نووسینی: مامۆستا مەحمود قەرەداغی
2019 سلێمانی
ئەڵقەی یەکەم
بۆچی #ملازم موحسین#؟
لە کۆتایی مانگی نیسانی 1979 فەرماندە و تێکۆشەری گەلەکەمان #فەیسەڵ ڕەشید حەمید ناسراو بە (سیروان تاڵەبانی)# لەگەڵ دەستەیەک پێشمەرگە لە گەڕانەوەیدا لە سەرکردایەتی بەرەو قەرەداغ لە شەوانێکی دەرنگدا لە نزیک دێی #زێڕینجۆ# کەوتنە بۆسەی سوپای عیراق و جاشە خۆفرۆشەکانەوە، هەموو پێشمەرگەکان بە شۆفێری تراکتۆرەکەشەوە کە جوتیارێکی دڵسۆزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو بەناوی حەمەی حاجی کەریم شەهید بوون، لەوان جگەلە سیروان تاڵەبانی و پێشمەرگەکانی تر، حەسەن خاوێی و عەلی چەلەبی جافەرانی و حاجی چاوشی شەهیدبوون.
شەهیدکردنی سیروان تاڵەبانی و هاوڕێکانی زیانێکی گەورەی بە شۆڕشی نوێ و گەلەکەمان گەیاندو لەهەمان کاتدا ورەی پیاوانی ڕژێم و خۆفرۆشانی بەرزکردەوە، لەو بارەیەوە (کۆمیتەی سەرکردایەتی ڕێکخستنی ناوخۆ)ی کۆمەڵە بڕیاریدا بە ئەنجامدانی نەبەردیەکی پێشمەرگانە لە ناوشاری سلێمانی کە تا ڕادەیەک هاوتای تۆڵەسەندنەوەی ئەو پۆلە شەهیدە قارەمانەبێت.
و ئامانجەکەش بە ملازم موحسین و جەللادەکانی دیاریکرا کە دەستی سوور بوو بە خوێنی دەیان پێشمەرگە وخەڵکی تێکۆشەری سلێمانی، کە ماوەیەک بوو ناوبراو بۆ خواردنی نانی بەیانی پێش دانانی دەوام دەهاتە سەروپێخانەکەی بەرخانەقای مەولانا خالید، بەڵام خۆفرۆشێک تەواوی زانیاری لەسەر شوێن وکاتی جێبەجێ کردنی پرۆسەکە دابوو بە ئەمنی سلێمانی و لە #17-05-1979# مەفرەزە هاوبەشەکەمان کەوتە بۆسەی هێزە تایبەتەکەی ئەمن و فەرماندەکەی (تۆفیقی حاجی حسێن بازرگان) خەڵکی دەربەندیخان و (سەڵاحی عوسمانی حەمەگوڵ) خەڵکی سلێمانی شەهیدکران. [1]