بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێزی مەراسیمی ڕۆژی #ئاڵای کوردستان#، لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا کۆمەڵێک سەروەری و داستان و نەبەردی هەن کە دواجار بوونەتە مایەی ئیلهامبەخشین بۆ هونەرمەندان و داهێنەرانی، تاوەکو بیکەن بە هێما و نیشانە و نەخشاندنی ئاڵاکەیان کە تێیدا سەرجەم قۆناغەکانی مێژوو و بەها پیرۆزە نەتەوەییەکانی ڕەنگبداتەوە. گەلی کوردیش وەک هەر گەلێکی دیکە خاوەنی سەتان داستان و شۆڕشی گەورەیە لە مێژوودا و لە هەر قۆناغێکی شۆڕشەکانیدا خاوەنی ئاڵای خۆی بووە، ئاڵایەک کە هەموو ڕەنگەکانی پێناسەن بۆ شۆڕش، ئاشتی، گیانبازی، ژینگەدۆستی و ژیاندۆستی. خۆشبەختانە ئەم ئاڵایەی کە بەسەر سەرمانەوە دەشەکێتەوە مایەی شانازیی هەموو کوردێکە کە بۆ یەکەمجار لە سەردەمی کۆماری مهاباد لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەممەد لە شاری مهاباد هەڵکرا کە بە داخێکی زۆرەوە زۆری نەخایاند، بەهۆی پیلانی داگیرکەرانی کوردستان دواجار ئەزموونی یەکەم کۆماری کوردستان لەباربرا.
خۆشەویستانی ئامادەبووی ئەم ڕێوڕەسمە شکۆدارە، بە درێژایی مێژوو مرۆڤی کورد خەون و ئاواتی گەورەی ئەوە بووە کە ئاڵای کوردستان بەسەر سەری و خاکە پیرۆزەکەیدا بشەکێتەوە. خۆشبەختانە ئەم هیوا و ئاواتەی گەلی کوردمان لە دوا ڕاپەڕینی ئازاری 1991، دوای نیو سەدە بۆ جارێکی دیکە لە خەونەوە بوو بە واقیع، لەپێناو بە ڕەسمی ناساندنی ئەم ئاڵا پیرۆزە لە ناوەندە نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆییشدا، پەرلەمان بە بڕیاری ژمارە 48 ڕۆژی 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی ئاڵای کوردستان ناساند. لایەنێکی دیکەی ئەم بۆنەیە و جوانییەکی دیکەی ئەم بۆنەیە ئەوەیە کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی دایک، بۆ ئێمەی کورد ئەم مێژووە ڕەهەندێکی قوڵتر و زیاتر لە واتایەک دەبەخشێت، چونکە گەلێکجار مرۆڤ وابەستەیی خۆی بە خاک و نیشتمان و ئاڵا سەرکەشەکەی، بە پەیوەندیی نێوان خۆی و دایکی دەچووێنێت. بۆیە ئەگەر بۆ هەر تاکێکی سەر ئەم گۆی زەوییە ئەم ڕۆژە یەک واتا و یەک پیرۆزیی هەبێت، بۆ ئێمەی کورد دووجار پیرۆزە، جارێکیان بۆ خۆشەویستیی دایکە و ئەوی دیکەش بۆ پیرۆزکردنی ڕۆژی ئاڵای کوردستانە.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم بۆ بەشداریکردن لەم یادە شکۆدارە، هەروەها سوپاسی ڕێکخەران و ئامادەکارانی ئەم مەراسیمە شایستەیە دەکەم، خوای گەورە پشت و پەنامان بێت، سەرفرازی بۆ گەلی کورد، هەر بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
#17-12-2019#