لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە 10-12-1948، جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ پەسەند کرا و ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ دەستنیشان کرا، بەو بۆنەیەشەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
کەنەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، پیرۆزبایی لە گشت مرۆڤایەتیی و مرۆڤ دۆست و ئاشتیخوازان و ئەو کەسانە دەکات، کە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ تێدەکۆشن.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ئەو جاڕنامەیە لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا و دواتر بە بەرفراوانبوونی ڕێکخراوەکە و پەیوەستبوونی بە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە، وڵاتان بەندەکانی ئه و جارنامەیان واژۆ کرد. لەناو ئه و وڵاتانەشدا هەر چوار وڵاتە داگیرکەرەکەی کوردستانی تێدایە، واتە پابەندبوونیان به و بەندانەی مافی مرۆڤەوە نیشان داوە.
لەسەر ئەو بنەمایەش کەنەکە دەڵێت: ئه و پێشێلکاریانەی لە دژی بەندەکانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا وە دەکرێن، دەخەینە بەر دەم و سینگی ڕێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ و هەروەها بۆ هەموو ئه و وڵات و نەتەوانەی، کە ئەندامن لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا. چۆن ئێمە شەرمەزار و ڕیسوایان دەکەین، ئەوانیش بەهەمان شێوە بەپێی بەندەکانی ئه و جاڕنامەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت و سزابدرێن.
هەروەها، باسی لەوە کردووە، کە دەوڵەتی داگیرکەری جمهوری ئیسلامی ئێران جگە لە زیندانییکردن، ڕاوەدوونان و لەسێدارەدان، برسیکردن و هەموو جۆرە پێشێلکردنەکانی مافی مرۆڤ لەدژی گەلەکەمان ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕەوا نازانێت و لە بنپێکردنی بڕیارەکانی یەکێتی نەتەوەکان بەردەوامە و گەلەکەمان لە بەردەم گەورەترین مەترسی و زوڵم و زۆرداری ئەم ڕژێمە شۆڤینی و نامرۆڤدۆستەدایە.
لەبارەی تورکیاشەوە نووسیوێتی:دەوڵەتی نەژادپەرستی تورک، بەبەرچاوی دونیاوە سیاسەتی دژە کورد و ئەنتی دیموکراسی و مرۆڤایەتی پیادە دەکات. بەربووەتە گیانی خەڵک، زیندانکردنی چالاکوانان بێ دادگاییکردن، قەتڵوعامی کۆمەڵانی خەڵک و خاپورکردنی شاروشارۆچکەکان و ماڵی هاوڵاتیان. ئەم ڕژێمە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی بە دۆخ و ناوچەگەلی تایبەت کردۆتە سەربازگه و حاڵەتی شەڕی تیادا ڕاگەیاندووە و بەبەرچاوی دونیاوە کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات.
کەنەکە، تەواوی ئه و پێشێلکارییانە شەرمەزار دەکات و ئەوەش دەدات بە گوێ و بەرچاوی ئه و وڵات و نەتەوانەی کە ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێز له و بەندانە بگرن کە سوێندیان بە مرۆڤایەتی خواردووە و واژۆیان کردووە.
10-12-2019