#بەدران محێدین مستەفا#
کوردانی هەر چوار پارچە لە دوای سایکس بیکۆ ڕۆژ بە ڕۆژ و سال بە سال بەرەو چەوسانەوە دەبردران، لە هەر شوێنکی ئەم چوار پارچەیە هەر زیندانێک هەبووایە دەبوو ناو زیندانەکە دەیان ڕۆلەی کوردی تێدابایە، نەیار و دوژمن هیچ سڵیان نە دەکردەوە لە چەوسانەوەی تاکی کورد، بە درێژایی سەدەی ڕابردوو جوگرافیایەک نەبوو بۆ حەسانەوەی کوردێکی ستەملێکراو.
لێدان و زیندان نەیتوانی ڕامانگرێت لەوەی (هەر کوردین و هەر کورد دەبین) ئەگەر چی تالی و زولمی ئیقلیمی و نێودەولەتی بەردەوام بوو بەسەرمانەوە، بەلام بۆ تەنیا جارێک نەیانتوانی بێ هیوامان بکەن لە گەیشتن بە هیوای نەتەوەو خاکی خۆمان، مێژوو هەمیشە بەرامبەرمان زالم بووە، هیچ نەتەوەیەک و هیچ دەولەتێک لەتێک ماف و ئازادی پێ ڕەوا نەدەبینین.
پێش تەواوبوونی سەدەی بیست کوردستانی باشور گەیشت بەو نیمچە هیوایەی هەلیچنی بوو، ئەم ئازادیە دەرئەنجامی گیان فیدایی و سل نەکردنەوەی (شۆرشی نوێ) بوو، بەرخۆدان و بەستانی پێشمەرگە فیداکاریەکانی ئەم شۆرشە هێز و تینی بە پارچەکانی کوردستاندا، ئەگەر بۆ جارێکیش بێت بتوانن جولەیەکی شۆرشگیرانە بکەن.
سەرەتای سەدەی بیست و یەک، کوردستانی ڕۆژئاوا کە سەدەکانی ڕابردوو هەمیشە لە ژێر چەپۆکی ڕەشی زاڵمان لە چەوسانەوە بوو، تەنانەت وەک تاکێکی سوریا خاوەن ناسنامە نەبوون، ئەم ڕۆژئاوایەی ئێستا بووە بە ڕەمزی ئازادی، بووە بە سێبەری پاراستنی گیانی شۆڤینیەکانی دوێنێ، ئەم ڕۆژئاوایەی تا دوێنێ بێ ناسنامەبوو ئێستا خۆیان ناسنامەی (مرۆڤایەتی، ئازادی، نەتەوەیی، پاراستنی گیانی مرۆڤەکان) ئەبەخشنە تەواوی ئەو کەسانەی لە ژێر هێز و هەیمەنەی ئەواندان، کوردستانی ڕۆژئاوا ئەم کوردستانەیە تا دوێنی بێ ناسنامەبوو. بەلام ئێستا لە پایتەختی زلهێزەکان و تەواوی دونیا بوون بە خاوەنی پاراستنی گیانی مرۆڤایەتی و تێکشکانی گەورەترین هێزی تیرۆرستی جیهان، بۆیە ئێستا دەبێت هەموو پڕ بە گەروو هاوار بکەین ڕۆژئاوا تۆ ئێستا ناسنامەی هەمووانی[1].