هاووڵاتیانی بەڕێزی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕایگشتی جیهان، وەک ئاگادارن و لای هەمووان ئاشکرایە دوا بەدوای ئەو جەنگ و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەی ئودل لەسوریا لەنێوان هێزەکانی تورکیا و سوپای سوریا و ڕووسیا ڕوویداوە، حکومەتی تورکیا سنوورەکانی کۆچی نایاسایی بەرەو ئەورووپای بۆ کۆچبەران کردۆتەوە کە وەک کارتێکی فشار بۆ سەر ئەوروپاو هاوپەیمانی ناتۆ بەکاری دەهێنێت هەموو لایەک درک بەوە دەکەین کە زیاتر لە چوار ملیۆن پەنابەر نیشتەجێی وڵاتی تورکیان و و سەدان و هەزاران ئاوارەی دیکەی سوریاش ڕوو لەو ووڵاتە دەکەن بەڵام هەزاران پەنابەریش لەناو خاکی تورکیاوە بەرەو ئەوسنوورانە ڕۆیشتوون و کۆچ دەکەن. بۆیە لەم کاتەدا زۆر بە پێویستی دەزانین لەمەڕ ئەو مەترسیانە ئاگادارتان بکەینەوەکە:
1- ئەم بڕیارەی حکوومەتی تورکیا کارتێکی فشاری سیاسییە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت لە بڕیارەکەی پاشکەزبێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردابێت و لەزیانی پەنابەران بشکێتەوە.
2- کردنەوەی ئەم سنوورانە مانای ڕێگەدان بە کۆچ نییە و لەو چوارچێوەیەدا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەت یۆنان و بولگاریا ڕێکاری زۆر توندیان گرتووەتە بەر و ڕێگا بە دەربازبوونی کۆچبەران بەئاسانی نادەن.
3 - لەم کات و ساتەدا کەشوو هەوا نالەبارە و سەرماو سۆڵەیە و دۆخەکە بۆ کۆچبەرەکان زۆر دژوارەوە تێکەڵ بوون لەگەڵ خەڵکانی دیکە مەترسییەکی جددییە بۆسەر ژیانی خۆتان و کەسوکارتان بەتایبەتی توشبوون بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە پەتایەکی کوشتندەو بەربڵاوی جیهانییە لەئێستادا.
4- لە ئەگەری دەربازبوونیشدا، هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە وڵاتانی ئەوروپا زۆرینەی ڕەهای کەیسی پەنابەران ڕەتدەکەنەوە و ئەگەری وەرگرتنی ئیقامە ئێجگار کەمە.
5- ئەم لێشاوە هەلێکی زێڕینە بۆ ئەو قاچاخچی و گروپ و باندە چاوچنۆکانەی کە ژیانی کۆچبەران لەلایان هیچ بایەخێکی نییە، تاکو لەپێناو بەدەستهێنانی پارە و ساماندا، ژمارەیەکی ئێجگار زۆری کۆچبەر بخەنە ناو یەختی کۆن و تێکشکاو، کە سەرەنجام کارەساتی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە.
6- داواکارین لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەهەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکەن و نەبنە هۆی هاندانی هاووڵاتیان بۆ کۆچ کردنیان لەم کات و ساتەدا کە ناوچەکە و جیهان بەقۆناغێکی ئاڵۆزی سیاسی و سەربازی و تەندروستیدا تێپەر دەبێت.
بۆیە دەزگای لوتکە بە ئەرکی خۆیی دەزانێت هەموو لایەک ئاگادار بکاتەوە لە مەترسییەکانی کۆچ و داوا لە هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز دەکەین بەتایبەت لەم دۆخە هەستیار و نالەبارەدا، بە هیچ جۆرێک بیر لە کۆچی نایاسایی نەکەنەوە، تا ئەو کاتەی بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و کەیسی پەنابەران وەک کەیسێکی مرۆیی و ئەخلاقی سەیردەکرێت نەک کەیسێکی سیاسی و بەرژەوەندی تاک لایەنە و بەکارهێنانی وەک کارتێکی فشار.
#دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران#
#29-02-2020#