رۆژانی 30 و 31ی ئەم مانگە، پێنج ساڵ بە سەر شەهیدبوونی هەردوو فەرماندە (#شێرکۆ فاتیح شوانی#) و (#حسێن مەنسور#) و پۆلێک لە هاوسەنگەرانیان تێدەپەڕێت، کە لە داستانێکی کەم وێنەداو لە پێناو پاراستنی #کەرکووک# و پێکهاتەکانی بە خوێنی گەشیان توانیان بەر بە پیلانگێڕییەکی گەورە و مەترسیداردا بگرن و ڕێگەیان نەدا دەستی ڕەشی ڕێکخراوی تیرۆرستی #داعش# بگاتە کەرکووک و، دانیشتوانەکەی ڕەشە کوژ بکرێن!
لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە پاڵپشتی و پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی جوامێری کەرکووک، گەورەترین نەبەردییان تۆمارکرد و ڕێگەیان بە تاقم و گروپە تیرۆرستییەکان نەدا بە مەرامە گڵاوەکانی خۆیان بگەن کە ئامانجیان داگیرکردن و خاپوکردنی کەرکووک و قەتل و عامکردنی خەڵکەکەی بوو.
ئەڵبەتە، سەروەری و شانازیی ئه و سەرکەوتنە گەورانەی کە بەسەر گروپ و تاقمی تیرۆرستییەکاندا لە ماوەی شەڕی داعشدا لە کەرکووک بەدەست هات، لە پێشدا بۆ شەهیدان و کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەگەڕێتەوە ئینجا بۆ فەرماندەکانی وەک (شێرکۆ فاتیح شوانی) و لیوا (حسێن مەنسور) و هاوڕێکانیان، کە بە ئازایەتی و جوامێری خۆیان، بوونە قەڵغانی پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک و هەر له و پێناوەشدا گەیشتنە کاروانی نەمران و بوون بە ڕەمزی بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش.
مەخابن! شەوی 29لەسەر 30ی 1ی 2015 (لیوا شێرکۆ فاتیح شوانی) و هەروەها ڕۆژێک دواتریش لیوا (حسێن مەنسور) لە کاتی بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان و پێکهاتەکانی کەرکووک، لەگەڵ پۆلێک لە هاوسەنگەرانیان لە شەڕێکی دەستە و یەخەی زۆر سەختدا بەرامبەر بە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، گەیشتنە دوا مەنزڵگە و، بۆ هەمیشە ماڵئاواییان لێمان کرد!
سڵاو.. لە شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی..!
هەر شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان..!
#ئاسۆ مامەند#
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
#28-01-2020#