دەقی ڕوونکردنەوەکەی #بزووتنەوەی گۆڕان#
1.ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی (2013)ەوە بودجەی بۆ تەرخانکراوەو بەردی بناغەی دانراوەو پێویست بوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو جێبەجێنەکراوە.
2. ئەم پڕۆژەیە لە سنوری کاری وەزارەتی شارەوانیدایە، کە دورە لە کاری ئەو چوار وەزارەتەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی وەرگرتوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی خۆی لە چوارچێوەی کاری حکومەتدا.
3. تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دو بنەما بەشداری ئەم کابینەیەی حکومەتی کردوە، بنەمای یەکەم ڕێککەوتنی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و #پارتی دیموکراتی کوردستان# کە ناوەرۆکەکەی چاکسازیی گشتییە لە بوارەکانی کارگێڕی، دارایی، ئابوریی و سیاسیدا. بنەمای دوەم هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتە، کە سەرۆکی حکومەت لەبەردەم پەرلەمان خوێندییەوە. بۆیە ئێمە وەک تیمی وەزاری بزوتنەوەی پابەندبونی خۆمان دوپات دەکەینەوە بە بەرنامەی چاکسازی و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بە سەرجەم ناوچەکانەوە بەبێ جیاوازی و بە شاری #سلێمانی#شەوە.
4. بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕێی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە لە ڕێکەوتی 13ی کانونی دووەم لە دیدارێکی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت، باسی گرنگی پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری کردوە بۆ شاری سلێمانی و داوای لێکردوە بەزوترین کات ئەو پڕۆژەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچەندە ئەمە لە دەرەوەی سنوری کاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە، بەڵام وەک پێداگریییەک و پشتگیریکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، سەرۆکی حکومەتیش بەڵێنی داوە لە زوترین کاتداو دوای پێداچونەوە بە دەرخستەی پڕۆژەکەدا، پڕۆژەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
5. لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری کە لە ڕۆژی 27-1-2020 بەڕێوەچوو، لە بەشێکی کۆبونەوەکەدا پارێزگاری سلێمانی بە پەرۆشەوە قسەی لە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی کردوە، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کردوە کە لاری نییە، بەڵام ناکرێت لە#هەولێر# بۆ یەک کیلۆمەتر دو ملیۆن و نیو دۆلاری بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام لەوەی سلێمانی بڕی 9 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە. سەرۆکی حکومەت لە کۆبونەوەکەدا وتی ڕازیم ئەگەر دو ئەوەندەی هەولێریش تەرخان بکرێت، بەڵام بۆ نزیکەی چوار ئەوەندە بێت. هاوکات جەختی کردەوە کە هەموو ئەو گوژمەیەی بۆ پڕۆژەکە دانراوە، دەیدەن بەدەرخستەیەکی ڕاست و دروست و ئەوەی زیاد بوو لە پرۆژەیەکی دیکەی سلێمانی بەکاری بێنن.
6.تەمەنی کابینەی نۆیەم و بەشداری تیمی وەزاری گۆڕان تیایدا کەمتر لە 140 ڕۆژی کارکردنە. ئەم ماوەیەش ناکرێت بەراورد بکرێت بە تەمەنی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕابردودا و ناگونجێ تیمی وەزاری گۆڕان بەرپرسیار بکرێ لەو کەمتەرخەمیە.
تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت
#02-02-2020#