یەکێتی ژنانی کورد لە ئەلمانیا لە بارەی هێرشە فاشیستەکەی شاری هاناو لە ویلایەتی فرانکفۆردی ئەلمانیا کە لە ئەنجامدا نۆ کەس گیانیان لەدەستدا، لێدوانێکی بڵاو کردەوە.
لە لێدوانەکەدا هاتووە: دوێنێ ئێوارە لە ئەنجامی هێرشێکی فاشیست لە هاناو نۆ کەس گیانیان لەدەستدا کە کوردیشی تێدایە. ئەم هێرشە فاشیستە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا سێیەمین جارە ئەنجام دەدرێت، ئەوە دەردەخات کە ئەو فاشیزمەی لە ئەلمانیا هەیە لە ناو ڕێکخستنبوونێکی سێ قۆڵی دایە و لایەنێکی، لە ناو خودی دەوڵەتدایە و لایەنێکی دیکەی ڕێکخستنکراو و لایەنێکی دیکەشی تاکەکەسییە.
'دەوڵەتی ئەلمانیا بەرپرسیارە'
تەژەکە-ئەلمانیا هاوکات لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند، پێناسەکردنی ئەم هێرشە فاشیستە وەکو چالاکییەکی تاکەکەسی، شاردنەوەی ڕیکخستنی ئەم ئایدۆلۆژییەیە و بەم شێوەیە باسی لێوە کرا: خودی دەوڵەتی ئەلمانیا، سیاسەت و ئەو قسانەی کە کۆچبەران و بە تایبەت کورد پشتگوێ دەخات، بەرپرسیارە بەرامبەر بەو هێرشەی هاناو. دەوڵەت و حکومەتی ئەلمان، لە جیاتی ئەوەی تیشک بخاتە سەر ئەو فاکتەرانەی دەبنە هۆکاری فاشیزمی ڕاستڕەو، هێرش دەکاتە سەر هێزە چەپ و ئۆپۆزیسیۆنەکان. ئەم سیاسەتی زۆرەملێیە هۆکار و بەرپرسیاری سەرەکییە کە هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا بکوژەکەیان لە هاناو ئاشکرا نەکردووە.
'خۆپاراستن و تێکۆشان بەرفراوان دەکەین'
لە بەردەوامی لێدوانەکەدا هاتووە: ئێمە ناهێلێن فاشیزم لەمناو ئەم کۆمەڵگایەدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر ببێت و ببێت بە شتێکی ئاسایی و ڕۆڵەکانمان لێ بسەنێتەوە. ئێمە وەکو ژنانی کورد لە دژی ئەم شێوە فاشیزمە مۆدێرنەی سیستمی کاپیتالیست و دەوڵەتان، لێرەو و لە هەموو شوێنێک، لە خۆڕاگریدا دەبین. لەسەر ئەم بنچێەیە بانگەوازی ئاڕاستەی گەلەکەمان دەکەین کە لە دژی دڕندایەتیەکەی هاناو بەشداری لە چالاکییەکان بکەن، لە دژی فاشیزم خۆپاراستن و تێکۆشان بەرفراوان بکەن.
'بانگەوازی ئێمە بۆ ئەنجامدانی ڕێپێوان'
ئێمە بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو کوردستانیان دەکەین کە لە ئەمڕۆ بە دواوە بەشداری لە چالاکییەکانی سەرتاسەری ئەلمانیا و ڕێپێوانەکەی دژی فاشیزم لە هاناو بکەن.
لە لێدوانەکەیدا یەژەکە-ئەلمانیا لە بارەی بەروار و شوێنی ڕێپێوانەکە ئەم زانیارییەی بڵاو کردەوە:
شوێن: هاناو
ناونیشانی ڕێپێوانەکە: Paulskirche
کاتژمێر:18:00 بە کاتی ئەوروپا[1]
#20-02-2020#