#قوبادی جەلیزادە#
ساڵی 2019 [1]
تعالی لنستحيل کلبا
بیا تا سگ شویم
Come so as to be dogs
---------------------
لە گوندێکدا،
لە باخچەیەکی ئاژەڵاندا،
لە نێو ڕانەمەڕێکدا،
پێکەوە دەژیاین.
بەر هەڵاش بوینایە،
ماڵمان دەبردە نزیک قەسابخانەیەک
بەجووتە بەشوێن ئیسکە گۆشتدا،
وێڵ
بەدەم بەردی مناڵە ورتکانەوە
دەمان قروسکان
زستان بەیەکەوە تەڕی دەکردین
قەشمەریمان بەهاوین دەکرد،
زمانمان لێ دەردەهێنا.
گەر حەزمان بکردایە دەوەڕین
من لاقێکم بەرز دەکردەوەو
بەدارتێلێکدا
بە قەدی درەختێکدا
دەمیزیم.
دەفتەرنفوس و ڕەگەزنامەمان
لەگەڵ خۆماندا،
هەڵنەدەگرت
بەبێ پاسپۆرت، لە سنوورە دەستکردەکاندا
دەپەڕینەوە.
گەر من سەگێکی گۆڵ و تۆ سەگێکی دێڵ بویتایە
بۆ مارەبڕین،
پێویستیمان بە کۆلکە مەلا نەدەبوو.
لە کەلاوەیەکدا جووت بووبوین
تۆ،
لە کۆلیتێکی تاریک نوتەکدا ترەکی بووی
بوبوین بە دایە بابەی (توولە) گەلێکی؛
قاوەیی
بۆر
سپی
رەش
لەناو قەرسیلی وەفادا ڕاکەراکەمان دەکرد.
گەر سەگ بوینایە
نە قوماشفرۆشمان دەناسی
نە بەرگ دروو.
وەک ئاو تاهەتا، ڕووت ڕووت
کەس پێی نەدەگوتین، تەنوورەکەت بۆ ئەوەنە کورتە
کەس بەمنی نەدەگوت؛ دەک بەژەهرت بێ ئەم قاپی عەرەقە
کەس چاودێری موبایلەکەی نەدەکردین
سەد جاسووس بەدوامانەوە نەدەبوو.
کەس هاکی نەدەکردین
سێ مانگ لەچاوەڕوانی مووچەی خانەنەشینیدا،
نەدەلەرزین
پارەی ئاو و کارەبا قەرزار نەدەبووین
نیوەی موچەکەمان نەدەدا بە حەب و دەرمان
لە کافێیەکدا، ترس گەمارۆی نەدەداین
گەر من و تۆ سەگبوینایە
من سەردانی چاوێلکە سازم نەدەکرد
تۆش بیرت لەجوانکاری کەپووت،
نەدەکردەوە
کەس پێی نەدەگوتین بۆ دەستی بەردەڕەش ماچ ناکەن
بۆ بەردێک ناگرنە شەیتان
گەر سەگ بوینایە
پارچە زەوییەکمان دانەدەبڕی بۆ گۆڕ
ناوی سیانی خۆمان نەدەدا بە کێل نووس
کرێ چی نەدەبووین
میوانی ناوەخت مێشکی کون نەدەکردین بە درۆ.
گەر سەگ بوینایە
نە تۆ لە ڕیکخراوێکی ژنان دا، ئیشکت دەگرت و
نەمن چەکم بۆ حیزب هەڵدەگرت
نە ئەوەندە؛
سەنگەر و سفرەمان دەگواستەوە
وەرە با ببین بە سەگ
بیا تا سەگ شویم
تعالی لنستحیل َکلبا
come so as to be dogs
------
توولە : گوجیلە: بێچوی سەگ