ئاخ و هەزار ئاخ... وام دەزانی ئەو چەند ڕۆژەی شەڕ، ئەستەنبۆڵ و ئەنقەرە وئەزمیر و ئەنتاڵیا دەبیتە پارچە ئاگرێک و ئۆردوگان دەسوتێنی.
ئاخ و هەزار ئاخ... وام دەزانی ئەو نۆ ڕۆژە تورکیا دەبیتە تاریکستان و گڵۆپەکانی شەقامەکان دەشکێنرێن.
ئاخ و هەزار ئاخ... وام دەزانی ئەو چەند ڕۆژەی شەڕ پارەی نەوتی کوردستانی باشوور دەبێتە یارمەتی دانی ئەو ژن و پیر و منداڵ و ئاوارانەی ڕادەکەن لە ترسی بۆمبابارانی ئۆردوگانی فاشی.
ئاخ و هەزار ئاخ... وام دەزانی ئەو نۆ ڕۆژە ئەوانەی بنار وسەر چیای قەندیل دێنە خوارێ و دەبنە پشت و پەنای ئەو کچ و کوڕانەی لەبەرەی شەڕن.
ئاخ و هەزار ئاخ... وام دەزانی ئەو چەند ڕۆژەی شەڕ پێنج هەزار چەکداری ئەو نیو ملیون چەکدارەی موچە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەناوی بندیوار وەردەگرن و بەناوی جەنگۆ و شۆڕشڤان و ئاگرین و دەچنە تەنیشت برا و خوشکەکانیان لە شکری تورکیا تێک دەشکێنن.
ئاخ و هەزار ئاخ... وام دەزانی ئەسیرەکانی داعش دەبەنە شەنگاڵ و لەبەرانبەر خەڵکی شەنگاڵ دادگایی دەکرێن نەک بدرێنەوە دەست تورکیای دروستکەری داعش.
ئاخ و هەزار ئاخ... وام دەزانی ئەو نۆ ڕۆژەی شەڕ پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات و کۆمەڵە کە لەبندیوارەکان دانیشتوون دەچنە بەرەی شەڕ و لێناگەڕێن لەشکری ئەردوگانی فاشی بێتە پێشەوە.
پێکهاتن و نەمانی شەڕ بۆ مرۆڤایەتی گەلێک پیرۆزە نەفرەت لە شەڕ نەفرەت لە مرۆڤ کوژی... هیوادارم جوگرافیای کوردستانی ڕۆژئاوا نەگۆڕدرێت و خەڵکی عارەب و تورکی لە شوێنی کوردەکان جێنشین نەکرێن و دەسەڵاتیش نەدرێتە چەکدارانی سەر بە تورکیا.
فەهد گردەوانی 2019ئۆکتۆبەر18 ستۆکهۆڵم.