#وەزارەتی دارایی# بڕیاریدا بە خەرجکردنەوەی دەرماڵەی شوێنی جوگرافی و خەرجکردنەکەش بەپێی چەن ڕێنماییەک دەبێت کە لە نۆ خاڵدا بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی ڕێنمایی ژمارە 7ی وەزارەتی دارایی و ئابووری، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دیراسات و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ژمێریاریی وەزارەتەکەوە دەرچووە و ئاراستەی گشت وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە، ئاماژە بە خەرجکردنی دەرماڵەی شوێنی جوگرافی کارمەند و فەرمانبەران دەکات.
بڕیارەکەش لە 1-1-2020ەوە جێبەجێدەکرێت، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان.
رێنماییەکەی وەزارەتی دارایی، ژمارە 9/4/2324ی بەسەرەوەیە و لە 25-2-2020 دەرچووە و واژۆی ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی بەسەرەوەیە و تێیدا هاتووە، ئاماژە بە کۆنووسی لیژنەی دەرماڵە ژمارە 3 لە 10-11-2012 و پاڵپشت بە یاسای مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ ژمارە 22ی ساڵی 2008 و خاڵی پێنجەمی ڕێنمایی ژمارە 21ی ساڵی 2008 پێتان ڕادەگەیەنین، کەوا دەرماڵەی شوێنی جوگرافی بەم شێوەیەی خوارەوە خەرجدەکرێت؛
1- بڕی 60 هەزار دینار بۆ ئەوانەی لە شوێنە دوورەکان کار دەکەن.
2- بڕی 50 هەزار دینار بۆ ئەوانەی لە لادێکان کار دەکەن.
3- بڕی 40 هەزار دینار بۆ ئەوانەی لە سەنتەری ناحیەکان کاردەکەن.
4- بڕی 30 هەزار دینار بۆ ئەوانەی لە سەنتەری قەزاکان کاردەکەن، جگە لە قەزاکانی سەنتەری پارێزگاکان.
5- بڕی 20 هەزار دینار بۆ ئەوانەی لە سەنتەری پارێزگاکان کار دەکەن، جگە لەوانەی گواستنەوەی بەخۆڕایی دەیانگرێتەوە.
6- هەر فەرمانبەرێک سوودمەند بێت لە (گواستنەوەی بەخۆڕایی) مافی پێدانی دەرماڵەی شوێنی جوگرافی نییە.
7- دەبێت لایەنی کارگێڕی و خۆیەتی فەرمانگە، مانگانە فەرمان بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەربکەن، کە ئۆتۆمبێلی میری یان کرێی هاتووچۆ دەکەن و بەرپرس دەبن لە خەرجکردنی ئەم دەرماڵەیە.
8- کار بە هیچ ڕێنماییەکی تر ناکرێت.
9- ئەم ڕێنماییە جێبەجێدەکرێت لەدوای بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائعی کوردستان.[1]
#26-02-2020#