#ئەمین خەواله#
فەرهەنگ و کولتووری هەر نەتەوەیەک بەشێکی گەورەیە لە بنیاتی کۆمەڵگا و زیندوو ڕاگرتنی کولتوور و فۆلکلۆرەکان بۆ نەتەوەی داهاتوو مافی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە بۆ ئەوەی نەوەی دوا ڕۆژ بە تێڕامان و بیرکردنەوە خۆی و ڕابردووی بە جوانی بناسێت و بزانێت لە کوێ وە هاتووە و خاوەنی چە مێژوو و فەرهەنگ و کولتوورێکە و هەوڵ بدات بۆ پاراستنی و ناساندنی بە نەتەوەکانی دراوسێ و بیانی.
هەڵپەڕکێ، گۆڤەند، شایی یا دیلان بە کومەڵێک جووڵەی ڕیتمیک دەگوترێت کە بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی یان بۆ هاوخەمی یان دەربڕینی بێزاری و ڕق و تۆڵە و بڕێک جاریش بۆ سپاس و شوکرانە بە جۆری تاکەکەسی یان بە گشتی دەکرێت و لە گەڵ گوڕینی ڕیتم و میوزیک شێوازی ئەگوڕدرێت.
سەبارەت بە مێژووی سەرهەڵدانی هەڵپەڕکێی کوردی باشترین بەڵگە دیاکۆنۆڤ لە کتێبی مێژووی مادەکان باسی دەکات کە دەڵێت لە ساڵی 612 پێش زایین مادەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئاشورییەکان لە دەشتی نەینەوا و سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە کاتێک کە فەرماندەکان گەڕاونەتەوە و باسی شەڕەکەیان بۆ ئیمپراتۆر کردووە نەیانتوانیوە شمشێر بەکاربێنن، لە بری شەمشێر دەسماڵی سوریان بەکارهێناوە وجوڵەکانیان لە شێوەی هەڵپەڕکێی گەڕیان بووە، بۆیە کۆنترین جۆری هەڵپەڕکێ گەڕیانە کە شێوازێکی ئارامی هەیە، پاش بینینی ئەم نواندنە ئیمپراتۆر بڕیار دەدات هەموو ساڵێک ئەم نواندنە لە یادی سەرکەوتنەکەدا بکرێتەوە و ئەمە بووەتە دەستپێکێک بۆ مێژووی هەڵپەڕکێی کوردی..
بە گشتی هەڵپەرکێی کوردی به پێنج بەشی سەرەکی دابەش ئەکرێت : هەڵپەڕکێی شایی : بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی لە کاتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی خۆشەویستانمان لە گەڵ مۆسیقایەکی خۆش و ڕیتمیک و لە سەر بەزمی شاد کومەڵێک کوڕ و کچی گەنج بە جل و بەرگی نوێ و زەرد و سووری کچان و بە شێوازی ڕەشبەڵەک یان تێکەلاو چەندەها شێوازی جوانی هەڵپەڕکێ پێشکەشی بووک و زاوا و دۆستان و ئازیزان ئەکەن کە بە هۆی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی ئازیزانیان لە شوێنێک کۆبوونەتەوە و بە کۆمەڵ خۆشی و ئاهەنگ ئەگێڕن. هەڵپەڕکێی شیوەن : جورێکی تایبەت بە ناوچەیەکی تایبەتی کوردستان زیاتر لە ناوچەی #کرماشان# و #ئیلام# بە ناوی چەمەری یا چەمەڕا کە لە کاتی کۆچی دوایی و لە دەس دانی خۆشەویستێک لە بنەماڵەیان ئەیگێڕن و بەم شێوەیە کە بە لای چەپ دا دەسووڕێن و پیاوانی شین گێڕ سۆرانیە کانیان لە خۆم یان ڕەنگی شین هەڵ ئەکێشن و لە ملیانی ئەکەن و بە ڕیتمێکی زۆر خاو بە لای چەپ دا ئەچەن و ژنان بە شێوازێکی تایبەت لە ناوەڕاستی دایرەکە دا دەستیان بۆ دەرەوە پێچ ئەیەن و لە گەڵ وشەی هەی ڕۆ هەی ڕۆ شین ئەگێڕن و هاوخەمی خۆیان بۆ لە دەست دانی کەسی کۆچکردوو دەردەبڕن و شیوەن ئەکەن.
هەڵپەڕکێی سپاس و شوکرانە : جۆرێکی زۆر کۆنی هەڵپەڕکێ لە ئاواییەکانی کۆردستان لە کاتی بەرهەم هێنانی خەلە و خەرمان بۆ شوکر و سپاسی پەروەردگاریان بە دەوری کۆگای خەرمان دا ئاهەنگیان دەگێڕا و بەم شێوازە سپاسی خۆیان دەردبڕی و دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕی.
هەڵپەڕکێی ڕەزم یا شەڕ : جۆرێک لە هەلپەڕکی لە ڕابردوویەکی زۆر کۆن ئەڵێن کاتێک سۆپای هێزی کوردی لە شەڕ بەرانبەر ئاشووریەکان گەرانەوە بە شێوازێکی زۆر جوان شێواز هێرش بردن بۆ سەر دوژمنیان بۆ سەرگەورە و فەرماندەکەیان گێڕاوە کە چۆن هێرشیان بردووە و کاتی خۆی چۆن بەرگریان کردووە و لە کاتی هێرشی دوژمن چە تاکتیک گەلێکیان بە کار بردووە.
هەڵپەڕکێ عیرفانی یان سەما : سەما یان سەماع جورێک هەڵپەڕکێی تایبەتی بڕێک لە ناوچەکانی کوردستان و تەریقەتەکانی قادری و نەقشبەندی و پیرشالیاری هەورامانە کە زیاتر وەکوو زیکر لە خانقاکان دا بە کار براوە و لە گەڵ دەف و هەلهەلەی دەروێشان جورێک زیکری تایبەتی پێ کراوە.
بەڵام بە گشتی هەڵپەرکێ یان گۆڤەند لە شایی و بۆنە خۆشەکانی کۆردەواری زیاتر بە کار هێنراوە و کوران و کچانی گەنج بە جل و بەرگی ڕازاوە بە شێوازی ئەڵقە و دەس لە ناو دەستی یەکتری خۆشی و شادی خۆیان دەربڕیوە یەکەم کەسی لای ڕاست کە دەسرە یان دەسماڵێک بە دەستیەوە وەکوو ڕێبەری گرووپەکە بە ناوی سەرچۆپی یان سەرچۆپی گێر کە ڕاستەوخۆ خۆلی سەرەکی شێوازەکانی گۆڤەندی گێڕاوە و دواین کەس کە ئەبێتە لای چەپ گاوانی پێ ئەڵێن و هەموویان بە ڕێتمی ساز و دهۆل یان زەرب و جوزلە و لە ئێستا دا بە ئورگ و دەیان سازی پێشکەوتووی نوێ بە لای ڕاست دا بە شێوازگەلی جۆراوجۆر هۆنەر و جوانیەکانی خۆیان نمایش ئەکەن. پرۆفیسۆر جینۆ ئالفرێد ڕۆژهەڵات ناس لە وەسفی هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی کوردی ئەڵێت هەڵسووراندنی دەسرە بە ئاسمانەوە نیشانەی ئازاد بوونی نەتەوەی کورد بەیان ئەکات پێ کۆتان بە سەر خاک دا نمایش لە نیشتمان پەرەستی و خۆشەویستی خاکی نیشتمان ئەکات و تا چە ڕادەیک میللەتی کورد بەستراوە بە خاک و خۆڵی نیشتماین خۆیەوە جۆری ڕەشبەڵەک یان پیاوێک و ژنێک دەس لە ناو دەستی یەکتری یانی ئەوەی کە لە ناو میللەتی کورد دا ژن و پیاو هیچ جیاوازیەکیان نیە و بەرابەرن و دەس لە ناو دەست و شان بە شانی یەکدی نیشانەی هاوئاهەنگی و تەبایی و برایەتیان نمایش ئەکات بە وتەی پرۆفیسۆر جینۆ ئالفرێد ئەم شێوازە هەڵپەڕکێ لە هەموو دونیادا بێ وێنە و بێ هاوتایە.
هەڵپەڕکێ لە هەموو بەشەکانی کوردستانی گەورە وەکوو داب و نەریتێکی جوان پشت لە دوای پشت هاتووە و پارێزراوە ڕاستە شێوازە کۆنەکان بە پێی گوڕینی جل و بەرگەکان گوڕانکاریان بە سەر دا هاتووە بەڵام گرم و گوڕتر لە جاران وەکوو بابەتێکی بە نرخ بۆ زیندوو کردنەوەی کورد و چاوترسێن و تۆقاندنی دوژمنان ڕاگیراون و بە جوانی ماونەتەوە و هەر دەم شایی کوردی دوژمن بەزێن بووە و ویستوویانە هەوڵ بۆ لە ناوبردنی بدەن بەڵام بە خۆشحاڵیەوە نەیانتوانیوە و میللەتی کورد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وەکوو هەژموونیەک پاراستوویانە و ئاگاداریان لێ کردووە و تەنانەت زۆر جار لە فێستیڤاڵ و بۆنە تایبەتیەکان دا بۆ میللەتانی دەرەویان نمایش کردووە.
هەر بەشێک لە نیشتمانەکەمان چەن جۆری تایبەت بە خۆی وەکوو داب و نەریتی ئه و ناوچە هەڵگرتووە بۆ وێنە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات جوانترین شێوازەکان لە شارەکانی #سنە# و #مەریوان# نمایش ئەکرێن شێوازگەلێک وەکوو گەڕیان – لەبلان – خانەمیری – فەتاح پاشایی – سێ پێ یان سێ جار – قڕەپیرێژن – شەلان – چەپی و ڕاستی و دەیان جۆری دیکەیان هەیە لە باشووری وڵات چەن شێوازی جوانی وەکوو بیلانی و گوڵشینی و شێخانی و ملانی و کوتان و قلیچکی و … زیاتر باوە و لە باکووری کوردستانیش شێوازەکانی شاری دیاربکر بۆ وێنە دەلیلۆ – ئەسمەرم – چاچان – چەپک – دووپێ – مریەمۆ – بێری – تەشی – پاپۆرە و کەلەک و لەشاری وان : بابلەکان – بارانە – دلۆ – گوڵێ – سەراوان – مەیمووکێ – نارێ – سونگوڵ – سنجانێ – کۆچەری – لۆرکێ – شیروانێ و مەندۆ و دەیان شێوازی تایبەت بە ناوچەکەیان کە زۆر جار جیاوازییەکی بەرچاوی لە گەڵ ئه و بەشانەی دیکە و بە تایبەت ڕۆژهەڵات هەیە. بەڵام لە ڕاستی دا هەموویان یەک بنچینە و یەک بنەمای تایبەتیان هەیە و هەموویان بۆ دەربڕینی هەستی بەشدارانی گۆڤەندە بەرانبەر بینەران و بەشداربووانی شایی و ئاهەنگەکە و لە هەموو پارچەکانی کۆردستان شایی و گۆڤەند هاوکاتی لە گەڵ ڕووی خۆش و دەم بە بزە و پێکەنینی سەما کاران بۆ ئەوەی هەستی جوانی خۆیان نمایش بکەن.
گرووپەکانی هەڵپەڕکێی ڕۆژهەڵات پێکهاتوون لە دەیان گرووپی جوان و بە توانا وەکوو گرووپی دوانزە سوارەی مەریوان و گرووپی هەڵپەڕکێی #مەهاباد# و گرووپی ئاسۆی سنە و چەن گرووپی گەورەی دیکە کە شۆناس و کولتووری کوردیان نەک بە تەنیا لە ئێران بەڵکوو لە هەموو دونیا و بە تایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا بەرز ڕاگرتووە و کولتوور و فەرهەنگی نەتەوەی کوردیان بە دونیا ناساندووە و ساڵیانە لە دەیان فێستیڤاڵ و کارنەڤاڵی جیهانی دا نمایش پێشکەش ئەکەن و چەندەها خەڵاتی ڕێزلێنان و پلەی جوانیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە و شانازی جوانیان بۆ خۆیان و گەلی کورد تۆمار کردووە.
وەک باسی لێکرا چەنێک گۆڤەند و هەڵپەڕکێی کوردی دوژمن بەزێنە جل و بەرگی جوان و ڕازاوەی کوردیش بە دەیان جار هێزێکی وزە بەخش بۆ گەلی کورد و بۆ زیندوو ڕاگرتنی مێژووی کورد و هەڵپەڕکێی کوردی هەیە و لە گەڵ ئەوەش دا زیندوو بوونی گەلی کورد بۆ دوژمن ئەسەڵمێنێت و چاونەترسی و یەکگرتوویی و نەتەوە پەرەستی میللەتەکەمان نیشان ئەدات جل و بەرگی زەرد و سووری ژنان ڕاستە لە گەڵ مێژوو دا گوڕانکاری زۆری بە سەر دا هاتووە بەڵام نمایش لە سەرزیندوویی ژنان و ئافرەتانی گەلی کورد ئەکات و جل و بەرگی پیاوان وەکوو ڕانک و چۆغەی شاڵ و کڵاشی هەورامی و پووزەوان و #سۆران#ی و پەستەکی هەورامانی نیشان لە سەربەخۆیی میللەتێک ئەکات کە گەلی ئێمە چەن میللەتێکی داهێنەر و پێویستی بە یارمەتی گەلانی بن دەست نیه و لە کاتی تەنگانە دا ئەتوانێت خۆی و بنەماڵە کەی پۆشتە و پەرداخ بکات و پێویستی بە یارمەتی کەس نەبێت و نیشان لە سەربەخۆیی نەتەوەیەک ئەکات.
سروشتی جوانی و سەرسەوز و ناوچە شاخاویەکانی کوردستان لە گەڵ بەروبوومی زۆر و بە نەرخ ئەم ناوچەی لە گەڵ هەموو ناوچەکانی سەر بە وڵاتانی ئێران و عێراق و تورکیە جیاواز ڕاگرتووە و نەتەوەی کورد ئەتوانێت بە باشی خۆی بپارێزێت و پێویستی بە یارمەتی کەس نەبێت و لە کاتی تەنگانە دا هەموو بژێوی خۆی دابین بکات.
هەڵپەڕکێی کوردیش وەکوو زۆر داب و نەریتی جوانی دیکە هەر وەک بەیت و حەیران و لاوک و هۆرە و سیاچەمانە گرێ دراوە بە ڕۆح و ڕەوانی نەتەوەی کورد و کولتوور و فولکلوری ئەم نەتەوەی لە خۆ ڕا هەڵگرتووە و بۆتە هۆی ناساندنی به وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە و هۆی لە ناونەچوونی فەرهەنگی چەن هەزار ساڵەی ئەم میللەتە و گەشە کردنی ڕۆحیەی شاد و زیندووی خەڵکی کوردستان و لە لایەک ڕێزی وڵاتانی دەرەوە وەکوو گەلێکی ئازاد و خاوەن مێژووی ڕەسەن و ئه و هەموو بابەتە جوان و بە نەرخە و فەرهەنگێکی بە نرخ و مێژوویەکی جوان کە ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە ئەسێنێت و لە ناو ناچێت.[1]