لەسەر داوای برازایەکی #نێچیرڤان بارزانی# و نەوەیەکی مەلا مستەفای بارزانی سکاڵایەکی بەناو یاساییم لەسەر تۆمارکراوە؛ ڕاستەوخۆ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشینەم لە ڕێگای پۆلیس فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە و گشتێندراوە بەسەر هەولێر و #سلێمانی#.
ئەو بیانووەی ئێمەی وەک تۆمەتبار پێ ناوزەدکراوە، جگە لەوەی بەپێی ماددەی 9ی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 تۆمارنەکراوە و بە پێی ماددەی 2ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تۆمارکراوە، ئەوەی سەرنجی یاساییە تۆمەتبارکردنمان تەنانەت پێچەوانەی بنەمای یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان (مۆبایل) و یاسای کاری ڕۆژنامەنووسیشە، چونکە من وەک ڕۆژنامەوانێک نە بەشێوەیەکی زارەکی نە لە هیچ نووسینێک ناوی ئەو نەوەیەی مەلا مستەفا بارزانی و برازاکەی نێچیرڤان بارزانیم نەهێناوە، بەڵکو ئەندامبوونم وەک دەستەی نووسەرانی درەو میدیا کراوەتە پاساوی یاسایی تەنیا لەبەرئەوەی سێ هاوڕێی ئازا و بەڕێز و ئازادیخوازم لە سەرنووسەر و دەستەی نووسەران ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجام داوە.
هاوکات بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەبێ بەڵگەی تاوان هەبێت، بەڵام لەم دۆسیەیەدا هێند یاسا و دادگا بەکارهێندراون بۆ پێکانی ئامانجی سیاسی و حیزبی و دەستڕۆیشتوویی بنەماڵەیی، ئازادی ڕۆژنامەوانی و یاسای ڕۆژنامەوانی لە فەرهەنگی یاسایی بە تەواوی دەرکراون.
لە کۆتایی تەنیا ئەوەندە بە یادی نەوەکانی مەلا مستەفای بارزانی ئەهێنمەوە کە، ئێمە وەک تێکۆشەرێکی ڕێگای ئازادی و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤەکان لە دایکبووین، نە ئەو گوللانەی ڕۆژنامەنووسانمانی پێ تیرۆرکرا و نە هەڕەشە و بەکارهێنانی دادگاش ئێمە لە گواستنەوەی ڕاستییەکان و کاری ڕۆژنامەوانی بابەتی بۆ بەرگریکردن لە دیموکراسی و مافی گشتی ناوەستێنێ و ناترسێنێ، ئەم سکاڵایەش لەبەرامبەر ڕەخنەکانمانە لە سیستەمی سیاسی و داگیرکاری تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان.
سبەی یەک شەممە بۆ بەرگریکردن لە خۆم، لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر دەبم.
نیاز عەبدوڵڵا
#27-10-2019#