بەهۆی زیادبوونی ژمارەی پرۆژەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر و کەمبوونەوەی خواست لە شارەکانی عێراق و لێشاوی هاوردەی مریشکی بەستووی وڵاتان، نزیکەی دوو مانگە خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر لەسەر زەرەر دەڕۆن، بە جۆرێک دەڵێن لە فرۆشتنی کیلۆیەک مریشک 400 دینار زەرەر دەکەن.
وەزارەتی کشتوکاڵ بەنیازی دامەزراندنی ئەنجوومەنێکە بۆ ئەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی مریشک کەمبکاتەوە و جۆرێک لە ڕێکخستن بۆ دانانەوەی جووجەڵە و خستنەڕووی بەرهەم دیاری بکات و پاڵپشت بە یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیش، هاوردنی مریشک سنووردار بکات.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، 1,527 پڕۆژەی مۆڵەتدراوی بەخێوکردنی پەلەوەری گۆشت لە هەرێمی کوردستان هەن (493 لە #هەولێر#، 288 لە #دهۆک#، 602 لە #سلێمانی#، 114 لە#گەرمیان# و 30 لە #هەڵەبجە#). تێکڕای وزەی بەرهەمهێنانیان لە هەر وەجبەیەکدا دەگاتە نزیکەی 22.365.345 مریشک، ئەگەر ساڵانە هەر پرۆژەیەک تەنیا 4 وەجبە مریشک بەخێو بکات و تێکڕای کێشی سافیی مریشکە بەرهەمهاتووەکان بە 2 کیلۆ بخەمڵێنین و 10%ی ڕێژەی مردنی لێدەربکەین، بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە نزیکەی 161 هەزار تۆن.
(2019) پڕۆژەی مۆڵەتدراوی بەخێوکردنی پەلەوەری گۆشت لە هەرێمی کوردستان
|
|
|
|
بەپێی داتاکان، ئێستا نزیکەی 80%ی پرۆژەکان لەکاردان، بۆیە بەرهەمی ساڵانەی ئەم پرۆژانە بە نزیکەی 129 هەزار تۆن گۆشت دەخەمڵێنرێت. ئەمە جگە لەوەی نزیکەی 500 پرۆژەی بێ مۆڵەتیش هەن کە بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە نزیکەی 36 هەزار تۆن، واتە تێکڕای بەرهەم دەگاتە 165 هەزار تۆن.
وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستیی ساڵانەی تاکی بۆ گۆشتی مریشک بە 23.9 کیلۆ دیاریکردووە، بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار، کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی 6 ملیۆن و 34 هەزار کەس کە ساڵانە پێویستیان بە نزیکەی 144 هەزار تۆن گۆشتی مریشک هەیە، بەم پێوەرە بێت هەرێمی کوردستان پێویستی بە مریشکی هاوردە نییە.
حەیدەر فەرحان، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیشەسازیی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراق، خواست لەسەر کڕینی مریشک کەمبووەتەوە، خاوەن پرۆژەکان ناچارن مریشکەکانیان لە کوردستان بخەنە بازاڕەوە، بەهۆی زۆریی خستنەڕووش ماوەی نزیکەی دوو مانگە نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، خاوەن پرۆژەکان لە فرۆشتنی هەرکیلۆیەک گۆشتی مریشک نزیکەی 400 دینار زەرەر دەکەن.
حەیدەر فەرحان پێیوایە ئەگەر ڕەوشی عێراق هەروا بمێنێتەوە، ڕەنگە چەندین کێڵگەی پەلەوەر دابخرێن. ئەو دەڵێت سکاڵای خاوەن پرۆژەکانیان گەیاندووەتە لای وەزیری کشتوکاڵ، ئەویش بەڵێنی پێداون کە ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازیی پەلەوەر دابمەزرێنێ.
حەیدەر فەرحان کە بە ناوی نوێنەری خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر چووەتە لای وەزیری کشتوکاڵ، داواشی لێکردووە سنوورێک بۆ هاوردنی مریشکی بەستوو دابنرێ، چێشتخانەکان، نەخۆشخانەکان، پێشمەرگە و بەندیخانەکان ناچار بکرێن مریشکی دەواجنەکانی کوردستان بکڕن. دامەزراندنی پرۆژەی نوێ مەرجدار بکرێت، لەبەرامبەریشدا ئەوان پابەند دەبن بەو نرخەی حکومەت دیاری دەکات.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەڵێت: مەبەست لە دامەزراندنی ئەم ئەنجوومەنە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و گەشەپێدانیەتی تا ئەو ئاستەی پێویستمان بە مرشکی هاوردە نەمێنێ.
گوتیشی: خواست و حەزی خەڵک بۆ بەکارهێنانی گۆشتی مریشک گۆڕاوە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم خواستە پێویستە پێداچوونەوە بەخستنەڕووی گۆشتی مریشک بەشێوازی جیاواز بکرێت، بۆ نموونە لە شاری هەولێر بەدەیان تۆن مریشک بەشێوەی کینتاکی و شێوەی دیکە بەکاردەبردرێت، بۆیە ئەگەر هەوڵ بۆ گۆڕینی خستنەڕووی مریشک بەشێوەی جیاواز نەدەین، ناتوانین بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی مریشکی هاوردە بدەین.
سەرەڕای ناجێگیریی نرخ و سکاڵای بەردەوامی خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر لەسەر ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان، ساڵ بە ساڵ ژمارەی پرۆژەکان لەزیادبووندان، بە جۆرێک لە شەش ساڵی ڕابردوودا 412 پڕۆژەی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان دامەزراون.
حەیدەر فەرحان دەڵێت: لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و لاوازیی دەرفەتی وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتی لە زۆربەی سێکتەرەکاندا، خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە دانانی پڕۆژەی پەلەوەر کرد. جگە لە پڕۆژە تۆمارکراوەکان زیاتر لە 500 پڕۆژەی بێ مۆڵەتیش لە هەرێمی کوردستان هەن، بۆیە پێمانوایە بەرهەمی ساڵانەی پڕۆژەکانی پەلەوەری دەگاتە 200 هەزار تۆن.
حاجی سەعدی ساڵح، خاوەنی پڕۆژەیەکی پەلەوەرە لە دەوروبەری هەولێر، لە هەر وەجبەیەکدا 10 هەزار مریشک بەرهەم دێنێ و دەڵێت: بەهۆی بێ بازاڕی بە ناچاری سەرجەم مریشکەکانم بە زەرەر بە بازرگانانی عەرەب فرۆشت، لە یەک وەجبەدا 5 ملیۆن دینارم زەرەر کرد.
بەبڕوای ئەم خاوە پرۆژەیە، درێژەکێشانی دابەزینی نرخی گۆشتی مریشک بۆ زیاتر لە دوو مانگ لە هەرێمی کوردستان بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکەمیان خۆپیشاندانەکانی عێراق و دووەمیش لەو ماوەیە بازرگانان مریشکێکی زۆری بەستوویان هاوردە کردووە.
سەرەڕای ئەو زەرەرەی حاجی سەعدی کردوویەتی، بەڵام کۆڵی نەداوە و جووجەڵەی تازەی داناوە و دەڵێت ئێمە ناتوانین دەستبەرداری پیشەکەمان بین، کارەکەشمان وەک قومار وایە، جارێک زەرەر دەکەین، جارێک قازانج.
هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، گۆشتی مریشکی بەستوو لە تورکیا، ئۆکراینا، جۆرجیا، بەرازیل، ئەمەریکا، فەرەنسا، هۆڵەندا و چەند وڵاتێکی دیکەوە هاوردە دەکات.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کەرەنتینی کشتوکاڵ، ساڵانە 70 تاوەکو 85 هەزار تۆن مریشک هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: بڕیاری دروستکردنی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازیی پەلەوەر دراوە کە سەرۆکەکەی وەزیری کشتوکاڵ دەبێ، ئێستا خەریکی دیاریکردنی نوێنەرانی ئەنجوومەنەکەین. ئەنجوومەنەکەش هەر دوو مانگ جارێک کۆدەبێتەوە.
حوسێن حەمەکەریم پێیوایە دامەزراندنی ئەم ئەنجوومەنە هەنگاوێک دەبێت بۆ کەمکرنەوەی هاوردە و پشتبەستن بە بەرهەمی خۆماڵی و دیاریکردنی نرخی مریشک و پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی دروستکردنی پرۆژە پەلەوەرییەکان.
=KTML_Bold=پیشەسازیی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان:=KTML_End=
- 1,527 پرۆژەی مۆڵەتپێدراو هەن
- 500 پرۆژە بێ مۆڵەتن
- ئێستا 80%ی پرۆژە مۆڵەتدارەکان کاردەکەن
- تێکڕای بەرهەمی ساڵانەی پرۆژە بەمۆڵەتەکان 161 هەزار تۆنە
- هەر تاکێک ساڵانە 23.9 کیلۆ مریشک دەخوات
- هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 144 هەزار تۆن مریشکە
- ساڵانە 85 هەزار تۆن مریشک هاوردە دەکرێ [1]
(2019) پێویستی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بە مریشک
|
|
|
|