دادگای باری کەسێتی بەیەکێک لە پێکهاتەی دادگا شارستانیەکان ئەژمار دەکرێت، ئەم دادگایە دادەمەزرێت لە هەر شوێنێک دادگای بەرایی بوونی هەبێت، دەکرێت بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دادگایەکی باری کەسیەتی بۆ سەیرکردنی جۆرێک یان زیاتر لە داواکان دابمەزرێت.
ئەم دادگایە بە یەک دادوەر گرێ دەدرێت و بەپێی حوکمەکانی یاسا تایبەتمەندە بە سەیرکردنی بابەتەکانی باری کەسیەتی.
دادوەری دادگای بەرایی (موسڵمان) بە دادوەری دادگای باری کەسیەتی دادەنرێت ئەگەر هاتوو دادوەری تایبەت نەبێت.
بابەتەکانی باری کەسیەتی:
ئەو بابەتانەی لەبەردەم دادگای باری کەسیەتی دەبینرێت هەمە جۆرن و پەیوەستن بە خودی کەسەکان، ئەم بابەتانەش لەناو یاسا پەیڕەو کراوەکانی عێراق و بە تایبەتی یاسای باری کەسیەتی ژمارە (188) ی ساڵی (1959) ئاماژەی پێدراوە و هەندێکیان وردەکاری بابەتەکان و حوکمەکانی جێهێشتووە بۆ حوکمە فیقهیەکان لە شەریعەتی ئیسلام و هەندێکی تریان لە نێوان یاسا کارپێکراوەکاندا جێی کراوەتەوە، بەتایبەت یاسای دادبینی شارستانی ژمارە (83)ی ساڵی (1969) و یاسای چاودرێری ناکامەکان ژمارە (78)ی ساڵی (1980) و یاسای باری شارستانی ژمارە (65)ی ساڵی (1972) و یاسای سزاکان بە ژمارە (111)ی ساڵی (1969) و یاسای مافی نیشتەجێبون و مانەوەی ژنی تەڵاقدراو لە ماڵی هاوسەری ژمارە (77)ی ساڵی (1983) و یاسای تۆمارکردنی لەدایکبون و مردوان ژمارە (148)ی ساڵی (1971) و یاسای باری کەسیەتی بیانیەکان بە ژمارە (78)ی ساڵی (1931)و یاسای ونبوەکان لە هەڵمەتەکانی لەناوبردنی بە کۆمەڵی گەلی کوردستان بە ژمارە (3)ی ساڵی (1999)و چەندین یاسا و بڕیاری تر کە ئاماژە دەدەن بە بابەتەکانی باری کەسیەتی.
بەشێوەیەکی گشتی بابەتەکانی بەردەم دادگاکانی باری کەسیەتی کە لە چوار چێوەی تایبەتمەندیدا دەبینرێت خۆی دەبینێتەوە لە:
1- بابەتی وەقفی خێرخوازی یان هاوبەشی و دانان و لێپرسینەوە و لادانی کەسی سەرپەرشتیار لەسەر وەقف.
2- بابەتی سەرپەرشتیاری و سەرکار و ماڵپارێز و ڕاسپاردن و لێپرسینەوەیان.
3- هاوسەرگیری و هەر کاروبارێک کە پەیوەست بێت بە هاوسەرگیری لە مارەیی و بژێوی و ڕەچەڵەک و ئامێزگیری و دایەنی و جیابونەوە و تەڵاق و کاروبارە هاوسەرییەکان.
4- دەستەڵات بەند کردن و هەڵگرتنی دەستەڵات بەندی و سەلماندنی لێهاتوویی.
5- سەلماندنی مردن و میراتگری و دیاری کردنی پشکەکانی میراتی لەبەشنامەی شەرعی و دابەشکردنیان لە نێوان میراتگراندا.
6- ونبون و هەر کاروبارێکی پەیوەست بە کەسی ونبوو.
7- دیاری کردن و ئەژمارکردنی کەسەکان بە شەهید و دەست نیشان کردنی میراتگریان و جێگیر کردنی ماف و ئیمتیازاتیان.
8- بینین و مانەوەی مناڵ لای دایک و باوک.
9- ڕێگەدان بە دەرکردنی پاسپۆرت بۆ مناڵانی خوار تەمەنی (18) ساڵ.
ڕێکارەکانی دادگای باری کەسیەتی.
دادگای باری کەسیەتی هاوشێوەی دادگای بەرایی لە ڕوی ڕێکار و ڕێوشوێنەکان بۆ سەیرکردنی ئەو بابەتانەی لە بەردەمیدان پابەندە بە یاسا کارپێکراوەکانی بواری ڕێکاری و سەلماندن، هەر بۆیە یاسای باری کەسیەتی و یاسای دادبینی شارستانی و یاسای سەلماندن و یاسای تۆمارکردنی لەدایکبوان و مردوان و یاسایی پارێزەرایەتی و یاسای چاودێری ناکامەکان لەو یاسایانەن کە ئەم دادگایە لە بینین و بڕیاردان لە بابەتەکانی بەردەمیدا پشتی پێ دەبەستێت.
دادگای باری کەسیەتی لە ڕێگەی تۆمارکردنی داوا یان داواکاری بەڵگەنامە یان داواکاری ڕێگەپێدان و لە چوارچێوەی مادەکانی (44، 46، 48، 49، 66، 141، 150، 151، 152، 153) لە یاسای دادبینی شارستانی سەیری بابەتەکانی دەکات.
تانەدان لە بڕیارەکان:
دادگای باری کەسێتی پاش دەرکردنی بڕیار لەو بابەتانەی کە دەکەوێتە چوارچێوەی تایبەتمەندی، بڕیارەکانی ملکەچی ڕێگا یاساییەکانی تانەدان دەبێت کە لە مادەی (168)ی یاسای دادبینیدا ئاماژەی پێدراو.
جگە لە ڕێگە تانەی تێهەڵچونەوە (الاستئناف) کە بڕیاری دادگای باری کەسێتی ملکەچی ئەم ڕێگاتانەیە نابێت.
ماوەی تانەدان لە بڕیاری دادگای باری کەسێتی (10) ڕۆژە لەو بڕیارانەی کە بە ئامادەیی یان نائامادەیی دەرچوون، وە ماوەی تانەدان لەو بڕیارانەی کە شیاوی سەرلەنوێ دادبینییە (اعادە المحاکمە) تەنها (15) ڕۆژە، تانەدان لە بڕیارەکان یان لە بەردەم خودی داداکای باری کەسێتی یان لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دەبێت.
تانەدان لە بڕیارەکانی دادگای باری کەسێتی کە لەمادەی (216)ی یاسای دادبینی شارستانیدا ئاماژەی پێدراوە لەبەردەم دادگاکانی پێداچوونەوە دەبێت لە ماوەی (7) ڕۆژدا.
سروشتی بابەتەکانی دادگاکانی باری کەسیەتی:
بەو پێیەی بابەتەکانی باری کەسێتی بەشێکیان پەیوەستە بە حەڵاڵ و حەرام بۆیە ڕێکار و سەلماندن لەوبابەتانەدا جیاوازە لە بابەتەکانی تر.[1]