دەب: پاشماوەی وشەیەکی هەزاران ساڵە.
دەب هەروەها دەپ وەک لە (هەنبانە بۆرینە)دا هاتووە، واتای تەختەدار دەگەیەنێت. هەروەک بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، وشەی لێکدراوی (دەپڕەش) بۆ تەختە ڕەشی، لە سەر نوسین بەکاردەهێندرێت. لە ناوچەی هەکاریی، دەپ ناوی هەموو تەختەیەکە.
وشەکە میراتێکی کۆنی نەریتی نوسینە و بۆمان ماوەتەوە. ڕەگی وشەکە دەچێتەوە سەر ڕەگی وشەی سومێریی (dub، دوب) بە واتای هەڵکۆڵینی نوسین لە سەر قوڕ. نوسین. ئەمە بەو واتایە نیە کە ئێمە وشەکەمان ڕاستەوخۆ لە سومێریی بۆ ماوەتەوە. شوێنەواری وشەکە بە قووڵایی مێژوی زمانەکانی کوردستان، دیارە و دەناسرێتەوە. لە زمانی ئاڤێستایی، بە نوسین گوتراوە دیپی، dipi کە هیچ گومانی تێدا نیە بۆ سەر ڕەگی وشەی سومێریی dub، دوب دەگەڕێتەوە. لە زمانی پەهلەوییدا، بەو ڕێنوسە تایبەتیەی کە دەقەکانی ئاڤێستای پێ نوسراوەتەوە، گوتراوە دین- دەبیری، din- dabiri کە واتاکەی ڕێک دەبێتە (نوسینی ئاینیی). هەر لە پەهلەویی، دەپیر، dapir هەبووە بە واتای نوسەر. لە پەهلەویی درەنگتریشدا، هەمان وشەی دەپیر بۆ دەبیر، dabir سوکتر کراوەتەوە و بۆ نوسەر و نوسین بەکار هاتووە. بە پەهلەویی و لە سەردەمی دەستەڵاتدارێتی ساسانیاندا، بە نوسەران گوتراوە دیپیڤەر، dipivar. وشەکە لە وشەی سومێریی (دیپی) و پاشگری (-وەر) پێکهاتووە. هەمان وشە لە زمانەکانی بابلی، ئارامیی و گرێکیی، تا بە عارەبییش دەگات بە فراوانی شوێنەواری دەبیندرێت.
ئەگەر جارێکی دی سەیری وشە کوردییەکەی (دەب، دەپ) بکەین، لێکچوونی زۆری وشەکان لەگەڵ هاوتا سومێرییەکەی دیارە. هەروەها بوونی ڕایەڵێکی دی پەیوەندی نێوانیانە. وەک دەبینین دەپ بە شێوەی دەپەڕەش بۆ لە سەر نوسینیش بەکار دێت، کە ئەمەش هەمان واتای بنەڕەتی وشە سومێرییەکەیە. دیارە زمانی کوردیی هێشتا وشەی دیشی لە دەپ، یان تەختە دروست کردووە وەک (دەپەشۆر) بە واتای تاتەشۆری مردوو. بەڵام بە گومانی هەرە زۆر دەب و دەپ، پاشماوەی هەمان هونەری نەخش و وێنە هەڵکۆڵینی سومێرییە، جا لە سەر تابڵۆیەکی قوڕین بووبێت، یاخود دواتر لە سەر پێستە و تەختە! دەبینین، لە زمانی ئەرمەنییشدا، وشەی Dprots، دپرۆتس واتا فێرگە. خوێندنگە.