جەماوەری خۆڕاگری کوردستان!
لای هەمووان ئاشکرایە کە ناوچەکەو عێراق و کوردستان، بەدۆخێکی هەستیارو چارەنووس سازدا تێدەپەڕێت، یەکێتی ی نیشتمانی ی کوردستان، وەک هەمیشە ئامانجی بەدیهێنانی ئامانجە دەستووری و سیاسی و پیشەییەکانی جەماوەرە، بۆیە:
1- لەسەر ئاستی عێراق، پێکهێنانی حکومەتێک داخوازیەکانی خۆپیشاندەران قبوڵا بکات و کێشە سیاسی و یاساییەکان کۆتایی پێ بێنێ و دژایەتی گەندەڵی و مشەخۆری بکات، وە هەروەها عێراق لەهەر جۆرە شەڕوشۆڕێکی دەرەکی و ئاژاوەیی ناوخۆو تایفەگەری بەهەرپاساوێک بێ، بپارێزێت، پشتیوانی دەکەین.
2- لەسەر ئاستی کوردستان، هێزە کوردستانیەکان پێویستە لەبەر ڕۆشنایی ڕوداوەکان، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەرپرسیارانە ئەنجام بدەن بۆ گەڵاڵە کردنی ئەرکە هاوبەشەکان.
سەبارەت بە بارودۆخەکەش نەخشەڕێگای نوێی پێویست دابڕێژن، ئەو ئەرکانەش لە کوردستاندا، بەندن بەچارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی خەڵک، لەپێشەوەیان پاشەکەوتی مووچە، دژایەتی گەندەڵی، پێشخستنی حکومەت و سیستەمی حوکمڕانی کە سەروەری یاسا و یەکێتی خەڵک و خاک و نەتەوە دەستەبەر بکات.
هاوکات، ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو باقی هێزەکان، کۆتایی پێ بێنێ.
3- لەسەر ئاستی ناوخۆی یەکێتیش:
ئەنجومەنی باڵا، بەئەرکی خۆی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی و تەواوی ئۆرگانەکانی یەکێتی دەزانێت، بڕیارەکانی لەچوارچێوەی پرنسیپە پەسەندکراوەکانی چوارەمین کۆنگرە لە ساغکردنەوەی بڕگەکانی پەیڕەوی ناوخۆدا دوا بڕیاریان لەسەر بدرێت و تەواوی ئۆرگانەکان و هەڤاڵانی یەکێتی دڵسۆزانە پابەندی بڕیارەکان بن.
جەماوەری ئازادی خواز!
ماوەیەکە کێشەی نەوت و غاز پشێوی لەکەسابەت و بازاڕی ئازاد دروست بووە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەو پێیەی پارێزەری سیاسەت و بەرژەوەندی باڵای یەکێتیە بەرنامەو بڕیاری هەیە لەڕێگەی حکومەتەوە، بەزوترین کات لێکۆڵینەوە لەکۆی کێشەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردن و لێپێچینەوەی یاسایی لەوانەی بەرپرسیارن، بکرێ و دەست تێوەردانی لاوەکی لەرێساکانی حکومەت کۆتایی پێ بهێندرێت.
بۆ کۆی ناوەڕۆکی ئەم بەیاننامەیەش ئەنجومەنی باڵا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵا سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و تەواوی حزبە سیاسیە تێکۆشەرەکان ئەنجام دەدات.
ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ک)
#05-02-2020#