دوای بەدواداچوونی بۆ کێشەی کارەبا لە سنووری پارێزگای #هەولێر# فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەرئەنجامەکان دەخاتەروو.
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: لە بەدواداچوونێکدا بۆمان دەرکەوت کە لە سەدا 25ی کارەبای سنووری پارێزگای هەولێر دیار نییە، ئەمەش بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی کردنە سەر هێڵەکانی کارەباوەیە، بەدواداچوونەکان لای بەڕێوەبەرایەتی کارەبا ڕوونە و دەکرێت ئیجرائاتی پێویست بکرێت.
گوتیشی: بۆمان دەرکەوتووە زۆربەی ئەو سەرپێچیانە لەلایەن کەرتی تایبەت کراون، هەروەها چەندین ساڵە پابەند نەبوونە پێدانی پارەی کارەبا بە حکوومەت، بەپێی ئەو داتایانەی لەبەر دەستی ئێمەدایە بڕی پارەکە زیاترە لە 177 ملیار دینارە.
کەنعان خەیلانی، ئاماژەی بەوەشکرد: بەشێک لە فەرمانگەکانی حکوومەت خۆیان ئامادە نەبوونە پارەی کارەبا بدەن، کە دەکرا ئەو فەرمانگانە ناچار بکرێن پابەندبن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتی هەن پارەی کارەبایان نەداوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی: داوا لە وەزارەتی کارەبا و #وەزارەتی ناوخۆ# دەکەین دەست بە ئیجرائات بکەن، کە پێشتر پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندووە، بۆ ئەوەی چاکسازی لە کەرتی کارەبا بکرێت.
جەختیکردەوە: پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەنە سەر کارەبا لە هەر پلە و پۆستێک بن ئیجرائاتیان لەگەڵ دەکرێت.[1]
#30-11-2019#