کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگەو فەرماندە قارەمانەکان
هەڤاڵان و جەماوەری (ی.ن.ک)
دوای بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەم و ئامادەکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەنجامدانی کۆنفرانسی کۆمیتەکان و مەکتەبەکانی یەکێتی بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ کەرنەڤاڵی ئەنجامدانی کۆنگرە، بۆیە هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان و سەرجەم کارە تەکنیکی و هونەری و لۆجستیەکان تەواوبووەو ئەنجومەنی ناوەندی لەسەر کۆی هەنگاوەکانی ئەنجامدانی کۆنگرەش بەم شێوەی خوارەوە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەکاتەوە:
1- دەبێ لەسەرەتای هەفتەی ئایندەدا کۆنفرانسی مەڵبەندەکان بکرێت کە هەموو ئامادەکارییەکانی بۆکراوە.
2- دەبێ کۆنگرە لەم مانگەدا ببەسترێت و نابێت بەهیچ شێوەیەک کۆنگرە بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت.
3- ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی بەرتەسکی شەخسی یان هەرهۆکارێکی دیکەی نامەشروع کۆنگرە بۆساڵی داهاتوو دوابخرێت ئەوا ئێمە وەک ئەنجومەنی ناوەندی بە هیچ شێوەیەک ناچینە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژووییە و ڕێز لە ئیرادەی یەکێتیەکان دەگرین.
4- دەستخۆشی لە مەکتەبی هەڵبژاردن و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکەین کە بە شێوەیەکی دڵسۆزانەو سەرکەوتوانە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە، داوایان لێدەکەین بەردەوام بن لەسەر کارەکانی خۆیان.
5- ئەنجومەنی ناوەندی بەهەموو شێوەیەک گشت جۆرە لیستێکی داخراو ڕەت دەکاتەوەو لەگەڵ پرۆسەیەکی شەفاف و دیموکراسی داین.
6- ئەنجومەنی ناوەندی سوپاسی دڵسۆزی و پشودرێژی سەرجەم هەڤاڵان و ئۆرگانەکانی یەکێتی دەکات کە ڕوو لە ئەنجومەنی ناوەندی دەکەن و داوای هەڵوێست و پشتگیریمان لێدەکەن.
7- بەووردی چاودێری بەڕێوەچوونی کۆبونەوەی سەرکردایەتی (ی.ن.ک) دەکەین و هیوادارین بڕیارێکی بەرپرسیارانە بدەن لەم ساتە هەستیارو مێژووییەداو ڕوحیانەتی سەرۆک (#مام جەلال#) و سەرجەم شەهیدانی گەلەکەمان شاد بکەن
لەگەڵ ڕێزدا......
ئەنجومەنی ناوەندی
(ی.ن.ک)
04-12-2019