16 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە 1ی شوباتی 2004 دا لە کارەساتێکی دڵتەزێن و خوێناویدا، بە پیلانێکی دەستی ڕەشی تیرۆریستان، گەلەکەمان وخەڵکی خۆڕاگری شاری #هەولێر#، لە ناو هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لقی دووی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، ڕووبەڕووی دوو کردەوەی تیرۆریستی خۆکوژی بوونەوە.
ئەم ڕووداوە ترسنۆکانەیە لە یەکەمین ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز لە کاتی خۆشی دەربڕین و جەژنانەی خەڵک، بە هەموو چین وتوێژو پێکهاتە جیاوازەکانەوە، کە بە مەبەستی جەژنە پیرۆزە ڕوویان لە هەردوو بارەگاکە کردبوو ڕوویدا، و خوێنی دەیان سەرکرده و پێشمەرگه و خەڵکی بێتاوان ئاوێتە بوو.
ئەم کارە دژ بە مرۆڤایەتییە بۆ هەموو جیهانی سەلماند کە ئەوان لە تاریکستانەوە هاتوون و دژی ژیاندۆستی و ئارامین، بەڵام خۆشبەختانە لە سایەی یەکڕیزی و لەخۆبوردوویی گەلەکەمان وتەبایی نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکان وسەرجەم پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەوارەی هەرێمی کوردستان جێگیر تر و بەهێزتربووە.
لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستی دەزانین ئه و ڕاستیە دووپات بکەینەوە کە هێشتا هەڕەشه و مەترسی زۆر لە سەر دەسکەوتە سیاسی و مافە دەستورییەکانمان ماوه و بەرژەوەندی گشتی لێمان دەخوازێت هەمیشە یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بپارێزین و قووڵتری بکەینەوە، و خزمەتکردنی هاووڵاتیانی هەرێمەکەمان کاری لە پێشینەمان بێت و ماف و ئازادییە گشتیەکان لە باشترین شێوازیدا بۆ هەمووان فەراهەم بکەین.
لەکۆتاییدا سەری ڕێزو نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کارەساتی 1ی شوبات و خۆڕاگری خانەوادە سەربەرزەکانیان دادەنەوێنین.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی یەکی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
د. #ڕێواز فایەق#
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
#01-02-2020#
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!