سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: هەزار و 500 کەیسی پلەبەرزکردنەوەی نایاسایی فەرمانبەران-یان لەلایە و دەشڵێت: ئه و کەسانەی پلەیان بەرزکراوەتەوە پێکدێن لە بەڕێوەبەری گشتی و پلەباڵاکان.
پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابوردوودا وەک پاداشت لە زۆرینەی فەرمانگەکان لەلایەن بەڕێوەبەرەکانەوە دراوە بە بەشێک لە فەرمانبەران، چيندین کەیسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە دەستەی دەستپاکی ئاڕاستەی حکومەت کراون.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم (01-12-2019) بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەماوەی ڕابوردوودا لێکۆڵینەوەیان لە پلەبەرزکردنەوەی ئه و فەرمانبەرانە کردووە کە بەشێوەی نایاسایی پلەیان بەرزکراوەتەوە کە بەژمارە نزیکەی 1500 پێشێلکاری پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی پلە یەک و پلە دوو هەبووە کە بەشێوەی نایاسایی پلەکانیان بەرزکراوەتەوە ئەمە جگە لە پلەبەرزکردنەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پلەباڵاکان.
وتیشی: بەسەدان و بەهەزاران حاڵەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران هەیە بەشێوەی نایاسایی کراوە لەکاتێکدا بەپێی خزمەتی ساڵ و بڕوانامە پلەبەرزکردنەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام فەرمانبەر هەیە لەهەمان پلەیە فەرمانبەری هاوڕێی سێ پلەی بڕیوە کەچی ئەوی تر هەر لەشوێنی خۆیەتی کە ئەمە نایەکسانی زۆری تیادا کراوە.
ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوەشکرد: هەموو کەیسەکان ئاڕاستەی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم کران، بەڵام چارەسەرکردنی سپێردرا بە پرۆژەیاسای چاکسازی کە لەوێ گوایە چارەسەردەکرێت.[1]