سەرەڕای بانگەشەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و پاڕانەوەی بەرپرسانی حکوومەتی، لە سەرەوەی هەمووان عەلی خامنەیی ڕێبەری نیزام، خەڵکی کوردستان وڵامی نەرێنییان دا بە هەڵبژاردنی شانۆیی 11یەمین خولی مەجلیس.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و هەروەها بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵکی کوردستان وڵامێکی نەرێنییان بە بانگەشەکانی بەرپرسانی حکوومەت و هەروەها پڕوپاگەندەی نوێنەرانی مەجلیس بۆ هەڵبژاردن دایەوە و کەمترین ڕێژەی بەشداربوونیان هەبووە.
لە زۆربەی شارەکانی کوردستان خەڵک بە کەمی بەشداریی کردووە و تەنانەت لە گوندێکی 3 هەزار کەسی یەک کەس دەنگی داوە.
#کرماشان#؛ بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەشداریکردنی هاووڵاتییانی کرماشانی سەرلەبەیانیی ڕۆژی 2ی ڕەشەمە تەنانەت خوارەوەی 10 لەسەد بووە و دواتر لایەنگەرانی نوێنەرانی مەجلیس دەستیان بە کڕینی دەنگەکان کردووە و بە هەر دەنگێک 100 هەزار تمەنیان دابوو.
کامیاران؛ سەرەڕای بەدواداچوونی هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا، 5 شوێنی دەنگدان چۆڵ بووە و خەڵک بەشداریی لە دەنگداندا نەکردووە.
#سنە#؛ بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، لە شاری سنە سەرەڕای بەشداریی کەمی خەڵک، لایەنگەرانی مەهدی فەرشادان دەستیان بە کڕینی ناسنامە کردووە و هەر ناسنامەیەکیان بە 500 هەزار تمەن کڕیوە. هەروەها لە گوندێکی 3000 هەزار کەسی وەک گوندی تەنگیسەر لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، یەک دەنگ خراوەتە نێو سەندووقی دەنگدان.
#مەریوان#؛ بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، لە شاری مەریوان خەڵک بە کەمی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە و دوانیوەڕۆی ڕۆژی 2ی ڕەشەمە، بۆ هەر ناسنامەیەک 100 هەزار تمەن پارەیان داوە بۆ دەنگدان.
هەروەها، لە گوندی ڕەزاوی #سەوڵاوا#، یەک دەنگدەر هەبووە. بەپێی ئامارەکان، مەریوان، سەوڵاوا و شاری هەورامانی تەخت 200 هەزار دەنگدەری هەیە، بەڵام بەپێی ئامارە بڵاوبووەکان حکوومەت، زۆرترین بەربژێری ئەو شارە 7 هەزار دەنگی هەبووە.
شارەکانی #جوانڕۆ#، پاوە، ڕوانسر و سەلاسی باوەجانی کە دەنگدەرانیان دەگاتە 165 هەزار کەس، ڕێژەی خەڵک لە دەنگدان و چوونە سەر سەندووقی دەنگدان زۆر کەم بووە.
#شنۆ#؛ بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، سەرەڕای هێنانی ژمارەیەک لە هێزە نیزامییەکان لە سێڕێیانی سەرگیز و حەسەن نووران، زۆربەی هەر زۆری بنکەکانی دەنگدان چۆڵ بووە و تەنانەت دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەت لە گوندی بالاگیر، لە ترسی گاڵتەپێکردنی هاووڵاتییان ڕۆیشتوونەتە گوندەکانی دەوروبەر بۆ دەنگدان.
#پیرانشار#؛ بەپێی وێنەیەک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو بووەتەوە، لە گوندی دێڵزێی ئەو شارە، تەنیا چاوەدێری سەندووقەکان دیارە و تەنانەت نێو سەندووقەکە بەپێی وێنەکەی، کەمتر لە چەند دەنگی تێدایە.
#سەردەشت#؛ هەروەها بەپێی هەواڵێک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کرابووەوە، لە گوندێکی 3 ماڵی لە شاری سەردەشت، 129 دەنگ دراوە کە ئەمەش نیشانەی ساختەکاری و پڕکردنەوەی سەندووقەکانی دەنگدان بووە.
هەروەها لە هەندێک لە گوندەکانی کرماشان، خەڵکی گوندەکان پێشیان بە مەئموورانی حکوومەتی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ گرتووە و ئیزنی چوون بۆ نێو گوندەکانیان بە مەئمووران نەداوە.
#سەقز# و بانە؛ لە سەقز سەرەڕای کەمیی بەشداریی هاووڵاتییانی ئەو شارە لە دەنگدان، تەنانەت لە نێوان لاینگەرانی یەکێک لە بەربژێرکان و لایەنگەرانی موحسین بیگلەری شەڕ و دەمەقاڵێ لەسەر دەنگدان هاتووەتە ئاراوە و هەروەها لە بانە سەرەڕای چۆڵبوونی بنکەکانی دەنگدان، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەنانەت چاوەدێرانی سەر سەندووقەکان و مەئمووران لە خەڵک دەپاڕانەوە کە دەنگ بدەن.
هەروەها، گوندی واژە هەڵکەوتوو لە نێوان بانە و #بۆکان# کە بە تەواوەتی چۆڵ و خاپوور کراوە، 270 دەنگیان بۆ ئەژمار کردووە.[1]
#22-02-2020#