یەکێتی پیاوانی کوردستان ئامارێکی دڵخۆشکەر بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان بەرامبەر پیاوان ئاشکرادەکات، بەجۆرێک لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ و شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابوردوو 23 سکاڵا کەمیکردووە، چالاکوانێکی ژنانیش دەڵێت: ❞=KTML_Blue=ئەو توندوتیژییانەی ژن بەرامبەر پیاو دەیکات، کاردانەوەی توندوتیژی پیاوە بەرامبەری=KTML_End=❝.
بەپێی ئاماری یەکێتی پیاوانی کوردستان کە دراوەتە دواڕۆژ، لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 388 توندوتیژی بەرامبەر پیاوان تۆمارکراوە، 23 حاڵەتی خۆکوشتن، 4 کوشتنی پیاو لەلایەن ژنان و بەهاوکاری کەسانی دیکە، بەڵام لەشەش مانگی یەکەمی ساڵی 2018دا، 411 حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر پیاوان تۆمارکراوە لەگەڵ 26 خۆکوشتنی پیاو، 3 حاڵەتی کوشتنی پیاو لەلایەن ژنەکانیانەوە، هەروەها لەشەش مانگی یەکەمی ساڵی 2017یشدا، 419 سکاڵا و توندوتیژی هەبووە، 27 خۆکوشتن، 4 حاڵەتی کوشتنی پیاو لەلایەن ژنەکانیان بەهاوکاری کەسانی دیکە.
توندوتیژی بەرامبەر پیاوان
|
|
|
|
بورهان عەلی، سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: هۆکاری کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان، باشبوونی باری ئابووری و کەمبوونەوەی تەنگژە سیاسییەکانە، چونکە ئەوانە هۆکار و پاڵنەرن بۆ زیادبوونی توندوتیژی و کاتێک کۆمەڵگە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە ڕاستەوخۆ فشار دەخرێتە سەر پیاو، چونکە بەپێی یاسا پیاو بەرپرسە لەدابینکردنی پێداویستییەکانی خێزان، بۆیە ❞=KTML_Red=کاتێک باری ئابووری باش بێت توندوتیژی کەمدەبێتەوە=KTML_End=❝.
بورهان عەلی وەکو نوێترین توندوتیژی بەرامبەر پیاوان، باسی حاڵيتێکی کرد و وتی: لەم ماوەیەی ڕابوردوودا پیاوێک پەیوەندی پێوەکردم کە تووشی بارێکی دەروونی خراپ بووە و بەوتەی خۆی، لەلایەن ژنەکەیەوە لەماڵ دەرکراوە و زەبر بەر سەری کەوتووە و ماڵ و منداڵی خۆیشی ناناسێتەوە و نازانێت ماڵیان لەکوێیە و ئێستا لەهۆتێل دەژی، ئێمەش بەدواداچوون بۆ کەیسەکەی دەکەین.
بەپێی یاسای عێراق، کاتێک ژن و پیاوێک لێک جیادەبنەوە و ئەگەر منداڵیان هەبێت، پیاوەکە بۆی هەیە لەماوەی مانگێکدا چەند جارێک منداڵەکانی ببینێت، بەڵام وەکو بورهان عەلی ئاماژەی بۆ کرد: پیاو هاتووەتە لایان کە دوای جیابوونەوە لەژنەکەی، ساڵێک و شەش مانگ بووە خێزانەکەی نەیهێشتووە منداڵەکانی ببینێت، دوای بەدواداچوون خێزانەکەی وتویەتی منداڵەکە نایەوێت باوکی ببینێت، بەڵام هیچ منداڵێک نییە نەیەوێت باوکی ببینێت.
کەمبوونەوەی ئەو توندوتیژییانە بەرامبەر پیاوان لەکاتێکدایە ساڵانی ڕابوردوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە، توندوتیژییەکان زیاتر بوون، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵ حکومەتی هەرێم سیستمی پاشەکەوتی مووچەی لابرد و دۆخی ئابووری خەڵک تاڕادەیەک ئاسایی بووەتەوە.
بەپێی ئامارەکەی یەکێتی پیاوان، جۆرەکانی ئەنجامدانی توندوتیژی جیاوازن، بۆ نموونە پیاوانی بەتەمەن لەماڵ دەردەکرێن، پیاوانی مامناوەندیش فشاری دەروونی و ئابوورییان لەسەرە، گەنجانیش دەستوەردانی کەسوکار لەژیانی هاوسەرییان لەسەرە.
بەشێک لەڕێکخراوەکانی ژنان پێیانوایە ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر پیاوان دەکرێن کاردانەوەی توندوتیژی پیاوە بەرامبەر ژنەکەی، شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەر و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان بۆ دواڕۆژی ڕوونکردەوە: ئەو توندوتیژییانەی ژن بەرامبەر پیاو دەیکات دەرەنجامی کاردانەوەیە کە پیاو بەرامبەر ژن دەیکات، واتە ئەو توندوتیژییە یەکلایەنە نییە کە پیاوەکە هیچی نەکردووە و ژنەکە توندوتیژی بەرامبەر کردووە، هەروەها پیاوەکە سکاڵای هەیە، ڕەنگە ژنەکەشی سکاڵای هەبووبێت.
سەبارەت بەوەی پیاوان زیاتر توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکەن، شۆخان وتی: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، ئێستاش کە توندوتیژییەکان کەمبوونەتەوە ڕەنگە پیاوان جۆری توندوتیژییەکەیان گۆڕیبێت واتە توندوتیژییەکە جەستەیی نییە و دەروونییە.
هەروەها محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان ڕەنگە زیاتر پەیوەست بێت بەم دۆخەی کە هەیە بەتایبەتی قەیرانەکان، قەیرانی دارایی کە کێشەیەکی گەورە بوو، ئەمساڵ تاڕادەیەک باشتر چارەسەر بووە، بۆیە کاریگەری ئەرێنی بۆ سەر خێزان و تاکەکان دەبێت، هەمیشەش کۆمەڵگەی ئارام پەیوەستە بەباشبوونی باری ئابووری.
هەر لەو بارەیەوە تاڤگە کەمال، توێژەری کۆمەڵایەتی بەدواڕۆژی وت: کەمبوونەوەی ئامارەکان دوو هۆکاری سەرەکییە، یەکێکیان باشبوونی دۆخی داراییە وەک کورد دەڵێت (کەپەکی پڕ، ئاشتی ماڵە) واتە ئەگەر خێزانێک باری ئابوورییان باش بێت، کەمتر توندوتیژی تێدا ڕوودەدات، هۆکاری دووەمیش ئەوەیە ڕەنگە بەشێک لەو پیاوانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت پێیان شەرم بێت سکاڵا تۆماربکەن، چونکە لەکۆمەڵگەی کوردیدا ناکرێت پیاو لێی بدرێت یان لەماڵ دەربکرێت.[1]