ئامادەکردنی: #یاسین سەردەشتی#
خوێنەری بەرێز، ئە م نووسینەی بەردەست گێڕانەوەیەکی دێکیومێنتارییە بۆ یەکێک لەبەناوبانگترین کەیسەکانی دەیەی هەشتەمی سەدەی نۆزدەیەم لەمێژووی ئیمپراتۆریی عوسمانییدا، ئەویش کەیسی موسابەگ و دادگاییکردنەکەیەتی لەشاری ئەستەمبوڵ لەپایزی 1889دا، ئەو موسابەگەی وەک دەرەبەگ و سەرۆکخێڵێکی بەهێزو جەربەزەی کورد لەولایەتی بدلیسەوە لەکوردستان برایە ئەستەمبوڵ و لەوێ بەویست و بەبەرچاوی نوێنەری وڵاتە زلهێزەکانی جیهانەوە دادگایی کرا.
لەراستییدا، دادگاییەکەی موسابەگ بەتەنیا ڕەهەندێکی نێوخۆیی نەبوو، بەڵکو لەئەنجامی چەندین هۆکار، ڕەهەندی نێونەتەوەیی بەخۆوەبینی و دواتریش بووە خاڵێکی جیاکەرەوە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار لەپەیوەندیی دەوڵەتی عوسمانیی و زلهێزە ئەوروپییەکان لەلایەک و هەروەها لەپەیوەندییەکانی نێوان ئەرمەن و دەوڵەتی عوسمانیی و هەروەها لەنێوان کوردو ئەرمەنیش لەلایەکی ترەوە.
رەهەندی نێودەوڵەتیی ئەم کەیسەی موسابەگ لەوێوە سەرچاوەی دەگرت، کە بوون و دەسەڵاتی موسابەگ، وەک پێشێلکارییەک و سەرچاوەیەکی هەڕەشە بۆسەر بەندی 61ی پەیماننامەی بەرلینی نێونەتەوەیی و هەروەها لەمپەرێک لەبەردەم چاکسازییەکانی دەوڵەتی عوسمانی لەولایەتەکانی ڕۆژهەڵات، لەلایەن زلهێزەکانەوە لەقەڵەم دەدرا. جگەلەوەی، حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەزگای مسیۆنێرییە پرۆتستانتەکانی سەربەخۆیان لەناوەوەو دەرەوەی دەوڵەتی عوسمانیی، لەمێژبوو موسابەگی خانەدانی کوردو دەسەڵاتداری دەشتی موشیان بەدوژمنیکی سەرسەخت و پیاوێکی مەترسیدار دەبینی و هەمیشە بەوە تۆمەتباریان دەکرد کە لە22ی مایۆی 1883دا، پەلامارێکی دڕندانەی کردۆتە سەر دوو قەشەی هاوڵاتی ئەمریکیی لەبدلیس و بەوەش پێشێلی ڕۆحی ڕیکەوتننامەی نێوان ئیمپراتۆریی عوسمانیی و ئەمریکای کردووەو شایەنی سزادان و تۆڵەلێسەندنە!
پێوستە بوترێت کە لەلایەکی دیکەوە، ئەم کەیسە جگە لەرەهەندە نێونەتەوەیی و دیپلۆماسییەکەی، ڕەهەندی دیکەی مێژوویی، سیاسیی، یاسایی هەیە کە دەکرێت هەریەک لەوانە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆو وردیان لەبارەوە بکرێت. کەیسێکە لەدۆخێکی زۆر ئاڵۆزو هەستیاری ژیانی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و ململانێی نێوخۆیی و دەرەکیی ئیمپراتۆریی عوسمانییدا دەرکەوت، ئەو دۆخەی سەرەتاکانی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامگەرایی دەوڵەتیی و ناسیونالیزم و سۆسیالیزم و هورووژمی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی تێدا بەرجەستە بوو. ئەوەی هەیە ئەم کەیسە، بابەتێکە وردەکاریی و ڕووداوەکانی هەتاوەکو ئێستا لەمێژووی کورددا نادیارەو هەواڵەکانی تۆمارنەکراون. ئەم کارەی بەردەست لەبنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی بەشێکی بنەڕەتیی ئەو هەواڵ و ڕووداوانەی تایبەتە بەکەیسەکەی موسابەگ و خستنەبەرچاوی بەشێک لەوتۆمارو بەڵگەنامانەیە کە لەنێو ئەرشیفخانەکانی دەوڵەتانی بیانیی پارێزراون، ئەوەی نەک هەر ئەرکێکی ئاسان نییە بەڵکو بەشی خۆی گران و ماندووکەریشە.
دەبێت لێرەدا ئەوەش بڵێم، کە سەرەتا ئامانجی ئێمە نووسینی تەنیا وتارێک بوو لەیادی 129 ساڵوەگەڕی دادگاییەکەی موسابەگ لەئەستەمبوڵ، بەڵام کاتێک بەنێو ئەو ئەرشیفدا گەڕاین، ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامەو هەواڵە ڕۆژنامەییەکانمان سەبارەت بەو بابەتە کەوتەبەردەست، ئەوەش هانیدان تەنیا بەوتارێک نەوەستین و مل لەئامادەکردن و ئەنجامدانی ئەم بەرهەمەی بەردەست بدەین کەساڵێکی خایاندو لەیادی 130ساڵوەگەڕی دادگاییەکە بڵاودەکرێتەوە.
دڵنیاشم ئەم بەرهەمە ڕچەشکێنە، کە بەری ماندووبوونێکی سەختە، کەلێنێکی گەورە لەمێژووی نوێی کورد پڕدەکاتەوە.. لەگەڵ ڕێزدا.
پ. دکتۆر یاسین سەردەشتی
زانکۆی سلێمانی/ 23 ی نۆڤەمبەری 2019 [1]