32 کەیسی دەستدرێژی و لاقەکردنی منداڵ لە هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵدا (2018 و 2019) تۆمار کراون و هەموویان لە سنووری #هەولێر# و #دهۆک#دا بوون و پارێزگاکانی #سلێمانی# و #هەڵەبجە# تۆماریان پاکە، کەیسی دەستدرێژییەکانیش 22یان بۆ سەر کوڕ و 10یان کچ بوون، کە تەمەنیان 9-13 ساڵن.
دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی تەمەن حەوت ساڵ لە هەولێر، یەکێکە لەو کەیسانەی تۆمار کراوە، بەڵام ئازادکردنی تۆمەتبارەکان و هەڕەشەکردن لە باوکی کچەکە، جارێکی دیکە ئەو بابەتەی هێنایەوە بەرباس و شەقامی جوڵاند، بە جۆرێک حکومەت و هەندێک لایەنی پەیوەندیداری بە دەنگ هێنا، بەڵام دوا شوێنی بەدەنگهاتوو وتەبێژی حکومەتی هەرێم بوو کە شەوی 21-22-02-2020 ڕایگەیاند، کە هەر پێنج تۆمەتبارەکەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر لاڤان لوقمانی تەمەن حەوت ساڵ، دەستگیر کراونەتەوە.
=KTML_Quote_Begin==KTML_Style=width:35%;float:left;=KTML_Quote_Icon=📊=KTML_Quote_Content=لە ساڵی 2018دا 19 حاڵەتی دەستدرێژی و لاقەکردنی منداڵ لە هەرێم ڕوویان داوە و زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، لە ساڵی 2019ش 13 حاڵەت لە هەرێم تۆمار کراوە.
شلێر عەبدوڵڵا، وتەبێژی تۆڕی هێما وتی: ״لەو 32 حاڵەتی دەستدرێژییەی تۆمار کراون لە هەرێم، زۆرترینیان لە هەولێر و دەوروبەری بوون، کە زۆربەیان منداڵی 9 ساڵ بۆ 13 ساڵ بوون و 22یان کوڕ و 10یان کچ بوون.״=KTML_Quote_End=
ڕۆژی03-04-2019 لاڤان لوقمان لە گەڕەکی ژیانی هەولێر لە کاتی گەڕانەوەی لە خوێندنگەوە بۆ ماڵەوە ڕفێندرا و لە لایەن چەند کەسێکەوە کە وتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیران بە (5) کەس ناوی بردوون، دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر و بەجێیان هێشتووە، بەڵام تۆمەتبارەکان بە کەفالەت ئازاد کراون، بەو هۆیەوە باوکی لاڤان بێدەنگیی شکاند، بە جۆرێک ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هێزێکی سیاسیی وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کۆبوونەوە و بەلاغی ڕەسمیی خۆیدا لە خاڵی سێهەمدا ئیدانەی ״ئەو تاوانە قێزەونە کۆمەڵایەتییانەی لە هەولێر ڕوو دەدەن״ دەکات و ئەمەش ئێدانەی دیکەی لە جێگری سەرۆکوەزیران و فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتیی و کۆمەڵ لە پەرلەمان و دواهەمیشیان وتەبێژی حکومەتەوە لێ کەوتەوە.
لوقمان عوسمانی، باوکی لاڤان وتی: ״سەرەتا بۆ ئەوەی تاوانەکە ئاشکرا نەبێت زڕدایکی کچەکە جلوبەرگی منداڵەکەی لە خوێن پاک کردووەتەوە، بەڵام هەندێک خوێن بە جلەکەوە هەر مابوو، ئەو کەسانەش کە تاوانەکەیان ئەنجام داوە ئازاد کران و پشتئەستوورن بە هەندێک بەرپرسەوە״.
״ئەو کاتەی ئەو ڕووداوە ڕووی دا لاڤان پۆلی دووهەمی سەرەتایی بوو، بەڵام ئێستا بە هۆی ئەو تاوانەوە لە خوێندن بێبەش بووە״، لوقمان وای وت.
بە گوێرەی ئەو ئاماری تۆڕی هێما بۆ بەرژەوەندیی تاک، لە ساڵی 2018دا 19 حاڵەتی دەستدرێژی و لاقەکردنی منداڵ لە هەرێم ڕوویان داوە و زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، لە ساڵی 2019ش 13 حاڵەت لە هەرێم تۆمار کراوە.
شلێر عەبدوڵڵا، وتەبێژی تۆڕی هێما وتی: ״لەو 32 حاڵەتی دەستدرێژییەی تۆمار کراون لە هەرێم، زۆرترینیان لە هەولێر و دەوروبەری بوون، کە زۆربەیان منداڵی 9 ساڵ بۆ 13 ساڵ بوون و 22یان کوڕ و 10یان کچ بوون.״
بە گوێرەی ئامارێکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، لە ساڵی 2019دا 47 سکاڵا لە دادگاکانی هەرێم لەسەر دەستدرێژیی سێکسی تۆمار کراون، لە ناویاندا 7 حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان هەبووە، چواریان لە هەولێر و سێ حاڵەتیش لە دهۆک تۆمار کراون و لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە.
هەر بە پێی ئەو ئامارانە تەنها لە ڕۆژی14-04-2019 دوو حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە هەولێر تۆمار کراوە، پێشتر و دوای ئەوەش دوو حاڵەتی دیکە هەبووە، بەشێک لە دەستدرێژییەکانیش بە کوشتن کۆتاییان پێ هاتووە، وەک ئەوەی لە 7ی ئایاری 2019 لە پارێزگای دهۆک 3 حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان ئەنجام دراون و بەو هۆیەشەوە یەکێکیان گیانی لە دەست دا، کە کچێکی تەمەن 10 ساڵ بوو بە ناوی دلین، تۆمەتباری ڕووداوەکەش لە لایەن دادگاوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی #دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان# وتی: ״چەند کەسێک لەسەر ئەو تۆمەتانە دەستگیر کراون، بەڵام زۆربەی کات بە هۆی ئەوەی گێچەڵی سێکسی لە لایەنی کۆمەڵایەتییەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، خێزانی قوربانییەکان پەردەپۆشی دەکەن و سکاڵا تۆمار ناکرێت״، گۆمەشینی وای وت.
ئەو کەسانەی تاوانی دەستدرێژیی سێکسی ئەنجام دەدەن، بە پێی ماددەی 393ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 سزا دەدرێن، کە 10 ساڵ زیندانی تا زیندانیی هەمیشەیی و لەسێدارەدانە و لێبووردنی گشتیش نایانگرێتەوە.
ڕێبین سەباح، پارێزەری تایبەتی لاڤانی تەمەن 7 ساڵ بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەوانەی بە تۆمەتی دەستدرێژیکرنە سەر لاڤان دەستگیر کرابوون بە کەفالەت ئازاد کران، ئەوەش پێشێلی یاسایە، چونکە ئەو کەسانەی دەستدرێژیی سێکسی ئەنجام دەدەن و ماددەی 393ی یاسای سزادانی عێراقی دەیانگرێتەوە نابێت ئازاد بکرێن.״
لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی دەستدرێژیی سێکسی، تەندروستییش ڕۆڵی لە لێکۆڵینەوەدا هەیە کە پشکنینە.
محەمەد قادر، وتەبێژی #وەزارتی تەندروستی#ی حکومەتی هەرێم بۆ ״ئاژانس ״دەڵێ: ״پشکنینی تەندروستیی (DNA) بۆ ڕزگاربووان دەکرێت بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران لە داهاتوودا، چونکە لە کاتی هەر حاڵەتێکی دەستدرێژی، کۆمەڵێک نیشانە لە نزیکی ئەندامی زاوزێی ڕزگاربووەکە دەمێنێت، وەک نینۆک، خوێن، تۆو و موو.״.[1]
#28-02-2020#