هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک –#قەسەدە# لەبارەی هێرشی داگیرکەرانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، ڕاگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیێنراوەکەی قەسەدەدا هاتووە:
سوپای تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانی بە مەبەستی بەرفراوانکردنی ئەو ناوچانەی داگیری کردوون، بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکە. لەم چوارچێوەیەشدا؛
عین عیسا
9ی کانونی دووهەم فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان، خاڵی پشکنینی ناوچەی عەین عیسایان بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی مەدەنی و کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش بریندار بوون. هەمان ڕۆژ سوپای داگیرکەران بە مووشەک و چەکی قوڕس لە نزیک گوندی هۆشان هێرشیان کردە سەر ڕێگای نێودەوڵەتی (M4). لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیانێکی زۆری مادی بەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییان کەوت.
#گرێ سپی#
لە 10 و 11ی کانونی دووهەم سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی، بە مووشەک و هاوەن گوندەکانی ئەریدا، شۆربەنیسک و قیزال-یان تۆپباران کرد. لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا زیانێکی زۆر بەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییانی مەدەنی کەوت.
تربەسپی
دوا نیوەڕۆی 12ی کانونی دووهەم، کاتژمێر 13:00 لە نزیک گوندی دۆکر کە ناوچەیەکی جێبەجێکردنی ئەرکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە، لە لایەن سوپای تورکی داگیرکەروە هێرشی کرایە سەر. لە ئەنجامی هێرشەکەدا، 2 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هاوڵاتییەک شەهید بوون. هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکەدا، ژمارەیەک هاوڵاتی دیکەی مەدەنیش بریندار بوون. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەو ڕۆژەوەی ئاگربەست ڕاگەیێنراوە تا ئەمڕۆش، بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە و بە هەموو شێوەیەک بەردەوامە لە هێرشەکانیدا.[1]
#13-01-2020#