نووسینی: #میران ئەبراهام#
ناو: نیشتمانی سارا
بابەت: ڕۆمان
نۆبەی چاپ: 2019
دیزاینی بەرگ: ئارام حەلی
دەزگای چاپ: ئەندێشه
ڕۆمانی نیشتمانی سارا، بەواتایەکی تر نیشتیمانی دایک ئەگەیەنێت، مێژووی کوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانییه، که پێمان ئەڵیت دین ڕەگەزنامه نییه.
پیرەمێردێکی بە ئەزموونی خوێنەوار ساڵی 1952 له کۆڕێکدا وتبووی، ”ڕاگوێزان یان ڕۆیشتی زیاتر له شەست هەزار جوو لەم هەرێمه، چ ئاسەوارێکی بەتاڵ و وێرانەیان لەداوی خۆیان بەجێهێشت!”
له شاری سلێمانی، دەڕابەی دووکانی خومچییەکان بۆ ئەبەد دادرانەوه و ڕەنگی خومە گیراوەکان لەناو مەنجەڵە مسەکاندا لەودیو دەڕابە داخراوەکانەوه وشک بوونەوە و بۆ هەتا هەتایه نوسان به بنی مەنجەڵەکانەوە و تێکڵاوی ژەنگی مس و ئاسنەکان بوون، چاڵ و گۆزه گڵینەکانی ناو حەوشەی ماڵی مۆردەخای لەسەر شیوەکەی جولەکان، لەلایەن درواسێکانیانەوه تێک و پێک شکێنران، سندووقی ترێ بەتاڵەکان ئیدی سەفەری ڕەزەکانیان نەکرد و خاوەن ماڵی نوێ وردی کردن و کردنی به قوڕگی زۆپا دارینەکەیدا، تاکو چەند ساڵێکیش دوای ڕۆیشتی ماڵی مۆردەخای، موشتەرییەکان تاقوتەرا دەهاتن و لەدەرگایان ئەداو لەژێر لێوەوه و زۆر شەرمنانه ئەیان پرسی، ‘ئەرێ عەیب نەبێت شەرابمان هەیه؟’
ڕۆمانی نیشتمانی سارا، بەشێکه له و مێژووه ونبوو یان لەبیرکراوەی له ئێستا و ڕابووردوودا تۆمارنەکراون، ئیتر لەبەر هەرچ هۆکارێک بێت، ئەم ڕۆمانه تەنها مێژووی چەند کەسێک یان تەنها کەمایەتییەکی بچووک نییه، بەڵکو دەیان کەسایەتی گرنگ له مێژووی شاری سلێمانیدا بەزمانی خۆیان و له فۆرمی هونەری (ڕۆمان)ێکدا خۆیان نمایش ئەکەنەوه، نووسەری ڕۆمانی نیشتمانی سارا میران ئەبراهام ئەڵێت، ‘لەکاتی بڵاو کردنەوەی ڕۆمانی نیشتمانی سارادا، باپیره خایم و کەریمی عەلەکە و قەشه یوسف پەری و حەمەجانی حاجی سەلیم پێنجوێنی و پیرەمێرد و فوئاد مەستی و جەمال عیرفان و مامۆستا سالار و دەیان کەسایەتی ناوداری شاری سلێمانی، ئه و ڕۆژه ئەگەڕێنەوه بۆ شار و بەبێ جیاوازی ئائدۆلۆژییان پێکەوه وەکو جاران خۆیان به نەوەی ئێستای کوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی ئەناسێننەوه.’
ڕۆمانی نیشتمانی سارا، ئاوێنەیەکی ڕوونه، که له ڕابووردوودا له کوچه و کۆڵانەکانی شاردا هەڵواسراوە و دیمەنەکانی بۆ تۆمار کردووین، که ئێستا نووسەر له فۆرمی ڕۆماندا تۆماری کردوون و سەرلەنوێ پیشانی ئێمەی ئەداتەوه.
بڕگەیەکی کورت له ڕۆمانەکەدا، که دیمەنێکه له کەنیسەی مریەمی شاری سلێمانی:
”حەفتەیەک دوای شەوی تۆفانەکە سالار و سارا پێکەوه بۆ کەنیسەی مریەم له گەڕەکی گاوران چوون، ئەودەم قەشه یوسف پەری لەوێبوو، کاتێک سالار قەشە یوسف پەری بینی ڕوی گەشایەوە و بەدەم پێکەنینەوه بەره و ڕووی چوو، باوەشیان بەیەکتریدا کرد، کاتێک سالار دەستی له شان و ملی قەشە یوسف کردەوه، ئاوڕی له سارا دایەوە و وتی، ‘سارا، ئەوە قەشه یوسفه، هاوڕێ و خۆشەویستی باپیرە خایمه.’
‘تەنها هاوڕێ، خایم هەردەم لەجێگای برایەکم بووه.’
دوای ئەوەی قەشه یوسف ئەوەی وت، پاشان تاوێک بێدەنگەی لێکرد و لەژێر لێوەوه دەستی کرد بە نزا خوێندن.
قەشه یوسف، پیاوێکی باڵا بەرز و بەژن باریک بوو، تەمەنی سی ساڵێک ئەبوو، ڕیش و سمێڵێکی قەڵەمی ڕەش و قژێکی کورت، چاوەکانی ڕەشی قەترانی و گەش، سەرتاپا کۆستۆمێکی قەشەی کلدانی ڕەشی پۆشی بوو، دوای ئەوەی قەشه یوسف ئەمەی وت، باڵی بەره و ڕووی سارا پانکردنەوە، ‘سارا خان، کچی حەکیمی بازرگان، دڵم زیاتر ئەکرێتەوه ئەگەر بڵێم، سارا کوڕەزای خایمی برا و هاودەنگم.’
سارا بەرانبەری قەشه یوسف وەستابوو، چاوی داچڕی بوون و بەسەرسامییەوه لێی ئەڕوانی، کاتێک ناوی باوکی و باپیرەی برد، زیاتر به سەرنجەوه له چاوه ڕەشەکانی قەشە یوسفی ڕوانی، وەکو قسەکانی ئه و هیوایەکیان به دڵی سارا بەخشیبێت، پاشان سارا بەرەوڕووی چوو دەستی ڕاستی قەشه یوسفی گرت و توند گوشی و ماچێکی پشتی دەستی کرد، قەشە یوسف دەستی له دەستی سارا دەرهێنا و هەردوو دەستی خستنه سەر شانەکانی و لەخۆی نێزیک کردەوه و ماچێکی سەری کرد و پێیووت، ‘کچی خۆم، هەست بە ئازاری ئه و دڵه شکاوەت ئەکەم، هەروەک چۆن بەردەوام من لەگەڵ ئازارەکانی ئێوەدا ژیاوم و ئەژیم، خوا ئاگاداری هەموو شتێکه، خوا ئاگاداری پاکی و ناپاکی بەندەکانی خۆیەتی، داواکارم له خوا بەکەس و کارت شادبیتەوه.”