لەپاش ڕاسپاردنی بەڕێز محەمەد عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی تازەی عێراق لە چەند میدیایەکی عەرەبی و کوردی وا بڵاو بووەتەوە کە گوایە جەنابی سەرۆک بارزانی لەبەر کێشەی کەسی و دانانی هەندێ کەسی نزیک لە خۆی بۆ وەرگرتنی وەزارەتەکان کێشەی لەگەڵ بەڕێز عەللاوی و پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی تازەدا هەیە.
لێرەدا بە گشت لایەک ڕادەگەیێنین کە ئەم بابەتە هیچ بنەمایەکی نییە و سەرۆک بارزانی تێبینی لەسەر شێواز و بەرنامەی کاری عەللاوی و میکانیزمی دیاریکردنی کاندیدەکان هەیە بۆ پۆستە وەزارییەکانی حکوومەتی عێراق. ئەو شێواز و میکانیزمە ڕەچاوی ماف و داواکاریی پێکهاتەکان و تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان ناکات و بە دڵنییاییەوە دەبێتە هۆی قووڵتربوونی قەیرانە سیاسییەکانی عێراق.
بەلای سەرۆک بارزانییەوە ناوی کەسەکان ئەولەوییەت نییە بەڵکو ئەوەی گرنگە پابەندبوونی هەموو لایەکە بۆ ئەوەی بنەماکانی شەراکەت و هاوسەنگی و تەوافوق لە پڕۆسەی سیاسی و حکوومەتی داهاتوودا ڕەچاو بگیرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا هەروەک چۆن هەندێ لایەن بەڕێز عەللاویان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کردووە، هەرێمی کوردستانیش مافی خۆیەتی کاندیدی بۆ پۆستە وەزارییەکان هەبێت و پێویستە ڕێز لەو مافەی هەرێمی کوردستان بگیرێت.
بارەگای بارزانی
#26-02-2020#