هەمووان لە چاوەڕوانی هاتنەوەی تەرمی شەهید (دەلیل خالید) وەستابوون و گۆڕەکەشی لە سەر خاکی شارەکەی چاوەڕێی دەکرد بۆ ئەوەی تا هەتایە بیگرێتە باوەشی خۆی، فرمێسکەکانی ماڵئاوایی بۆ ئەو جیاواز بوون، چونکە ئەو لە شەڕی بەرگری لە خاکی خۆرئاوای کوردستان و هەزاران کیلۆمەتر دوور لە خانەوادە و کەسوکارەکەی شەهید بوو.
رۆژی 21-10-2019، لە کاتی بەرگری سەختی #شەڕڤان#انی #یەپەگە# دژ بەهێرشی سوپای توکیا بۆ سەر گوندەکانی نزیک لە کۆبانێ کۆمەڵێک شەڕڤان شەهید بوون، یەکێک لەو شەهیدانەش گەنجێکی خەڵکی شارۆچکەی #ڕانیە# بوو بە ناوی (دەلیل خالید)ی تەمەن 23 ساڵ.
دەلیل لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر #عەفرین# چووەتە خۆرئاوای کوردستان
خالید ئەحمەد باوکی دەلیل لە باسی چیرۆکی شەهید بوونی کوڕەکەی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەو بە شەهید دەلیلەوە خاوەنی چوار کوڕ بوو، شەهید دەلیل پێش ئەوەی بچێتە ژیانی چەکدارییەوە لە ڕانیە پیشەی کرێکاری بوو، بەڵام ساڵی 2015 کوڕەکەی چووەتە ناو ڕیزی هێزەکانی #پەکەکە# لە #قەندیل#، دوای ماوەیەک مانەوە لە ناو ئەو هێزەدا دواتر گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام پاشان دووبارە گەڕایەوە بۆ ناو ئەو هێزە، چونکە هەستی نیشتمانپەروەری و بەرگری لە خاکی کوردستان بە تەواوی لە مێشکی ئەودا گەشەی کردبوو.
وتیشی: ساڵی پار کاتێک سوپای تورکیا هێرشیکردە سەر شاری عەفرین لە خۆرئاوای کوردستان، شەهید دەلیل لە مانگی 2 ی ساڵی 2018 بڕیاریدا وەک شەڕڤانێک ڕوو بکاتە خۆرئاوای کوردستان و لەگەڵ هاوڕێکانی بەرگری لە عەفرین بکەن و بەشداری شەڕی بەرگری لە عەفرین کرد دژی سوپای تورکیا و گروپەکانی سەر بەو سوپایە، بەڵام دوای داگیرکردنی عەفرینیش لە لایەن تورکیاوە شەهید دەلیل هەر لە خۆرئاوا مایەوە و ڕووی کردە سنووری کۆبانێ.
سەربەرزم بە شەهید بوونی کوڕەکەم
خالیدی باوکی دەلیل باسی لەوەشکرد: ڕۆژی 21ی مانگی ڕابوردوو کوڕەکەی لە کاتی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندەکانی کۆبانێ شەهید بوو، بەڵام دوای زیاتر لەهەفتەیەک ئەو هەواڵی شەهیدبوونی کوڕەکەی پێگەیشتووە، هەرچەندە هەواڵێکی جەرگبڕ بوو، بەڵام سەربەرزم بە شەهید بوونی کوڕەکەم، چونکە لە کاتی بەرگری لە خاکی کوردستان شەهید بووە.
دوو شەو لەمەوبەر لە ڕێوڕەسمێکدا تەرمی دەلیل لە کۆبانێی خۆرئاوای کوردستانەوە گەیشتەوە شارۆچکەی ڕانیە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی قەزاکە بە خاک سپێردرا.
سەید خالید، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کوردستان و چالاکی مەدەنی لە ڕانیه بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: شەهید بوونی هەڤاڵ دەلیل لە خۆرئاوای کوردستان بەڵگەی ئەوەیە کە گەنجی کورد تێگەیشتووە کە هێرشی دوژمن بۆ سەر هەر پارچەیەکی کورستان هێرشە بۆ سەر هەر چوار پارچەکە، بۆیە گەنجێکی وەک شەهید دەلیل گیانی خۆی کردە قوربانی و بێگومان لێرە و لەوێ دەبینرێت کە ژمارەیەکی تری گەنجی ئیدارەی ڕاپەڕین لە ئێستادا لە خۆرئاوای کوردستان لە دژی سوپای تورکیا دەجەنگن، بەڵام بە دیاریکراوی ژمارەیان نازانرێت.
ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادی هێمای بۆ ئەوەشکرد: دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان هەستی نیشتمانپەروەری وای کردووە کە لە ئێستادا گەر دەرفەتیان پێ بدرێت هەزاران گەنج لە باشووری کوردستان ئامادەییان دەربڕیوه کە بە خۆبەخش بچن بۆ بەرگری لە خاکی خۆرئاوا و شەڕ بکەن، بۆیە دەبێت هەموومان ببینە یەک هەڵوێست و بەرگری لە خاکی خۆرئاوا بکەین، چونکە بێگومان دوای خۆرئاوای کوردستان هێرش دەکرێتە سەر باشووری کوردستانیش.[1]