لە سەرۆکايەتی هەرێمی کوردستان لە #هەولێر#، بە سەرپەرشتيی #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆک، کۆبوونەوەيەکی هاوبەشی لايەنە سياسييەکان، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و فراکسيۆنە کوردستانييەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ساز درا.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی عێراق و هەنگاوەکانی يەکخستنی هەڵوێستی لايەنە سياسييەکان و فراکسيۆنەکان و دامەزراوە فەرمييەکانی هەرێم بۆ چۆنيەتيی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سياسيی عێراق و کوردستان، هەروەها گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوی کردەيی بۆ پێکهێنانی هاوپەيمانيی فراکسيۆنە کوردستانييەکان، تاوتوێ کران.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕينەوە و تێبينيی فراکسيۆنەکان لەسەر چۆنيەتيی مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوە فيدراڵييەکان لە بەغدا و باسکردنی نەخشه ڕێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان لە عێراق، هەمووان کۆک بوون کە پێويستە بە يەکهەڵوێستی مامەڵە لەگەڵ تەواوی پرسەکان بکرێت و هەنگاوی کردەيی بنرێت بۆ پێکهێنانی هاوپەيمانی و پەيڕەوێکی گشتگيری بۆ ئامادە بکرێت کە مايەی پەسەندی هەموو فراکسيۆنەکان بێت.
کۆبوونەوە بە گرنگييەوە دۆخ و پێشهاتەکانی عێراقی خستە بەر باس و جەختی لە پێويستيی گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگيريی ئەمنی و سياسی بۆ وڵات و بەکارنەهێنانی توندوتيژی بەرامبەر بە خۆپيشاندەرانی سڤيل و بەدەنگەوەچوونی داوا ڕەواکانيان لە خزمەتگوزاری و ژيان و ئايندەيەکی باشتر کردەوە.
تەوەرێکی ديکەی کۆبوونەوەکە هەنگاونان بۆ پێکهێنانی کابينەی داهاتووی حکوومەتی فيدراڵی بوو، لەمبارەيەوە ئامادەبووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی بەرژەوەندييە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی قەوارە دەستووری و سياسييەکەی و مافە دەستوورييەکانی گەلی کوردستان و ناوچە کوردستانييەکانی دەرەوەی ئيدارەی هەرێمی کوردستان، بنەمای سەرەکيی هاوبەشی و بەشداريی لايەنە سياسييەکان دەبێت، هەر هەنگاوێکيش بۆ گفتوگۆی پێکهێانی کابينەی تازەی حکوومەت بە هەماهەنگی لەنێوان هەموو لايەنەکان و دامەزراوە فەرمييەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبێت بە شێوەيەک مافەکانی هەرێمی تێدا پارێزراو بێت و سەرجەم لايەنەکانيش بەشداريی کارايان لە دروستکردنی بڕياری هاوبەشدا هەبێت.
کۆبوونەوە دڵنيايی دەداتە گەلی کوردستان بە سەرجەم پێکهاتەکانييەوە کە لە هەر گفتوگۆ و ڕێککەوتنێکدا، مافەکانی هاووڵاتيانی هەرێمی کوردستان لە پێشينەی بنەما نەگۆڕەکانی هەمووان دەبێت.
#11-02-2020#