رۆژی يەکشەممە 16ی 2ی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆک #مەسعود بارزانی# پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەيمانی هێزە عێراقييەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ڕەهەندەکانی ڕەوشی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کراو، لەبەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەکەش، هەردوو لا لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێککەوتن:
1. کارکردن لەگەڵ هەموو هێزە سياسييەکان لەپێناو دەربازبوون لەو تەنگژەيەی ئێستا و بەشداريکردن لە گێڕانەوەی سەقامگيری بۆ بەغدا و پارێزگاکانی ديکەی خوارووی عێراق.
2. پێويستە حکوومەتی داهاتووی عێراق نوێنەرايەتی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکات، لە سەر بنەمای شەراکەتی نيشتمانيی بێت.
3. دەبێ بەرنامەی حکوومەت بە ڕوونی ئاماژە بە ئامادەکاریی بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخته بەزووترين کات، وەک جێبەبەجێکردنی خواستی خۆپيشاندەران و، ئەم بابەتە دەبێ ببێتە کاری لە پێشينەی حکوومەتی داهاتوو.
4. پێويستە بەرنامەی حکوومەتی داهاتوو پلانێکی ڕوون و ئاشکرا لەخۆ بگرێ بۆ گێڕانەوەی شکۆ بۆ دامودەزگەکانی دەوڵەت و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵايەتی و، کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی دەرەکی و، هێشتنەوەی چەک تەنها بەدەست دەوڵەتەوە و، نەهێشتنی دیاردەی چەکدارە نافەرمییەکان.
5. بەردەوامیی کاری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پێناو يارمەتيدانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تيرۆر و زاڵبوون بەسەر پاشماوەی تيرۆريستانی #داعش#دا.
6. کارکردن لە پێناو بەردەوامبوونی پەيوەندیی دوولایەنە ئەویش لەپێناو هەماهەنگکردنی هەڵوێستەکانی هەردوولا و هاوبەشەکانی تر.
#16-02-2020#