پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (#پژاک#) لەبارەی هەواڵی ئاگرکەوتنەوە لە دورگەی ئیمڕالی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، گەلەکەمان دەبێ زۆر وریابێ کە داگیرکەرانی کوردستان لە قوناخە جیاجیاکانی مێژوودا ڕێبەرانی ئەم گەلەیان شەهید خستوو و بەو ڕەنگە هەوڵیان داوە گەلی کورد بێ پێشەنگ بهێڵنەوە.
پژاک وتیشی، بەو شێوەیەی کە ساڵی 1999 بەڕژانە سەر شەقام ڕۆڵێکی سەرەکەیان هەبوو لە پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆیش بە هەمان هەستەوە لە ڕێبەری گەلەکەمان خاوەنداری بکەن.
راگەیەنراوی پژاک بەم شێوەیەیە:
تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئۆجالان توانیویەتی ببێت بە سەرچاوەی هیوا بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. لە هەمانکاتدا بوەتە هۆی برووژانەوەی بزاڤی سۆسیالیست لە هەموو جیهان. بەو ڕادەیە کە تەڤگەری ئازادی خوازی پەرەی سەندوە بە هەمان ڕادەیش لە لایەن دژبەرانەوە ڕێبەری ئەم تەڤگەرە بووەتە ئارمانجی هێرشەکانیان. گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئۆجالان لە ساڵی 1999 بە بەشداری زۆرێک لە زلهێزانی جیهانی و دەوڵەتانی هەرێمی پێشکەوت هەنگاوێک بوو بۆ کپکردنی ئەو دەنگە ناڕازیانە کە دژی سیستەمی سەرمایەداری بەرز دەبوونەوە. بەڵام تێکۆشانی ئایدولۆژی ڕێبەر ئوجالان لە زیندانی ئیمڕاڵی هەموو پلانی پیلانگێڕانی تێکدا، نەتەنیا نەیانتوانی ئەو دەنگە کپ بکەن بەڵکو ئەمڕۆ بە ئاواکردنی سیستەمی خۆڕێوەبەری دیمۆکراتیک لە سەر بنەمای نەتەوەی دیمۆکراتیک لە ڕۆژئاوا بووەتە جێگرەوە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیڕانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە چەندین سەدەیە بە چەق بەستوویی ماونەتەوە. سیستەمی سەرمایەداری و هاوتەریب لەگەڵ تۆرکیا لەم چەند ساڵەی دوایی هەوڵیانداوە ڕێبەر ئۆجالان تەسلیم وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن بەو ڕەنگەی کە دەیان هەوێ ڕۆژهەڵاتی ناوین دابڕێژنەوە و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد کە ئەمڕۆ لە سێبەری فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بوەتە ئاکتەرێکی کاریگەر لە ململانێیەکانی هەرێمەکە تێک بدەن وگەلی کورد دەستەمۆ بکەن و بیخەنە ڕەوشی گوێڕایەڵ بوون.
رێبەر ئۆجالان بە دەیان جار سەبارەت بەم یەکە هۆشیاری داوە کە مەزنترین شەڕ ئەمرۆ لە ئێمڕالی بەڕێوە دەچێت. بە چەندین جار دەوڵەتی تورکیە کاتێکە نەیتوانیوە ڕێبەر ئۆجالان تەسلیم وەربگرێت هەوڵی داوە بە شێوازی فیزیکی لەنێوەی بەرێت. ساڵی 1996 لە سووریە بە ڕێگای بۆمبی یەک تۆنی هەوڵی تیرۆری ڕێبەر ئۆجالانی دا. هەروەها ساڵی 2006 بە ڕێگای ژەهر هەمان هەوڵی داوە. یان دەنگۆی شەهید بوونی ڕێبەری بڵاو کردۆتەوە. تاکە هۆکارێک کە لە بەرامبەر پیلانگێڕی دەسەڵاتدارانی کوردستان بوەتە لەمپەر و پلانەکانی تێک داون و چۆکی بە داگیرکەران هێناوە هەڵویستی گەلی کورد و هێزی دیمۆکراتیک بوو. ئەمڕۆیش دیسان دەوڵەتی تۆرکیە کە لە پلانەکانی خۆی لە سووریە و ڕۆژئاوا تووشی شکست بوو هەوڵی دا ڕێبەر ئۆجالان تەسلیم بگرێت بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئاگر کەوتنەوە لە ئیمرالی هەموو نیگاکانی گەلی کورد و هەموو هێزە دیمۆکراتیکەکانی جیهانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە. بۆیە پێویست دەکات هەتا ڕوون بوونەوەی ڕەوشی ئێمرالی گەل لەسەر شەقامەکان بێت و هەڵوێست نیشان بدات و گووشار بخرێتە سەر دەوڵەتی تورکیە تاکوو پارێزەران لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان چاوپێکەوتن بکەن. گەلەکەمان دەبێ زۆر وریابێ کە داگیرکەرانی کوردستان لە قوناخە جیاجیاکانی مێژوو ڕێبەرانی ئەم گەلەیان شەهید خستوو و بەو ڕەنگە هەوڵیان داوە گەلی کورد بێ پێشەنگ بهێڵنەوە. بە پشتگیری کردن لە ڕێبەری شۆڕشی نوێ کوردستان دەبێ نەهێڵین مێژوو دووپات بێتەوە. ڕێبەر ئۆجەلان لە شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر دەم هیوایەکی مەزن بووە. بەو ڕەنگەی کە ساڵی 1999 بەڕژانە سەر شەقام ڕۆڵێکی سەرەکەیان هەبوو لە پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆیش بە هەمان هەستەوە لە ڕێبەری گەلەکەمان خاوەنداری بکەن.[1]
#28-02-2020#