ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/1/22 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی #مەسرور بارزانی# سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆژەی پەیڕەوی (پیادەکردنی پیشەی چاودێری و وردبینی ژمێریاریی لە هەرێمی کوردستان - عێراق) خرایە ڕوو کە تایبەتە بە پیشەی ژمێریاریی یاسایی کە کاری وردبینی لە بودجەی کۆمپانیاکان دەکەن بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی باج.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە وەک بەشێک لە هێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چاکسازیکردن لە داهات و بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە دانی باج و ڕەسمی گومرگی کە بەشێکی داهاتی گشتی پێکدێنن، هەروەها لە پێناو گەیشتنی فەرمانگەکانی باج و گومرگ بە زانیاریی دروست سەبارەت بە داهاتی پڕۆژەکانی باجدەران، پێویستە دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە شێویەکی پیشەییانە و لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکاندا وربینی تەواو لە ژمێریارییەکانیاندا بکرێت بەهەماهەنگی لەگەڵ #وەزارەتی دارایی# و ئابووری لە پێناو ئاسانکاریکردن لە کاروباری باجدا. هەروەها پەیمانگای باڵای پێگەیاندنی ژمێریار و وردبینانیش بخرێتە سەر #وەزارەتی خوێندنی باڵا# و تویژینەوەی زانستی، بۆ پێگەیاندنیان بە شێوازێکی ئەکادیمیانە و بە پێی پێوەرە زانستییەکان. دوای گفتوگۆکردن دەربارەی پڕۆژەی پەیڕەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەسەندی کرد.
ئەنجومەنی وەزیران لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەختی کردەوە لە سەر بەکارهێنانی موڵک وماڵی دەوڵەت و ئوتۆمبێلەکانی حکومەت لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان بە جۆرێک کە تەنیا لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت و، لە کاتی مامەڵە پێکردنیشیان ڕەچاوی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک وماڵی دەوڵەت بکرێت.
#22-01-2020#