دواڕۆژ: ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو
درەنگ دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان و کەمی ڕێژەکە وایکردووە هاوڵاتیانی لادێکان و ناوچە شاخاوییەکان گوێ بە یاساکانی حکومەت نەدەن بەوهۆیەوە بەشێکی زۆری گوندنشینان دەستیان کردووە بە داربڕین بەبێ گوێدانە حکومەت.
ئێحسان سەعید، ناوی خوازراوی گوندنشینێکی خەڵکی #چۆمان#ە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: تاوەکو ئێستا نەوتمان وەرنەگرتووە کارەباش باش نییە بۆیە ناچارین سۆپەی دار بەکاربێنین بۆ خۆ گەرمکردنەوە.
ئێحسان سەعید، دەشڵێت: ساڵی ڕابوردوو تەنیا یەک بەرمیل نەوتمان وەرگرت کە بەشی نەکردین چونکە شە و ڕۆژ سۆبە پێدەکەین لێرە زوو بەفر دەبارێت و کەشەکەی زۆر ساردە.
ئێحسان سەعید، ئاماژەی بەوەشدا: ساڵانە پێویستیمان بە چوار تا پێنج بەرمیل نەوتە بەو ڕەوشە ئابووریە خراپەش ناتوانین بیکڕین کارەبای نیشتیمانیش زۆر خراپە بۆیە ناچارین دار ببڕین.
وەزارەتی کشتوکاڵ هەمیشە هەماهەنگن لەگەڵ پۆلیسی ژینگە و دەستەی ژینگە بۆ ڕێگریکردن لە داربڕین بەڵام هێشتا نەتواندراوە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکرێن.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: داربڕین بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و نابێت کەس دارببڕێتەوە.
حوسێن حەمە کەریم، ڕاشیگەیاند: لەگەڵ پۆلیسی دارستان و دەستەی ژینگە هەماهەنگیمان هەیە و ڕێگری کراوە لە داربڕین بۆیە هەر کەسێک دارببڕێتەوە سزادەدرێت.
حوسێن حەمە کەریم، ئاماژەی بەوەشدا: خەڵک درک بەوە ناکات کە داربڕین دواجار زیان بەخۆیان دەگەیەنێت چوونکە ژینگە پێویستی بە دار و درەختە.
ئاسۆ شکاک، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڤیاری ژینگەیی بۆ دواڕۆژ دەڵێت: داربڕینەوە ئێمەی زۆر نیگەران کردووە چونکە ئاگادارین کە خەڵکێکی زۆر تایبەت ئەمساڵ دەستیان کردووە بە داربڕینەوە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی چونکە ئەگەر تەنیا ئەو دارانە ببڕنەوە کە لەڕەگەوە وشکبوون کێشە نییە بەڵام هەڕەمەکییە و زیانی زۆر بە ڕێژەی سەوزایی و دارودرەخت گەیشتووە.
ئاسۆ شکاک، دەشڵێت: ئێمە سەرقاڵی توێژینەوەیەکین بۆ دیاریکردنی جۆر و ژمارەی دار و درەخت لە کوردستان و تۆمارکردنی ڕێژەی سەوزایی کوردستان بەشێوەیەکی زانستی، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەین ئەگەر دارێکی وشکیان بڕیەوە دوو داری تر بچێنن.
ئاسۆ شکاک، گلەیی لە حکومەت کرد و دەڵێت: بەهۆی دابەشنەکردنی بڕی پێویستی نەوت کێشەی بۆ ژینگە دروستکردووە چونکە بەپێی پێویستی خەڵک نەوت دابەشنەکراوە بۆیە خەڵکیش لەبڕی نەوت دار دەبڕێتەوە کە ئەوە جگە لەوەی دار و سەوزایی لەناو دەچێت هاوکات بەو دوکەڵەی سۆپەی دار ژینگە پیس دەبێت.[1]
#29-11-2019#