شیعرەکانی #محەمەد عومەر عوسمان# لە خوێندنەوەیەکی دروونشیکاریدا
نووسینی: عەدنان ساڵەیی
ساڵی 2019 [1]
پێشەکی
ئەدەب بەگشتی و شیعر بەتایبەتی هەر لە سەرەتاوە تەباو هاوتەریب بووە بە ژیانی مرۆڤایەتی، بەڵام بەشێوەیەکی زانستی نا، بەڵکو ڕۆژانە لە ڕەفتارەکان و قسەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە ڕەهەندێکی مێژوویی دوورودرێژی هەیە و گوزارشتە لە هەست و سۆزی مرۆڤ، ئەوەی نەتوانراوە و نەمانتوانیوە بەزار بیڵێین ئەوا لە ڕێگەی شیعرەوە هەموویمان دەربڕیوە بەهەمان شێوەی ئەدەب و شیعریش دەروونناسی هەر لە سەرەتاوە پەیوەست بووە بە ئاکارو ڕەفتاری مرۆڤ، بەڵام ئەمیش وەک زانستێکی سەربەخۆ نا، بەڵام لە چوارچێوەی فەلسەفەدا دەگونجێت بڵێم بەر لە فەلسەفەش بەشێک بووە لە بیرکرنەوە و ڕەفتاری مرۆڤ، بەڵام لە دواییدا هەر یەکێکیان سەربەخۆیی خۆی وەرگرت وەک زانستێکی سەربەخۆ و باڵا گوزارشتی لەخۆی کردو کۆمەڵێک توێژینەوەی زانستی له و بارانەوە کراوە.
بەشی یەکەم
تەوەری یەکەم
أ-چەمکی دەروونناسی
دەروونناسی لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ زمانی یۆنانی، لە هەردوو وشەی (psyche) کە بەواتای گیان، یان دەروون بەکارهاتووە، یان زۆر جاریش وشەی (psychirios) بەواتای ڕۆحانی یان دەروونی بەکارهاتووە لەگەڵ وشەی (logos)کە بەواتای زانست، یان لێکۆڵینەوە بەکارهاتووە دواتر هەر لە زمانی یۆنانیدا بۆ زانستی دەروونناسی، چەمکی (psychelogos)کە بە زمانی ئینگلیزی (psychelogy)بە فەرەنسی (psychogie) دواتر لە زمانی عەرەبیدا بە (علم النفس) یان (السیکولوجیا)گوزارشتی لێکراوە. لە هەموو ئەمانەدا تاکە واتایەک هاوبەشە ئەوەیە سایکۆلۆژیا مانای دەروونزانی (دەروونناسی)یان زانستی دەروون دەگرێتە خۆی.[2]