دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لە پیسبوونی زیاتری ژینگەی #هەولێر#و ڕایدەگەیەنێت، هەبوونی کارگەو پاڵاوگەی نایاسایی نەوت هۆکاری سەرەکین بۆ پیسبوونی ژینگەی شارەکە، پزیشکێکیش پیسبوونی ژینگە بە هۆکارەی سەرەکی شێرپەنجە دەزانێت و دەشڵێن، پاڵاوگەکان بەرپرسانی حزب و حکومەت سەرپەرشتی دەکەن.
بە پێی ئامارێک کە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 200 پاڵاوگەی نایاسایی نەوت بوونیان هەیە کە زۆرترینیان لە سنوری پارێزگای هەولێر و #سلێمانی#دان.
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەش دووپاتیدەکاتەوە، ئەو پاڵاوگە نایاساییانە کاریگەرییەکی خراپییان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە.
فازڵ عەباس، هاوڵاتیەکی شاری هەولێرەو لەبارەی دۆخی ژینگەی شارەکەیەوە دەڵێت، هەبوونی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە، لەلایەن بەرپرسانی حزب و حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێن، هەر ئەوەش هۆکارە بۆ مانەوەیان لە هەلومەرجێکی ناشەفاف و بێ چاودێری حکومەتدا کار بکەن.
=KTML_Quote_Begin==KTML_Style=width:35%;float:right;=KTML_Quote_Icon=⛔=KTML_Quote_Content=- لە ساڵی 2018دا 5658 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمدا تۆمارکراوە- لەچاو ساڵی پێشتریشدا 667 حاڵەت زیادیکردوو.
- ئاماری نەخۆشخانەی نانەکەلی هەولێریش، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی 2019دا 485 حاڵەتی توشبون بە شێرپەنجە تۆمارکراوە=KTML_Quote_End=
لای خۆیەوە هەندرێن شێخ ڕاغیب، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی ژینگەیدایە و هەمیشە ئێمە وەک دەستە ئەو مەترسیەمان ڕاگەیاندووە کە پێویستە ڕێگا لە بەردەم زۆربوونی مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە بگیرێت.
جەختی لەوەشکردەوە، بەهۆی زۆری ئۆتۆمبێل و کارگە و پاڵاوگە نایاساییەکانەوە، دۆخی ژینگەی هەولێرو هەرێمی کوردستان لە بەردەم مەترسیەکی گەورەی ژینگەدایە.
لە بەرامبەردا دکتۆر سامی ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشی شێرپەنجە و بەڕێوبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان پیسبوونی ژینگەو هەڵمژینی دووکەڵی ئۆتۆمبێل و پاشماوەی کارگەو پاڵاوگە نایاساییەکانە.
هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کرد، یەکێک لە دیارترین ئەو جۆرانەی نەخۆشی شێرپەنجە، کە هاووڵاتیانی هەرێم توشی دەبن، شێرپەنجەی سییەکانە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دوکەڵ و هەواوی پیسەوە هەیە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، ساڵی 2018 پێنج هەزار و 658 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمدا تۆمارکراوە و لەچاو ساڵی پێشتریشدا 667 حاڵەت زیادیکردوو.
بەپێی دوایین ئاماری نەخۆشخانەی نانەکەلی هەولێریش، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی 2019دا نزیکەی 964 کەس بۆ پشکنین سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، لەو ژمارەیەش 485 حاڵەتی توشبون بە شێرپەنجە تۆمارکراوە.
بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتی لیژنەکانی لابردنی پاڵاوگە نایاساییەکان، هێزێکی هاوبەشی تایبەت دروستکراوە، بۆ ئەوەی تەواوی پاڵاوگە نایاساییەکانی هەرێم دابخرێن، ئەوەش پاش ئەوە دێت کە ساڵانێکە بەشێک لە پەرلەمانتاران و ڕێکخراوەکانی ژینگە داوای لابردنیان دەکەن.
ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و سلێمانی و پەرلەمانی کوردستانیش، کۆکن لەسەر داخستنی ئەو پاڵاوگانە و دەڵێن گەر بێت و کاری ئەو لیژنانە بە باشی بەڕێوە نەچێت ئەوا هەڵوێستیان دەبێت.
جگە لە پیسکردنی ژینگە، ئەم پاڵاوگانە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی سوتەمەنی بێ کوالێتین و زۆرینەی سوتەمەنی کوالێتی خراپ لەم پاڵاوگە نایاسییانەدا بەرهەم دەهێندرێن.[1]
#05-02-2020#