لە #سلێمانی# بەرهەمی سەوزەی ناوخۆ پێداویستی بازاڕ پڕ دەکاتەوەو سێ هێندەی ساڵی پار بەرهەم زیادیکردوەو لەو بەرهەمەش بەشێکی هەناردەی پارێزگاکانی تری عیراق دەکرێت، قائیمقامی سلێمانی دەڵێت: گرنگی تەواو بە بەروبومی ناوخۆیی دەدەن.
ئەمڕۆ 26ی کانونی دووەمی 2020، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریکردنی هاوسەنگی بەروبونی سەوزەو میوە لەپارێزگای سلێمانی کۆبوەو لەکۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: بەئامانجی زیادکردنی ئاستی بەروبومی ناوخۆیی پاڵپشتی زیاتری جوتیاران و پرۆژە خۆماَلییەکان دەکەن.
وتیشی: وەک هاوکارییەک بۆ جوتیاران و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان جەخت لە بڕیاری وەرنەگرتنی عمولە لەجوتیاران لە عەلوەی سلێمانی دەکەنەوەو لەکاتی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان هیچ بڕە پارەیەک لە جوتیاران وەرناگیرێت و هەر نوسینگەیەکی کشتوکاڵی پارە لە جوتیاران وەربگرێت ڕوبەڕووی سزا دەکرێتەوە.
بڕیارەکەش کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر دروستبونی جموجوڵ و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیاران لە عەلەوەی سلێمانی.
هەروەها قائیمقامی سلێمانی جەخت لەبەرهەمهێنانی سەوزە بەئاوی پاک دەکاتەوەو ڕایگەیاند: هەرجوتیارێک سەوزە بەئاوی قورس بەرهەم بهێنێن ڕوبەڕوی سزای یاسای دەبێتەوە، کە خۆشبەختانە سەوزەی بەرهەم هاتوو بەشێوەی تەندروست سێ هێندەی ساڵی پارەو هاوردە بۆ پارێزگاکانی تری عیراق دەکرێت.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت بەروبومی سەوزە و میوە بە قاچاخ هاوردە بکرێت، لە هەرشوێنێکی عەلوەو بازاڕەکاندا ئەو بەرهەمانەی کە بەنایاسایی هاوردەدەکرێن ببینرێن خاوەنەکەی ڕوبەروی ڕێکاری توندی یاسایە دەکرێتەوە.[1]
#26-01-2020#