیاننامەکەدا، کە د.جاویدان حەسەن، ئەندامی نوێنەرایەتییەکە خوێندییەوە، بانگەوازییان ئاڕاستەی گەلی باشوری کوردستان کرد، کە لە ڕوانگەی هەستکردن بەو دۆخەی ئێستا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەگوزەرێت، وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی و نشتیمانی و نەتەوەیی، هەڵوێستی خۆیان لەڕێی ڕێکخستنی ڕێپێوان و مانگرتنی ئاشتییانە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەرببڕن.
نوێنەرایەتیی ڕۆژئاوا داوای جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە24ی ساڵی 2014ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە تایبەت بە پشتیوانیکردنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، دووپاتیشی دەکەنەوە: دەبێت پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆڕێگریکردن لەهەر هێرشێک و پشتیوانیکردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە هەر هێرشێکی سەربازی تورکیا قەیرانێکی مرۆیی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێتە هۆی ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی ملیۆنان خەڵکی ئەو دەڤەرە، کە لە دواجاردا دەرهاوێشتەکانی هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.
تەواوی بەیاننامەکە:
بۆڕای گشتی
لە ماوەی هەشت ساڵی ڕاِبردوودا و لە ئەنجامی شۆڕشێکی ڕاستەقینە لە هەموو بوارەکاندا، گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا توانی بە پشتبەستن بە ئیرادەی خۆی چەندین گۆڕانکاری گەورە ئەنجام بدات و سیستمێکی بەڕێوەبەریی دیموکراتیبونیادبنێت، و ببێت بە دەرفەتێک بۆ تەواوی پێکهاتەکان بۆ بەدیهێنانی تەبایی وپێکەوەژیان، هەروەها ببێت بە نموونە بۆ ژیانی هاوبەش و ئازاد و ڕخساندنی دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی ناو سوریا، لەسەرووغ هەمووشیانەوە دۆزی ڕەوای گەلی کورد.
گومانی تێدا نییە کە ئەم دەستکەوتە مەزنانە هەموویان لە ئەنجامی قوربانی گەورەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە (کچ و کوڕ)کان پێکهاتوون دوای بەرخودانێکی بێ وێنە لەدژی ستەمکاری و تیرۆری چەتەکانی جبهە النصرە و احرار الشام و سوپای بەناو ئازاد، لە کۆتاییشدا سەرکەوتنی مێژویی و لەناوبردنی گەورەترین و مەترسیدارترین ڕێکخروی تیرۆریستی لە مێژوودا (#داعش#) و لەناوبردنی لەسەر زەمینی جیوگرافی، کە ئەم بەرخودانە خۆی لە خۆیدا نەک تەنها بەرگریکردن بوو لە گەلی خۆمان و ناوچەکانی خۆمان، بەڵکو بەرگریکردن بوو لەبری تەواوی مرۆڤایەتیی.
ئەمەش لەکاتێکدابوو کە دەوڵەتی تورکیا بەردەوامیارمەتی ئەو هەموو گروپە تیرۆرستیانە دەدات، لە سەرووی هەمووشیانەوە گروپی تیرۆریستی داعش، کە لە ئیستادا بە دەیان بەڵگە و دۆکیۆمێنت لەبەردەستن کە ئەو پەیوەندیە لە نێوانیاندا دەسەلمێنێت. هەروها زۆر ئاشکرا و دیاربوو دوای شکستی هەموو هەوڵەکانی ئەو چەتە تیرۆریستیانە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، دەوڵەتی تورک دوای ئەوە هەستا بە جوڵاندنی سەربازەکانی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە چەتەکانی نەیانتوانی بەدیبهێنن، لەئەنجامدا ئەو داگیرکارییە لەسەر #عەفرین# سەپێنرا، و دەستکرا بە کوشتار و دەربەدەرکردنی خەڵکی مەدەنی و ڕەسەنی ناوچەکە و گۆڕینی دیمۆگرافی و دەیان تاوانی دیکەی دژی مرۆڤایەتی، کە تا ئیستاش ڕۆژانە ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی دەرهەقی ئەو خەڵکەی کە لە وێ ماون، بەردەوامە.
دەوڵەتی فاشیستی تورکیا هاتووە هەمان سیناریۆ دووبارەبکاتە و لە ناوچەکانی دیکەیڕۆژئاوای کوردستان و باکور ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە ئامانجی لێدان لە پرۆژەی دیموکراتی و لەناوبردنی هەر ئیرادەیەکی کورد لەوێ، ئەمەش لەدوای ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی نێودەوڵەتی، سەرەڕایئەوەی کە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە باکور ڕۆژهەڵاتی سوریا هەرگیز نەبووە بە هەڕەشە لەسەر سنووری تورکیا و هیچ کاتێک هەڕەشەیان تەنها هێرشێکیشی ئەنجام نەداوە، بەڵکو ئەو ناوچەیە و بە تایبەتی نزیک سنوورەکان ئارامترین و سەقامگیرترین ناوچەبوون، هەر وەکو خۆربەڕێوەبەری خۆمان چەندین جار دووپاتی کردبوو کە ئەوان ئامادەن بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لەو ناوچانە لە ڕێی پابەندبوون بە میکانیزمی پاراستنی سنوورەکان، کە لە نێوان ئەمریکا و تورکیا ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، هەروها بەردەوام ئەوەی دووپاتکردبووەوە کە بڕوای تەواویتن بە دیالۆگ و چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەر لایەنێکدا.
ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی تورکیا لە دژیڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەنجامەکەی زۆر وێرانکەر دەبێت لەسەر تەواوی ناوچەکە و ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕێک فەراهەم دەکات، کە چەندین ساڵ درێژە دەکێشێت. ئەم هێرشە ئامانجەکەی لێدانی پڕۆژەی دیمکراسی و ئیرادەی گەلان و بە تایبەتی ئیرادەی گەلی کوردە، بۆیە ئێمە ڕوومان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بۆ دەستێوەردان لەم دۆخە و ڕاوەستاندنی ئەم هێرشە و ڕێگانەدان بە تورکیا بۆ داگیرکردنی ناوچەکە و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی گەورە بەسەر سەری خەڵکەکەدا.
هەر هێرشێکی سەربازی تورکیا بێگومان قەیرانێکی مرۆیی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێت بە هۆکاری ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی ملیۆنان خەڵکی ئەو دەڤەرە کە لە دواجاردا دەرهاوێشتەکانی هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.
ئێمە بانگەوازی گەلەکەی خۆمان دەکەین لە باشوری کوردستان بۆ دەربڕینی هەڵوێستێکی گونجاو بەرامبەر ئەم هێرشانە و بینینی مەترسییەکان پێش ڕوودانی، کە ئەمەش ئەرکێکی ئەخلاقی و نشتیمانی و نەتەوەییە، لە ڕێی ڕێکخستنەوەی ڕێپێوان و مانگرتنی ئاشتیانە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، هەروها دەبێت پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ ڕێگریکردن لەهەر هێرشێک و پشتیوانیکردنی دەستکەوتەکانیڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە24ی ڕێکەوتی15/10/2014ی پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەت بە پشتیوانیکردنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان.
لە کۆتاییشدا ئێمە دووپاتدەکەینەوە کە باوەڕی زۆرمان بە هێزی سەربازی خۆمان و پرۆژەی دیموکراسی و گەلەکەمان هەیە، بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە خاکی خۆمان، هەروها گومانمان نییە کە ئەوان پارێزەی ڕێبازێکی ڕاستەقینە دەبن بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لەگەڵ هەموو لایەک و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و بونیادنانی سوریایەکی نا ناوەندیی و دیمکرات[1].
نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوری کوردستان
#09-10-2019#
#سلێمانی#