نووسینی: #کۆسرەت ئەحمەد بێکەس#
2019 هەولێر
بێدەنگی تۆ لە هێمنی دەریا دەچێت
کۆسرەت ئەحمەد بێکەس
دەمەو ئێوارەیە،
جەستەم شەکەت و
سەمای دابڕان ورکی پێگرتووم،
هەنگاوەکانم لە خۆمەوە دەستپێدەکات
پێیەکانم دەڕۆن و مێشکم دوورتر،
لەسەر ڕێگام دوو جەستە پەیامی یەکتایی دەدەن و
ووردە ماچ دەپڕژێننە سروشت،
پاسکیلێک سەری بە باوەشی پیرە دارێک کردووە،
دارێک، وا بەشکۆوە وەستاوە
دەڵێی لە نوح یاخی بووە و
لافاوی خستۆتە سەر شانی گەڵاکانی و خۆی بۆ
تێنیویەتی ووشکە ساڵی دڵەکان هەڵگرتووە،
لەولاوە ناوقەدی شەنگە بی بە ئازاری شوێن تەوری زەمەنەوە بەخێرهاتنی ڕێبواران دەکا.
پشوێک لە کەناری گۆلێک خەیاڵم بەرەو ئاسۆ دەبا،
گۆلێک مەند.. مەند لە نێو پێخەفی سەوزی دارەکان ڕاکشاوە،
سەرم گەرم داهاتووە هێندەی بیر لە ووڵات بکەمەوە، کەچی
خرچە خرچی زیخ و چەوی غوربەت
ناهێڵێت بە دەنگت ئاشنا بمەوە،
من لەتێڕامانمدا بیر لەم هەموو قەرەباڵغیە دەکەمەوە
بێدەنگی تۆش ژاوە ژاوی ئەم دەڤەرە دەشکێنێت
ئەم ئێوارەیە ژیان چەند کورتە
لە چاوەڕوانیدا کات چەند سستە
من هەنگاو دەنێم، هەنگاوەکانم
لە بێ تۆیی دەست پێدەکەم و
بەرەو تۆ ئەندێشەم باڵدەگرێ.
بۆ بینینت ڕوح
پێشی جەستە هەڵدەفڕێ... [1]